نۆڕوێژ: بەشداری نوێنەرایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی ٥ی ژووەنی ٢٠٢٢ی زایینی، شاندێکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە سەرپەرەستیی “عەلی فەزڵی کەواڵی” ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی کۆمیتەی نۆڕوێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یادی ٤٧ ساڵەی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دا بەشداری کرد.

ڕێوڕەسمەکە کە بەشێکی زۆر لە هێز و لایەنە کوردستانیەکانی هەر چوار بەشی کوردستان تییدا ئامادە بوون، سەرەتا بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد، دواتر پەیامی کۆمیتەی نوڕوێژی یەکێتی نیشتمانی و کۆمیتەی هاوکاری هێزە کوردستانیان لە نوروێژ و هەروەها پەیامی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لایەن عەلی فەزڵی کەواڵی ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێک لە پەیامەکەی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستاندا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ٤٧ ـەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی ،جەخت لە پێوەندی و هاوکاریی دوو لایەنەی یەکێتی نیشتمانی و هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کرا.
لە بەشێک لە پەیامەکە دا هاتووە:
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە پیر بانگەواز و داواکارییەکەی جەنابی کاک باڤڵەوە دەچێت و پێمان وایە یەکریزی نەتەوەیی و کۆدەنگی سیاسی و هاوکاری نێوان هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو چەشنە گوتارانەن کە دەبێ پراکتیزە بکرێت و ببێتە هەوێنی خەبات و تێکۆشانی هەموو لایەک لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەمان.
لە کۆتایی پەیامەکەی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دا هاتبوو کە:
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان خوازیارە تاکوو یەکێتی نوێ، ببێتەوە بە هێزی پشتیوانی کورد لە باکوور، باشوور ، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ئەوە ئەو کات یەکێتی بۆ هەموو نیشتمانە و هێزی لەشکان نەهاتووی ٨٠ ملیۆنی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە پشت دەبێ و ئەمەش بە مەرجێک کە لە بواری کرداریدا بە بیر و باوەرێکی پتەو و کوردستانی هاوکار و یارمەتی دەری یەکتر بین لە خەبات و تێکۆشان و وەدی هێنانی ڕزگاری و سەربەستی بۆ نەتەوەکەمان.