ناوچەگەرایی،هێرش و بێڕێزیکردن، حەزف و سانسۆڕ، یەکتر قەبووڵنەکردن و تیرۆری کەسایەتیەکان، سیاسەتی ئەحزابی دۆڕاوە.

لە سەرەتای دامەزرانی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کە لە پێنج هێز و حیزب و لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، بەشێک لە ئەندامانی حیزب و لایەنە فیدراڵخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،کە لە ئاستی سەرکردایەتیەوە خەتیان دەدرێتێ،  وەک کرداری هەمیشەییان سیاسەتی تیرۆری شەخسیەتی و حەزف و سانسۆڕیان گرتۆتە بەر و وەک چۆن لە ڕابردووش دا نیشانیان داوە کە توانای قەبووڵکردنی هیچ هێزێکی تریان نییە و شەڕی  براکوژی و ناوخۆیی لە گەڵ یەکتر(( سیاسەتی قابڵەمە دۆڵمە و لە ئەنجامدا شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات، شەڕی دێموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ و شەڕە چەقۆی حدک و حدکا )) سەلمێنەری ئەم ڕاستییانەن.

بە داخەوە بەشێک لە ئەحزابی کلاسیک و فیدراڵخوازی خوازیاری مانەوە لە ئێران، جگە لە خۆیان توانای قەبووڵ کردنی هیچ لایەن یا تەنانەت تاکێکی جیابیریشان نییە و هەوڵی سڕینەوە و تەنەنات حەزفی فیزیکی و تیرۆری کەسایەتیە سەربەخۆییخوازەکان دەدەن و  وێڕای هێرش و بێڕیزی کردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (( فەیسبووک،ئینستاگرام،کلاب هاوس و …)) ئەدەبیاتێکی بە دوور لە پرەنسیپە سیاسی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگای کوردستانیان پەرە پێداوە و هەر چەشنە دەنگێکی جیاواز دەمکوت، سەرکوت و بێدەنگ دەکەن.

ئەحزابی سوننەتی و کلاسیک نەیانتوانیوە تەنانەت ئەندامانی خۆیان وا پەروەردە بکەن کە جیابیری قەبووڵ بکەن، ناتوانن نەقد و ڕەخنە قەبووڵ بکەن و بە هیچ چەشنێک توانای قەبووڵ کردنی بیری جیایان نییە و  بە پەلاماردان وەڵام دەدەنەوە و هێرش دەکەنە سەر هەموو ئەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە.

دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و خۆکوژی، هەر لە ئەنجامی یەکتر قەبووڵ نەکردن بوو، هەر ئەو سەرکردە نەخوێندەوارانەی ئەوکات ئەم شەڕەیان هەڵگیرساند، ئێستاش هەر ئەوان سەرکردە و خاوەن دەسەڵاتن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کات دا بە هۆی تەحەمول نەکردنی بوونی حیزبی دیکە، شەڕی دژ بە کۆمەڵەی ڕاگەیاند و بەو نیازە بوو کە کۆمەلەیەک نەمێنێ، لە ڕاستیدا بە بێ دەمارگرژی دەبێ بڵێم کە دێموکرات شەڕی بە سەر کۆمەڵە دا تەحمیل کرد و بەو ئەقڵیەتەی ئێستاش هەیەتی لە داهاتووش دا ئەو چاوەڕوانیەی لێ دەکرێ کە شەڕ بە سەر هێزەکانی دیکەش دابسەپێنێ.

بەڕێز کاک مستەفا هیجری لەو ماوەیە دا لە وتووێژێک دا لە گەڵ بی بی سی فارسی بە بێ ئەوەی شەڕی دژ بە کۆمەڵە بە هەڵە بزانێ و بڵێ هەردوولامان تاوانبار بووین، لە سەر هەمان سیاسەتی پێشووی حیزبەکەی، کۆمەڵەی بە تاوانبار لە قەڵەم دا و لە جیاتی ئەوەی ئاو بە ئاگرەکە داکا و داوای لێبوردن لە گشت خەڵکی کوردستان بکا، نەوتی بە ئاگرەکە داکرد کە ئەوە جێگەی داخە.

ئەگەر سەردەمانێک شەهید د. قاسملوو مەئمووریەتی ئەوەی پێدرابوو کە لە ناو حیزبی توودەوە خۆی بخزێنێتە ناو شۆڕشی کورد و حیزبی دێموکرات لە نەتەوەیی بوونەوە پەلکێشی چەپ و ئێرانیچێتی بکا، ئەوە مەنسووری حیکمەتیش بە هاتنی بۆ ناو کۆمەڵە هەمان ئەرکی جێبەجێ کرد و بیر و هزری کاک فوادی مستەفا سوڵتانی کە بیر و هزرێکی نەتەوەیی بوو لە کۆمەڵە دایماڵی.

بەڵام لە ئێستا دا بەشێک لە کۆمەڵە خەریکە ڕێگەی دروستەکەی کاک فواد دەگرێتەوە بەر کە ئەوە جێگەی دڵخۆشیە و هیوا دەخوازم کە لانی کەم بەشێک لە دێموکراتیش ڕێگەی دروستەکەی پێشەوا بگرێتەوە بەر و بەم چەشنە بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی کۆماری کوردستان و باوەشی گەل.

جیا لە هەموو ئەمانەش ، دیاردەی قێزەون و ماڵوێرانکەری ناوچەگەراییش لە لایەن ئەو ئەحزابەوە دروستکراوە و هاوکات پەرەی پێدراوە.

ئەم دیاردەیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات و شەقامی کوردی لە ڕۆژهەڵات دیاردەیەکی نامۆ و نەناسراوە و هیچکات نە مهاباد و موکریان خۆیان لە کرماشان بە جیا زانیوە و نە ئیلام و لوڕستان لە بەختیاری و ورمێ و کوردانی خوراسان جیا بوون.

لە ناو ئەحزابی سونەتی بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا ئەو فەرهەنگە بۆتە دیاردەیەکی باو لە ژێر ناوی کوردایەتی دا.

ئەمەش بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو حیزبە کلاسیک و سونەتیانە نەتوانن لە موکریان بەم لاوە زیاتر پەل باوێژن و هەموو خەباتەکەیان لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوو دا تەنیا لەو ناوچەیە قەتیس کردۆتەوە و بە چەشنێک پەرەیان بە بەرچاوتەنگی و ناوچەگەرایی داوە کە لە خۆیان زیاتر کەس بە کورد نەزانن، ئەم فەرهەنگە بۆ هەموو کورد ماڵوێرانکەرە

بەڵام بە باوەڕی من پێویستە  ئەندامان و لایەنگرانی ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و هەموو سەربەخۆییخوازانی کورد ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

یەکەم ئەوەی ئەوان کردوویانە و دەیکەن با ئێمە نەیکەین، ئینجا سەرکەوتوو دەبین، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن ئاو لە ئاشی دوژمن کردنە و بۆیە دوای ماوەی زیاتر لە چل ساڵە جگە لە  ماندوو کردنی خەباتەکە، دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە.

دووهەم : پێویستە سەربەخۆییخوازان نەکەونە داوی ئەم پیلان و بێ پرەنسیپیانەی ئەم هێز و لایەنانەی خۆیان پێ ئێرانییە و باس لە فیدراڵی و مانەوە لە چوارچێوەی ئێران دا دەکەن.

سێهەم: ئەوان دەیانهەوێ ئاستی سەربەخۆییخوازان بێننە ئاستی نزمی خۆیان، بۆیە پێویستە سەربەخۆییخوازان وەڵامی بێڕێزیەکانی ئەوان نەدەنەوە و بە بێ گوێدان بە قسە و هێرشەکانیان، درێژە بە خەباتی نەتەوایەتی و ڕاستەقینەی سەربەخۆییخوازیی خۆیان بدەن.

بوونی ئەحزابی کلاسیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەڕۆژ نەکردنەوە و ئابدەیت نەبوونەوەی شۆڕش، کێشەیەکی گەورەیە و گیرکردن و قەتیس مانەوەیە لە ناو مێژوو دا.

 ئێمە دەبێ مێژوو تێپەڕ کەین و تێیدا نەمێنینەوە، پێویستە هەنگاو بەرەو پێشەوە باوێژین و لە وانەکانی مێژووی ڕابردوومان بۆ شۆڕش و خەباتی داهاتوومان کەڵک وەرگرین.

خۆ بەستنەوە بە ئێرانی بوون  و خۆ گرێدانەوە بە ئۆپۆزیسیۆنی تەواویەتخوازی پان ئێرانی و پان فارسیسزم و بەرز کردنەوەی دروشمگەلی خودموختاری، فیدراڵی و کۆنفێدراڵی و لە ئەنجامدا کارکردن بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێرانی داگیرکەر، هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد.

دروشم و ستراتیژیی نەتەوەیی خۆ گرێدانەوە نییە بە ئێران، بەڵکوو تێکۆشان و خەباتە بۆ گەیشتن و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان.

ئەگەر حیزب و لایەنە کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لەو باوەڕە دابن کە مافی گەلی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان لە گەڵ رژیمی تاران دەستەبەر دەبێ، ئەوە دەبێ بڵێم کە دەرسیان لە مێژووی ڕابردوو وەرنەگرتووە و لە بیریان کردووە کە چەندین سەرکردە و ڕێبەری گەورەی کورد هەر لە سەر هەمان بیرو باوەڕی متمانەکردن بە داگیرکەر و باوەڕمەندی بە گەیشتن بە ماف لە ڕێگەی دیالۆگەوە تیرۆر کراون و گیانیان بەختکردووە.

بە داخەوە ئەحزابی کلاسیکی کورد بە درێژکردنەوەی خەباتەکە بۆ زیاتر لە پەنجا  ساڵ، شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیان تووشی ماندوویەتی کردووە، لە ئاست ئەو هەمووە تێچوو و قوربانییە دا دەستکەوتێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوەی جێگەی هومێد و دڵخۆشکەرە بۆ خەباتی ڕۆژهەڵات، پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستانە کە لە پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی کوردستان و  بە دروشمی ستراتیژی و نەتەوەیی و بە گوتاری  سەربەخۆییخوازییەوە ، هاتۆتە مەیدانەکەوە.

لە پێوەندی بە ئەحزابی کلاسیکی کورد و بە ڕوونی و بە تایبەتی لە سەر هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەشێک لە کۆمەڵەکان، ئەگەر چی باس لە ڕێککەوتن و یەکگرتنەوەی ئەو لایەنانە دەکرێ و هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەوە سەرەتایەکە بۆ یەکڕیزی ناوماڵی کورد، بەڵام بە داخەوە دەبێ بڵێم کە وا نییە، بەو مانایە وا نییە کە ئەو حیزبانە لە بەر بەرژەوەندیی شەخسی و تاکە کەسی و کورسی و دەسەڵات ڕیزەکانیان لێکترازاوە و نە لە بەر دروشم و ستراتیژی نەتەوەیی و ئەوە یەکەم جاریشیان نەبووە و دوایین جاریشیان نابێ و ئەم دڵخۆشیە ڕەنگە زۆر نەخایەنێ چونکە تاکتیکیە نە ستراتیژی و  ئەوەی بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە یەکگرتنەوەکەشیان ئەگەر لە سەر ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی بایە، یان لەت نەدەبوون یان هەر لە سەرەتاوە و پاش داواکاریی خەڵکی کوردستان لێیان، یەکتریان دەگرتەوە.

پرسیار ئەوەیە کە ئەرێ خێرە؟ چ روویداوە؟ خۆ ڕوخسارەکان هەر هەمان ڕوخساری پێشوون، خۆ دروشم و ستراتیژ هەر هەمان دروشمی پێشووی ئێرانیچێتییە و کورسی و دەسەڵاتەکەش گۆڕانی بە سەر دانەهاتووە.

پاش دروستبوونی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ئەحزابی کلاسیکی کوردی لە جیاتی پێشوازی کردن لە دروستبوونی ئەو ڕەوتە، کەوتنە دژایەتی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی سەربەخۆییخوازان و بە پێی زانیاریەکانمان ترسی ئێرانیەکان لە زاڵبوونی گوتاری سەربەخۆییخوازی لە ناو شەقامی کوردیدا ، بووە هۆی زخت و فشارخستنە سەر لایەنە کلاسیک و فیدارلخوازە کوردە ئێرانیەکان، کە دەبێ یەکبگرنەوە، پێشنیارێک کە بە دەستپێشخەریی ئێرانیەکان و ناوبژیوانی باڵێک لە لایەنێکی باشووری کوردستان هاتۆتە ئاراوە.

ڕژیمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە و پەلەقاژەی مەرگیەتی و دوا ساڵەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکا، بۆیە پەنا بۆ هەر ئەگەر و ئاڵتێرناتیڤێک دەبا کە لەو دۆخە قەیراناوییە ڕزگاری بکا و ئامادەیە بە شێوەی کاتی هەندێک ئیمتیازی بچووک کە بەشێک لەو حیزبانە بە پێی دواکارییەکەیان، خەباتی کوردیان تێدا بچووک کردۆتەوە، وەک خوێندن بە زمانی دایک و کۆمەڵێک مافی سەرەتاییان بداتێ و بەم چەشنە ڕازیان بکا تاکوو ئەرکی مەرزبانیە غەیوورەکەیان بەڕێوەببەن و پێش بە بەقەولی خۆیان تەجزییەی ئێران بگرن و ئێستا ئەو مەترسییە لە ئارا دایە کە بەشێک لە هێز و ئەحزابی کلاسیکی ڕۆژهەڵات جیا لەوەی ئاشبەتاڵیان پێبکرێ، ببنە ڕۆڵ گێڕی سەرەکیی ئەو سیناریۆیەی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی و بە گشتی بۆنی مامەڵەکردنێکی مەترسیدار بە پرسی کوردەوە دێ.

ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پلان و بەرنامەمان دایە کە وێڕای لەقاو دانی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران دەرحەق بە میللەتی کورد و هەروەها ئاشکراکردنی سیاسەتی هەڵەی ئەحزابی کلاسیکی کوردی ڕۆژهەڵات، لە ئاستی دەرەکی و بیانی دا کار بۆ ڕاکێشانی زیاتری سەرنجی سیاسەتی نێونەتەوەیی و جیهانی لە سەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد و خواستی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت، بکەین و هاوکات جیا لە لۆبیگری لە ئاستی جیهانیدا و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان لە ناو نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک عەڕەبی ئەحوازی، بەلووچ، تورکی ئازەری ، کاسپیەن و تورکمان و … هەنگاوی بە کردە و پراکتیکی بۆ چارەسەریی پرسی کورد باوێین.

هەروەها لە ماوەی دامەزرانی هاوپەیمانیەوە تاکوو ئەمڕۆ جگە لەوەی توانیومانە یەک گوتاری دروست بکەین و هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرم و بەرنامەی هاوبەشی نەتەوەیی کۆبکەینەوە ، سەرکەوتوو بووین لەوەی کە  گوتاری سەربەخۆییخوازای لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە وێژمان و گوفتومانی یەکەم و داخوازی و داواکاریی سەرەکیی خەڵکی کوردستان لە خودموختاری و فیدراڵیەوە بگوازینەوە بۆ سەربەخۆییخوازی.

گرینگترین کارێک کە وەک هاوپەیمانی ئەنجاممان داوە، بە پێچەوانەی ئەحزابی کلاسیک، خۆمان تەنیا لە سنە و موکریان قەتیس نەکردۆتەوە و قووڵایی ستراتیژییمان لە ئێستا دا جیا لە ئیلام و کرماشان ، چوارمەحاڵ و بەختیارییە و هاوکات توانیومانە پەل باوێین بۆ ناو کوردانی خوراسان کە بە داخەوە لە پێشوو دا لە ناو مەیدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتدا غایب بوون.

نووسینی: کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان