بروکسێل: بەشێک لە وتەکانی کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیHSK لە کۆبوونەوەیKNK

تا ئەو کاتەی ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوچەکە دا و بە تایبەتی کێشە و ناکۆکی لە نێوان داگیرکەرانی کوردستاندا بەردەوام بێت، شانس لە گەڵ کوردە و دەرفەتی بۆ دەڵوێ و پێویستە کەڵکی لێوەربگرێت.

پێویستە لەوەها هەلومەرجێک دا هێز و لایەنە ڕزگاریخوازیەکانی نەتەوەکەمان قامەت بەرز بکەنەوە و بپڕژێنە سەر ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد و بەم هەنگاوە ڕێگەی ئاسۆی ڕزگاریی یەکجاری بۆ گەلەکەمان کانکرێت بکەن.

پێویستە لە بیر نەکەین کە دوژمن نابێ دەرفەتی حەسانەوە و پشوودانی پێ بدرێت، هەر وەک چۆن لە سەدان ساڵی پێشوو دا ئەوان ئێمەیان لە هەموو مافێک بێبەش کردووە،ئێمەش نابێ ئیزن بدەین لە بواری ئەمنیەوە ئەوان سەقامگیری بە خۆیانەوە ببینن.

ئەو چەند جەمسەریەی کە ئیمڕۆژ خەریکە خۆی زیادتر دەرئەخا خاڵی هاوبەشی دژەکوردی بۆ داگیرکەرانی کوردستان گەلێک زۆر تێدایە.

هێمنی، تلۆڕانس و لێکتێگەیشتن و پێکگەیشتنی داگیرکەرانی کوردستان چ لە بواری سیاسی و ئابوری و نیزامی دا ، بێگومان لە سەر حیسابی ئێمەی کورد تەواو دەبێت و پاساو هێناویەک کە زۆر جار دەبیسترێت ئەوەیە کە ئەگەر لە ناوچەکە دا ئارامی هەبێت ئەوە پشکێکی خێر و مەند بەر کورد بە گشتی دەکەوێت، ناڕاستە لە حەقیقەت و لە ڕاستیدا وا نییە و مێژوو پێچەوانەی ئەوەی سەلماندووە.

هەر کات لە ناوچەکە دا هێمنی و ئارامی سەقامگیر بووە ئەوە دوژمن زیاتر گاڕانتی مانەوەی وەرگرتووە و لە ناو ئەو ئارامیەی ناوچەکە دا داگیرکەرانی کوردستان پێکەوە و بە پاڵپشتیی یەکتر ئاگریان خستۆتە ناو ماڵی کورد و بۆ ئەم ڕاستیە حاشاهەلنەگرەش بەڵگە زۆرن.

ئەگەر نەبێتە گوناح و تاوان و نەخرێتە خانەی خەتا، ئەبێ بڵێم مێژووی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد دا ئەرکێکی مەزن و گەورەی لە ئەستۆیە ، چونکە هیچ کاتێک بە ویژدان و ئینسافەوە ئاماژەی بەو هەموو بێ دەرەتانی و نەهامەتیەی بە سەر کورد دا هاتووە، نەکردووە.

بە داخەوە ئێمەی کورد هەر لە کۆن و لە دێرزەمانەوە وەک پاروو یا لوقمەیەکی چەور و ئامادە لە سەر سفرە و خوانی دوژمنانی سوێندخواردووی گەلەکەمان نەمایش کراوین و نەهێڵراوە چاو بکەینەوە و خۆمان بناسین ، سەرکوت و بێبەش کراوین ، پێناس و شوناس و ناسنامەی ئەهریمەنیان بۆ دەرکردووین و جارێک پێیان وتووین ئێرانی، عێڕاقی، سووری و تورکیەی و جارێک پێیان وتووین جنۆکە، شەیتان و کافر و هەزاران ناو و ناسنامەی تر …

بمێنێ کە چەندەشی خەتا و تاوانەکەی لە خۆمانەوە و زۆر جار لە بێ تواناییمانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەنگە لە ئێستا دا بڕیاردان و قەزاوەت لە سەر سەردەمی پێشوو زۆر واقعبینانە نەبێت.

ئێمەی کورد لە ڕاستیدا لە هەموو ئارامی و ئاسایش و ئاسوودەییەک کە خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی هەرە گرینگی بەرهەم هێنانی سەقامگیری ، ئیستقرار و شارستانیەتە ، بێبەش کراوین و لەم ناوەش بۆ خۆمان وەک کورد کەمتر پڕژاوینەتە سەر هەوراز و نشێویەکانی خەبات و دەرفەتە ڕەواکانی خۆمان، هەر بۆیە نەوەکانی یەک لە دوای یەکی گەلەکەمان تووشی شکست و ناهومێدی بوون و دوژمن لەو کەلێنەوە کە هەمیشە ویستوویەتی ، خۆی بە ژوور و ماڵی کورد دا کردووە و زۆربەی جاریش پێی لە بەڕەی خۆی زۆر زیاتر ڕاکێشاوە و تەنانەت نەک وەک بێگانە و داگیرکەر و دز خۆی نیشان نەداوە بەڵکوو وای خۆ نواندووە کە ئەو لە ناو ماڵی ئێمە دا خاوەن ماڵە و ئێمە لە ماڵەکەی خۆمان دا بێگانەین.

دەبێ ئەو ڕاستیە قەبووڵ بکەین کە ئەمە لە نزمی دیواری ماڵەکەی ئێمەیە کە دوژمن لە ئاستمان دا سەری بەرز دەکاتەوە و بە چاوی خاوەن ماڵیەتیەوە دەڕوانێتە حەوش و ماڵەکەی ئێمە.

بە پێی هەموو هەڵسەنگاندنێک، دەبێ ئەمڕۆ ئەم ڕاستیە قەبووڵ بکەین کە هەم تورکیە و هەم ئێران و عێڕاق و سووریە وەک داگیرکەری خاکی کوردستان و وەک دوژمنی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمان، ئامانج و نییەتیان سڕ کردن و لە ناو بردنی پرسی کورد لە تەواویەتی خۆیدایە و ئەوان دەیانهەوێ هەموو جووڵەیەکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد خاشەبڕ و بنەبڕ بکەن.

زات و نییەت و باوەڕی ئەردۆغان و هاوبیرەکانی کۆتایی هێنانە بە پرسی کورد، کاتێکیش باس لە پرسی کورد دەکرێ تەنیا مەبەست لێی قەندیل و پەکەکە نییە و لە ڕاستیدا تەواوی جوگڕافیای نەتەوەی کوردە کە بۆ ئەردۆغان بۆتە مەژغەڵەی فکری.

هیچ دوور نییە و نابێ گومانمان هەبێت کە لە نێوان دەوڵەتانی داگیرکەری خاکی کوردستان دا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ لە ناو بردن و تاواندنەوەی پرسی کورد لە ئارا دایە .

هەماهەنگی هێرشەکان بە ڕواڵەت بۆ ئەمنیەت و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پێناسەی بۆ دەکرێ، بەڵام مەنتق و لۆژیک و بە پێی ئەزموونێک کە کورد لەو بارەوە هەیەتی ، ڕاستی شتێکی ترە و ئەویش ئەوەیە کە تورکەکان بە پشتیوانیی ئێرانی و سووری و عێڕاقیەکان خەریکن پیلان بۆ لە ناوبردنی جوگڕافیای خەون و ئاواتەکانی کورد دادەڕێژن.

هێرش و پیلانی ئەم جارە ، جیاوازتر نییە لە پلان و پیلانەکانی تری دوژمنانی نەتەوەکەمان و هەر جارێک کە کورد توانیویەتی دووبارە وەک ژیلەمۆی ئاگر لە ژێر خۆڵەمێش سەرهەڵداتەوە و درێژە بە ژیان و خەباتی خۆی بدا، ئەوان هەوڵی کووژاندنەوە و لەناو بردنیان داوە.

کورد ئەمڕۆ لە ژێر ئاگربارانی داگیرکەران دایە و دەسوتێندرێ، ئێمەش وەک کورد کەم نەسووتێندراوین، بەڵام سووتان سووتانە و نابێ عادەتی پێ بگرین و ڕەوایی پێ بدەین .
لە پێوەندی بە دۆخی کورد دا ئێمە نابێ چیتر مەزلووم نەمایی بکەین و سەبارەت بە خاڵە گرنگ و چارەنووسسازەکان کە زۆر گرینگ و ئیستراتیژیکن ، بە هێزەوە بڕیار بدەین.
هەر کات شانس ویستوویەتی یاری کورد بێ بە داخەوە کورد خۆی بە دەستی خۆی دەستی ڕەتکردنەوەی بە سینگی بەختەوە ناوە و بە سەرلێشێواوی بۆ ناکوجائاباد و نادیار هەنگاوی هاویشتووە و بۆ پاساو هێنانەوەش بۆ ئەم نازانم کارییە و بۆ حەشاردانی و شاردنەوەی ئەم لاوازییە نەتەوایەتییە پەنای بۆ شەڕی خۆبەخۆ و ناوخۆیی یان ملکەچکردن و گوێڕایەڵی بۆ دوژمنان بردووە.

بە پێی هەموو لێکدانەوە و مەنتقێکی سیاسی و ڕامیاری، هەر نەتەوەیەک نەتوانێ کەڵکی دروست لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان وەربگرێ و بیهەوێ پرەنسیپە نەتەوەییەکان بکاتە قوربانی، ئەوە لە گەڵ شکست و نەمان و داڕمان بەرەوڕوو ئەبێتەوە.

زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان و نەتەوەکان لە گەڵ قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و … دەستەویەخەن، بەڵام پێویست و لازمە کە بە دەستی خۆمان ، خۆمان تووشی قەیرانی مەشڕووعیەت و ڕەوایی نەکەین کە مەخابن ئێمەی کورد سەرباری تەواوی قەیرانەکان، زۆر جار خۆمان تووشی قەیرانی مەشڕووعیەت و ڕەواییش کردووە.

ڕێگە خۆشکردن و پێشاندانی ناوماڵی کورد بە دوژمن، ئەو ڤایرۆسەیە کە بە داخەوە کورد تا ئەمڕۆش چارەسەری بۆ نەدۆزیوەتەوە.

ئەگەر پیاسەیەکی بچووک بەناو مێژووی نەتەوەکەمان دا بکەین، بە روونی بۆمان دەرئەکەوێت کە چۆن ئەم دراوسێیانەی کورد بە زۆر هەندێ جار خۆیان لێمان بوونەتە براگەورە و ئامۆزا و … لە حاڵێکدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر لەو بارەوە لە ئارا دایە و ئەویش ئەوەیە کە:
لە حەقیقەتدا نەک هەر خوێنمان یەک نییە و بە یەک جۆگە دا ناڕوات بەڵکوو هەر دی ئێن ئای ئێمە و ئەوان بە ڕوونی دەریدەخا کە پێکەوە دوژمنی تا سەر ئێسقانین و پدەر کوشتەگیی مێژووییمان پێکەوە هەیە.
مێژوو شایەتی دەدا کە ئەوان مافی زۆریان لێ خواردووین و هیچ مافێکیشیان پێ ڕەوا نەدیتووین و لە هەموو شتێک بێبەشیان کردووین و تەنانەت لە مێژوویەک دا بۆخۆیان نووسیویانە، ئاماژەیان پێدواە.

گەلێک ساڵە کە تورکیە کار بۆ زیندوو کردنەوەی بیر و فکریەتی عوسمانی دەکا و بە چەندین شێواز ئەیهەوێ فاشیسمی نێئۆ عوسمانی و بیری تورک باڵاترینە زیندوو بکاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش لە پلان و ستراتیژ و بەرنامەیان دایە کە وەک سەردەمی عوسمانی ئەرتەشی بە هێز دروست بکەن تاکوو بتوانن لەمپەر و بەربەستەکانی سەر ڕێگەیان لاببەن.
نەتەوەی کورد یەکێکە لەو بەربەستانەی پیلانەکەی تورکیە ، کورد پێویستە خۆی ئامادە و تەیار و بە هێز بکا تاکوو بتوانێ لە بەرانبەر بە ماشێنی جەنگی و فکریی عوسمانیزم و فاشێزمی تورک بوەستێتەوە.

نەتەوەی کورد بە گشتی ئەبێت بەو قەناعەت و باوەڕە بگات کە پیلانێکی بەربڵاو بە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ئارا دایە کە لە لایەن تورکیە و ئێرانەوە ڕێبەری دەکرێ.
کورد مەحکوومە بەوەی کە دەبێ بۆ ئەم پیلانە هێزی وەڵامدانەوەی بە خێرای هەبێت، بەرزکردنەوەی بیر و هەستی نەتەوایەتی، لە سەر پێ ڕاگرتن و زیندوو هێشتنەوەی بیری ناسیۆنالیسمی کورد و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەت و کیانی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین ڕێگر و قەیران خوڵقێنن لە سەر ڕێگەی ماشێنی فکریی پان ئێرانیسم و پان تورکیسم و فاشیسم نێئۆ عوسمانی.
هەلومەرجی ئەمڕۆ وا دەخوازێ کە کورد بە گشتی شەڕ بۆ خۆپاراستن و مان و مەوجوودیەتی خۆی بکا، ئەگینا سبەینێ دێرە و چارەسەریش یەکبوون و یەکگرتوویی و ڕێکخستنی ناو ماڵی کوردە.