سپاسنامەی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هاونیشتمانان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو

پیرۆزتان بێ و دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ بەڕێوەبردنی سەرکەوتوانەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردەواری لە شار و گوند و ناوچەکانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوڕ و تینی نەتەوەییەوە بەڕێوە چوون.

دوو حەوتوو بەر لە دەسپێکی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، دام و دەزگا سەرکوتکەر و داگیرکەرەکانی ئێران لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەڕەشەیان لە خەڵکی کوردستان کردبوو کە نابێ جەژنی نەورۆز بە پێی ڕێوڕەسم و کلتوور و داب و نەریتی کوردەواری بەڕێوە ببەن، داخوازییەکی ناڕەوا کە لە لایەن خەڵکی خۆڕاگر و نەتەوەی قارەمانی کوردەوە لە گەڵ وەڵامی نەرێنی بەڕەوڕوو بوویەوە.

ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی، پیلانەکەی وەها دارشتبوو کە بەرگی کوردایەتی لە بەری نەورۆز داکەنێ و جلوبەرگی فارس و ئێرانی بکاتە بەر، بەڵام هۆشیاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم پیلانەی دوژمنانی گەلی کوردی پووچەڵ کردەوە و نەورۆز وەک هەمیشە بە هەست و سۆزی نەتەوەیی، بە جلوبەرگ و هێما و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی بەڕیوە چوو.

خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی، بە کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕکێ، شان بە شانی یەکتر، جارێکی دیکە نیشانیان دایەوە کە نەورۆزی کوردەواری، هێمایە بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد.

ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی کە تەنانەت لە شادی و خۆشیی خەڵکیش زراوی چووە و چاوی بەرایی نادا ئەو یەکدەنگی و یەکگرتووییەی ناو ماڵی کورد ببینێ و بەڕێوە چوونی جەژنی نەورۆز بە شکستێکی گەورە بۆ خۆی لە قەڵەم دەدا لە ڕێگەی دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانیەوە، کەوتوونەتە گیانی خەڵک و لەو پێوەندییە دا لە هەر کام لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، دەیان کەسیان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کردووە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای لە قاو دانی سیاسەتی رژیمی ئێران بە نیسبەت تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان ، داوا لە سەرجەم ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکا کە لە ئاست گرتن، کوشتن، زیندانیکردن و لە سێدارە دانی لاوانی کورد بێدەنگی بشکێنن و گوێێان لە بەرانبەر بە زوڵم و زۆرداریی داگیرکەرانی کوردستان دا چیتر کپ نەکەن.
هاوکات جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی بە گشت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵێین کە بەم چەشنە و بە داب و نەریت و کلتووری کوردەواری و بەرز ڕاگرتنی هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد جەژنی نەتەوەیی نەورۆزیان بەڕێوە برد و حەماسەیەکی نەورۆزییان تۆمار کرد.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٤ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی