دەمیرتاش: تورکیا بوێری ئەوەی نییە هەڵوێستێکی ڕوون‌ دژ بە مۆسکۆ دەرببڕێ

سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەقەیرانی ئۆکرایناو ڕۆڵی تورکیا تییدا ڕایگەیاندووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بوێری ئەوەی نییە هیچ هەڵوێستێکی ڕوون‌و ڕاشکاو دژ بەڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا ڕابگەیەنێت، جەختیشیکرده‌وە، “حکومەتی تورکیا لەبارەی قەیرانەکەوە خاوەنی هیچ جۆرە پرەنسیپێک نییە”.

دەمیرتاش کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە بەتۆمەتی په‌یوه‌ندیی به‌ په‌كه‌كه‌ لەزیندانی ئەدرنەدایە، باسی لەوەکردووە، لەدوای هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراینا، ئەنجوومەنی ئەوروپا مافی نوێنەرایەتیکردنی ڕوسیای لەئەنجومەنەکە هەڵپەسارد، بەڵام تورکیا نەیتوانی دژی ڕوسیا دەنگبدات.

دەشڵێت: “تورکیا دەیەوێت سیاسەتی ڕازیکردنی هەردوولا پەیڕەو بکات‌و بوێری ئەوەی نییە هەڵوێستێکی ڕوون‌و ڕاشکاو دژ بەمۆسکۆ دەرببڕێت”.

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بەوەکردووە، بەدڵنیایی نابێت تورکیا ببێت بەلایەنێکی جەنگەکە، بەڵام نابێت لەبابەتەکانی پەیوەست بەئاشتیی‌و دانوستانکردن وەک سەیرکەر بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت هاوکاریی مرۆیی بێمەرج بداتە قوربانیانی جەنگەکە، نەوەک تەنها بیری لای ئەوەبێت کە چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەفرۆشێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەمیرتاش هەروەک وتویەتی:”بەدڵنیایی لەخەیاڵ پڵاوییەوەیە کە پێمانوابێت حکومەتی ئاکەپەو مەهەپە هەڵوێستێک لەسەر بنەمای پڕەنسیب پەیرەودەکەن، ناکرێت عەقڵیەتێک ڕووەو داگیرکاری ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت عەفرین بێت، خاوەنی هیچ جۆرە پرەنسیپیک بێت”