هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هێرشی ڕژیمی داگیرکەری تورکیە بۆ سەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان مەحکووم دەکەین.

ڕژیمی داگیرکەر و تیرۆریست پەروەری تورکیە ناوە بە ناوە بە بیانووی بێ بنەمای شەڕ دژی تیرۆریسم، لە ڕێگەی فڕۆکەی شەڕکەرەوە هێرش دەکاتە سەر سەروەریی خاکی کوردستان.

ڕژیمەکانی ئێران و تورکیە،شکستپێهێنانی داعش لە لایەن هێزە کوردستانیەکانەوە، بە شکستێکی گەورە بۆ سەر خۆیان دەزانن و هەر بۆیە بۆ بەهێز کردنەوە و زیندوو کردنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان پەرە پێداوە و بە بێ وەبەر چاوگرتنی بنەما نێودەوڵەتییەکان بە ناڕەوا سەروەریی خاکی کوردستان دەبەزێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٠٢/٠٢/٢٠٢٢ جارێکی دیکە ناوچەکانی شەنگاڵ و قەرەچۆغ لە لایەن هێزی ئاسمانیی ڕژیمی تورکیەوە بوردومان کران و چەندین هاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی و جیا لە زەرەر و خەساری ماڵی وگیانی بووە هۆی وێرانبوونی بەشێک لە ناوچەکە .

بەزاندنی سنوورەکانی ئاسمانی و زەمینیی هەر وڵاتێک لە ئاستی نێودەوڵەتی دا هێڵی سوورە و هیچ وڵاتێک بە بێ ئیزنی شووڕای تەناهیی نێونەتەوەیی بۆی نییە سنووری وڵاتێکی تر ببەزێنێ، بەڵام ڕژیمی سەرەڕۆی تورکیە بە بێ گوێدان بە بنەما نێودەوڵەتییەکان خاک و سەروەریی کوردستان دەبەزێنێ و لە ئاستی جیهانیش دا بە داخەوە ئەو پرسە پشت گوێ خراوە .

لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، شووڕای تەناهیی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە لە ئاست هێرش و دەستدرێژیی داگیرکەرانی خاکی کوردستان و بەزاندنی سنوور و سەروەریی نەتەوەی کورد بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو و جێگەی پەسەند بگرن .

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

٠٢/٠٢/٢٠٢٢