سیاسەتی دەسەڵاتدارە عەڕەبەکانی ئەمڕۆی عێڕاق بەرانبەر بە کورد،درێژەی هەمان سیاسەتی بەعسە .

٣١ ساڵ بە سەر ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان دا تێپەڕ بوو.

ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی زایینی دەستکەوتێکی کەم وێنە و مێژوویی بوو کە بووە هۆی ڕاماڵین و کۆتاییهێنان بە ڕژیمی بەعسی عێراقی داگیرکەر و سەرەتای چەخماخەیەک بوو بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان .

لە وەها هەلومەرجێک دا کە ڕژیمی عێڕاق تووشی شکست و قەیرانێکی سیاسی،ئابووری و نیزامی هاتبوو، گەلی کورد لە باشووری نیشتمان و بە تایبەتی لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕێنەوە بە ڕاپەڕینێکی کەم وێنە و مێژوویی تاج و تەخت و ئاسەواری عێراقی داگیرکەریان تێکەوە پێچا و کوردستان توانی هەناسەی ئازادی هەڵکێشێ.

گەلی کورد لە باشووری کوردستانی داگیرکراو لە لایەن عێراقەوە وێڕای قوربانیدانێکی زۆر ، لانی کەم سێ دەرفەتی گونجاو و مێژوویی بۆ بە دەوڵەت بوون لە دەست دا ، یەکەم لە بەهاری ١٩٩١ و دووهەم لە بەهاری ٢٠٠٣ و سێهەم لە ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش .

گەلی کورد بە نیاز پاکیەوە جارێکی تر بەغدا و عێڕاقی رووخاوی لە گەڵ ئەو عێڕاقیانە دروست کردەوە کە لە ڕاستیدا بەرانبەر بە کورد، هیچ جیاوازییەک لە فکر و بۆچوونیان، هەر لە ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حوسێن ڕا تا دەگاتە مالیکی و عیبادی و … وە نەبووە و لە سەر کوشت و کوشتار و قەتلوعامی نەتەوەی کورد هەر کامە و بە شێوازی خۆیان هاوڕا و یەکدەنگن.
سیاسەتی عێراقیەکان بەرانبەر بە کورد هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی بەعسە و لە ڕاستیدا رژیمەکەی سەدام کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو ڕیشەی سەدام کەسانێکی وەک مالیکی،عیبادی، سەدر و … ی لە سەر ڕواوەتەوە و سەرجەمیان لە سەر پنجی ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و … شین بوونەتەوە.

لەم قۆناغە هەستیارە دا کە داگیرکەری عێڕاقی هەر جارە و لە ژێر ناوێک و بە بیانوویەک، گرفت و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکا، جێگەی خۆیەتی هێز و لایەنە کوردستانیەکان، یەکدەنگی و یەکڕیزی بکەنە بنەمای سیاسەت کردنیان لە گەڵ بەغدا و بەرژەوەندیی تاکە کەسی و حیزبایەتی بکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی .

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە یادی سی و یەکەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ڕۆژی ٥ی مارسی ١٩٩١ی زایینی ، وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی، یادی شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگە و ڕێبازی کوردایەتی بەرز و بەڕێز ڕادەگرێ و لەو یادە دا وێڕای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکیان، بەڵێن نوێ دەکاتەوە کە تا گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دڕێژە دەری ڕێگە و ڕێبازیان بێ.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٣ی رەشەمه ٢٧٢١ی کوردی
٤ی فێوریەی ٢٠٢٢ی زایینی