٣٠ی گوڵانی ساڵی ١٩٩١ لە شەوەزەنگی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و، لە هەلومەرجێکی هەستیاری مێژوویی دا و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە هەوڵ و هیمەتی دڵسۆزانی گەل و خاک و نەتەوە و نیشتمان ، شۆڕشێکی نوێ، بە گوتار و هزری نوێی سەربەخۆییخوازی کە لەو سەردەم دا وەک خاڵی وەرچەرخان بەرەو نوێگەری چاوی لێدەکرا و هێنانە گۆڕی پرسی سەربەخۆییخوازی لە لای هەندێک لە حیزب و لایەنەکان وەک تابۆ چاوی لێدەکرا، چەخماخەکەی لێدرا.
دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وەرسووڕانێکی مێژوویی بوو لە خەبات و تێکۆشانی چەندین دەیەی ڕابردووی گەلی کورد لە کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.
ئەگەر پێشتر حیزب و لایەنەکان تەنیا خۆیان بە خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران و یا بە گشتی مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانی دەستکرد دا دەدیتەوە، ئەوە ئەمجارە گوتارێکی نوێ لە شەقامی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە و ئەویش بیر و هزری سەربەخۆییخوازی بوو کە بووە ڕێچکە و ڕێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان.
دیارە مێژووی بیر و هزری سەربەخۆییخوازای تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بەڵکوو مێژووی سەدان ساڵەی هەیە و نەتەوەی کورد لەو پێناوە دا لە ماوەی سەدان ساڵەی ڕابردوودا ، هەزاران قوربانی بۆ داوە .
شۆڕشەکانی گەلی کورد لە شۆڕشی دێرسیم و شێخ سەعیدی پیرانەوە تا دەگاتە شۆڕشی بارزان و شەهید سمکۆ و پێشەوا قازی محەممەد و شۆڕشی نوێ هەر هەموویان ئامانجیان گەیشتن بووە بە سەربەخۆیی کوردستان.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، لە ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵی ڕابردۆوە خەباتە لە سەر ئاستی بەرزی سەربەخۆییخوازی ڕا بچووک کراوە بۆ سەر ئاستی ئێرانی بوون و مانەوە و داواکاریی ماف لە ئێرانیەکان کە ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ماندوویەتی و بێ هیوایی کرد و سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیەی بۆ دێمۆکراتیزە کردنی ئێران درا، بەڵام دەستکەوت نە لە ئاستی چاوەڕوانی دابوو نە لە ئاستی تێچووەکانمان دا .

ئەگەر بە کورتی خەسارناسیەکی خەباتی ٦٠ ساڵی ڕابردوومان بکەین کە تێیدا حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵ پاش نەمانی کۆماری کوردستان و لە سێدارە دانی پێشەواکەی، ویست و خواستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتیان لە سەربەخۆییخوازییەوە کە مافی بێ ئەملاو ئەولای نەتەوەی کوردە ، بۆ پرسی مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا و جارێک لە ژێر ناوی خودموختاری و جارێک لە ژێر ناوی فیدراڵخوازی بچووک و بچووکتر و کەم بایەخ کرد.

سەرەڕای هەموو ئەم خەسارانە ، بە خۆشحاڵیەوە ئێستا کەم نین ئەو تاک و هێز و لایەنانەی پرسی سەربەخۆیی بۆ کوردستانیان کردۆتە ڕێبازی خەبات و تێکۆشانیان کە بە داخەوە ئەویش ئەو جۆرەی پێویستە نەتوانراوە ڕیزەکانی خۆیان ڕێکبخەن، کە هومێد دەکەم ئەو ڕەوتەی ئێستاکە لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هاتۆتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، ببێتە مایەی هیوا و هومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد بە گشتی و سەربەخۆییخوازان بە تایبەتی.

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کە یەکێک بووە لە بناغەدانەرانی ئەم هاوپەیمانییە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و وەک ئەندامی چالاکی هاوپەیمانی، داوا لە گشت هێز و لایەن و تاکی سەربەخۆییخوازی کوردستان دەکا کە لە دەوری چەتری هاوپەیمانی کۆببنەوە تاکوو پێکەوە و دەست لە ناو دەستی یەک، هاوشان و هاوخەبات بین بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کورد و کوردستان.

لە کۆتاییدا لە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەربەخۆییخوازانی کورد بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە تایبەتی، دڵنیاتان دەکەمەوە کە تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە خەبات و تێکۆشانمان بەردەوام و شێلگیر دەبین و گەشبینین کە خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان سەردەکەوێ.

کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی
سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣٠ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٠ی مەی ٢٠٢٢ی میلادی