وتووێژی قەندیل پرێس لە گەڵ: جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

۱- سڵاو و ڕێز کاک جەماڵ، سپاستان دەکەین کە ئەم وتووێژتانە لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم لە بەڕێزتان، ئەگەر ئێمکانی هەیە بە کۆرتی بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستانمان بۆ پێناسە بکەن؟

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخوازی، هەڵقوڵاو لە فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

و لە سەر بناغەی کۆماری کوردستان و ژیار و شارستانیەتی مێژووی کورد  بنیات دەنرێتەوە، گۆڕەپانی خەباتەکەی لە چوارچێوە و جوغڕافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە و لە ژێر دروشمی ئازادی و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و هەولذان بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران لە خاکی پیرۆزی کوردستان خەبات دەکا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، بزووتنەوەیەکی سێکۆلار و لائیکە و باوەڕی بە جیایی دین و ئایین لە سیاسەت و دەوڵەت هەیە و هاوکات ڕێز لە سەرجەم بیر و باوەڕ و  ئایین و کەمینە نەتەوەییەکان دەگرێ و باوەڕمەندە بە مافەکانی مرۆڤی پەسەند کراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئامانج لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئەوەیە کە هەر هەموو هێز و لایەن و کەسایەتیی سەربەخۆییخواز بتوانرێ بە یەک دروشم و لە ژێر ناوی یەک خاک و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە دا کۆببینەوە .

فەلسەفەی وجوودی و زەروورەت و پێویستیی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخواز لەوە ڕا سەرچاوەی گرتووە کە بە داخەوە حیزب و لایەنی جیددی کە پرسی سەربەخۆییخوازی بە مێتۆدێکی ئەوڕۆیی بێننە گۆڕێ لە گۆڕەپانی خەبات بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات بوونی نەبوو، حیزبە کلاسیکەکان یا فیدراڵخواز و یا خودموختاری تەڵەبن، بەشێک لەوانەش کە دروشمی سەربەخۆییان بەرز کردۆتەوە، بە داخەوە لە بواری کردەیی دا یان لاوازن و یان پاسیڤ بوون و تەنیا لە چوارچێوەی ناو دا ماونەتەوە.

ئێمە وەک بزووتنەوە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد دا پاش چەندین مانگ شرۆڤە و لێکدانەوەی ورد هێمایەکمان بۆ گشت سەربەخۆییخوازانی کوردستان دیاریکرد کە بریتیە لە بەرز کردنەوەی هێمای پەنجەکانی هەڵۆ لە کاتی ڕاو دا ، هاوکات توانیومانە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا چالاکیی گرینگمان هەبێ و لە ڕێگەی دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان هەوڵی دروستکردنی لۆبییەکی جیهانیمان بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان داوە و هەروەها چەندین هاوپەیمانیمان لە گەڵ نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، تورکمان، کاسپیەن و … پێکهێناوە.

وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ دروستکردنی ناوەند یا کۆنگرەیەکی تایبەت بە گشت هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان و تا هەنووکەش هەوڵەکەمان بەردەوامە و گەشبینین بەوەی کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور دا ئەو ئامانجەشمان دەگەیەنینە ئەنجام.

بە ڕاشکاویش دەتوانم بڵێم کە یەکەم لایەنی کوردستانی بووین کە بە بێ ترس لە داگیرکەرانی کوردستان ڕامانگەیاندووە کە ڕەوایە بۆ ئێمەی کورد بۆ پێشبردنی خەباتەکەمان هاوپەیمانی و یارمەتی لە هەموو دوژمنانی ، دوژمنەکەمان وەربگرین، ئێمە ئیسرائیل، سەعوودی، ئەمریکا و ئورووپا بە دۆستی پرسی کورد و هاوپەیمانی خۆمان دەزانین و پێوەندی لە گەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیر نەکردووە بە ڕەوا و مەشڕووع دەزانین.

۲- جیاوازی ئێوە لە لەگەڵ حیزبە فێدەڕاڵیست خوازەکان لە چی دایە کە ئێوە سەربەخۆییتان هەڵبژاردووەو ئەوان فێدڕاڵیسم؟ هەروا کە دەزانن ئەوان سەربەخۆیی کوردستان لەم بارودۆخە بە ئەمرێکی غەیری‌واقێع دەزانن، جیاوازی هەڵسەنگاندنەکەی ئێوە لە چی دایە کە سەربەخۆیی کوردستان بە مۆمکێن دەزانن؟

بە باوەڕی ئێمە هەموو ئەو هێز و تاک و لایەنانەی خۆیان بە ئێرانی یا تورکی، سووری و عێڕاقی پێناسە دەکەنەوە و خەباتەکەیان بە ناوی ئەو وڵاتە ساختە و جەعلیانەوە دەبەستنەوە  و یان بە گشتی هەر تاکێکی کورد خۆی بە ئێرانی لە قەڵەم بدا ئەوە جیا لەوەی شوناس و هۆویەت و ناسنامەی خۆی ون کردووە مەیل و ئارەزووی کۆیلایەتی و کۆیلە بوونی لە سەر دایە.

نزیکەی نیو سەدەیە ئەحزابی کلاسیکی کوردستان خۆیان بە  دروشمی فیدراڵی و خودموختاریەوە سەرقاڵ کردووە و تاکوو ئێستاش هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتۆتەوە ، بە باوەڕی ئێمە حیزبی کوردستانی نابێ داواکارییەکەی لە سەربەخۆیی کەمتر بێ ، بەڵکوو ئەوە ئێرانی و تەواویەتخوازەکانن کە دەبێ پێشنیاری فیدراڵی بە کورد بدەن و داوای ئەوە بکەن کە لە گەڵمان بمێننەوە .

تا ئێستاش هیچ ئێرانییەک ئامادە نەبووە دان بە فیدراڵیەکی لانی کەمیی ئەحزابی کوردستانی دابنێ، فیدڕاڵییەک کە ئەو حیزبانە باسی لێوە دەکەن  تا ئێستاش ناروون و لێڵە کە چ شێوەیەکە و تا هەنووکە لە ترسی پان ئێرانیەکان نەیانوێراوە بڵێن کە ئەوەی ئەوان دەیخوازن فیدراڵیی ئۆستانییە، ئابووریە یا میللی، جوغڕافیاییە و لە سەر ئەساسی نەتەوە و جوغڕافیا خەباتی بۆ دەکەن.

کاتێک لە سەر پرسی سەربەخۆیی لە گەڵ ئەحزابی کلاسیک قسە دەکرێ، بیانووی ئەوە دێننەوە کە کاتەکەی گونجاو نییە و هەلومەرج لە بار نییە، باشە ئاخر مەگەر حیزبی سیاسی نییە کە دەبێ هەلومەرج بڕەخسێنێ؟ ئەدی ئەوان لە ماوەی چل بۆ حەفتا ساڵ خەبات دا چۆنە نەیانتوانیەوە هەلومەرجێک برەخسێنن یا دەرفەتێک بە قازانجی نەتەوەکەمان بدۆزنەوە ؟؟؟

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە جاران حیزبەکان لە پێش کۆمەڵگاوە بوون، بەڵام ئەمڕۆ پێچەوانەکەیەتی و خەڵک و کۆمەڵگا زۆر لە پێش ئەحزابی کلاسیکەوەن، خەڵک چ لە باشوور بە دەنگدان بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و چ بە دربڕینی شادی و خۆشی بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە ڕۆژهەڵات ، نیشانیان دا کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی کوردستانن.

فیدراڵی و سیستمە هاوشێوەکانی لەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە و بەو عەقڵیەتەی ئەوان بەرانبەر بە کورد و خەباتەکەی هەیانە، وەڵامدەر نییە و نموونەکەشی دەتوانین ئاماژە بە عێراقی داگیرکەر بکەین کە چۆن هەڵسوکەوتی نابەجێی لە گەڵ پرسی رێفراندۆمی باشووری کوردستان کرد.

تەحلیل و لێکدانەوەی ئەحزابی کلاسیکی کورد لە دۆخی ناوچەکە و کوردستان و جیهان بە گشتی، لێکدانەوەیەکی ڕووتینی و سادە و ڕواڵەتییە و بۆیە بە باوەڕی ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، هەر چی ئەوان لە ماوەی ئەو چل بۆ حەفتا ساڵ خەباتە دا کردوویانە، ئێمە دووبارەی نەکەینەوە و بە مێتۆد و شێوازی تایبەت و سەردەمیانەوە خەباتەکەمان درێژە پێبدەین و ئەوە ئەو کات سەرکەوتوو دەبین واتا ئەوەی ئەوان کردوویانە، ئێمە نەیکەین.

۳- ئایا تا ئێستا ئێوە بۆ بەشداری لە ناوەندی هاوکاری ئەحزابی کوردستانی ئێران بانگهێشت کراون؟ ڕای ئێوە لە بارەی ئەم ناوەندەوە چیە؟

پێکهێنانی ناوەند یا کۆنگرەیەک بۆ حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بتوانێ هەر هەموویان لە ژێر یەک چەتر و پلاتفۆرمێکی هاوبەش کۆبکاتەوە پێویست و زەروورییە، بەڵام ئەو ناوەندە دەبێ بە هاوفکری و بەشداریی هەموو یان لانی کەم زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی پێک بێ،نەک لایەنێک یا دوو لایەن پێکبێنن و داوا بکەن لایەنەکانی دیکەش پێوەی پێوەست بن.

ڕەوت و جەرەیانگەلی فیداڵخواز کە لە دوو تا سێ حیزب تێپەڕ نابن و باوەڕیان بە تەواویەتی ئەرزیی ئێران هەیە، ناوەندێکیان لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دامەزراندووە کە ناوەرۆکەکەی لە ناوەکەی ڕا دیارە و لە ڕاستیدا شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی مەرزبانانی غەیوور و پارێزەرانی جوغڕافیای جەعلی و ساختەی ئێران و هێشتنەوە و بەستنەوەی کورد وەک ئێران و ئێرانی.

ئێمە تاکوو ئێستا بۆ ئەو ناوەندە بانگهێشت نەکراوین و ئەگەریش بانگهێشت بکرێن، تێیدا بەشدار نابین،چونکە بەشداریکردنمان فەلسەفەی وجوودیی ئێمە دەباتە ژێر پرسیارەوە و بە هیچ چەشنێک ئامادە نین بچینە ناو ڕەوت، ناوەند یان کۆنگرەیەکەوە کە ناوی ئێرانی داگیرکەری پێوە لکێندرابێ.

ئەگەر ئەحزابی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی ئامانجیان یەکبوون، یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوئاهەنگیی نێوان حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتە، ئەوە دەبێ ئەو ناوەندە لە بناغەوە بە ناو و ناوەرۆکەوە گۆڕانکاری بە سەر دابهێندرێ، بۆ وێنە لە ناوەرۆک دا دروشمی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەرز بکەنەوە و لە ناو دا وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان پێناسە بکەن .

لە خەباتەکەماندا ڕاستگۆ نین ئەگەر بتوانین لە گەڵ غەیرە کورد لە دەوری یەک مێز کۆببینەوە بەڵام نەتوانین بۆخۆمان وەک کورد و کوردستانی لە دەوری یەک مێز پێکەوە کۆببینەوە.

ئەگەر ئێمەی کورد بتوانین لە گەڵ عەڕەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، بەلووچ،تورکمان،فارس و کاسپیەن هاوپەیمانی پێک بێنین و بتوانین لە گەڵیاندا لە سەر یەک مێز دابنیشین ، چۆن دەبێ پێکەوە واتە لە گەڵ کورد نەتوانین لە سەر یەک مێز و یەک ناوەند و بەرە دا کۆبینەوەـ !!!؟

پێکهێنان و دامەزراندنی ناوەند یا کۆنگرەیەک بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان پێویستێکی هەنووکەیی و زەروورەتێکی مێژووییە.

٤- ڕەنگە ئێوە لەگەڵ فێدڕاڵیزم خوازەکان لە سەر ئەوەیکە هەردوولا ناسیۆناڵیستن خاڵی هاوبەشتان هەبێت بەڵام پژاک بە پێی بیری بەڕێز ئۆجالان ناسیۆناڵیسمی کوردی ڕەد دەکەنەوەو ئێوە بە کلاسیک پێناسە دەکەن و کۆنفێدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک بە چارەسەر بو کوردستان و تەواوی جیهان دەزانن تەنانەت بەڕێز سیامەند مۆعینی لە دوایین چاوپێکەوتنی‌دا لەگەڵ ڕۆژنیوز حیزبە کلاسیکەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناتوانن ئازاد بیر کەنەوەو هێشتا لە چوارچێوەی سایکس – پیکۆدا سیاسەت دەکەن، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چیە؟

ناسیۆنالیست بوون تەنیا بە دروشم نییە و بە کردەوەیە، کام یەک لە ئەحزابی کوردستان جگە لەوانەی دروشم و ئامانجیان سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە،توانیویانە خزمەت بە بیر و هزری ناسیۆنالیسم بکەن؟

لە کوێی فیدراڵخوازی دا هەستی ناسیۆنالیستی بوونی هەیە؟ مەگەر پێناسەی فێدراڵی جیا لەوەیە کە دەخوازێ لە چوارچێوەی ئێران یان وڵاتی داگیرکەر دا بمێنێتەوە؟

ئەوانەی بیریان لە لای کۆنفێدراڵی،خودموختاری و فیدڕاڵیسمە خۆیان لە چوارچێوەی بیری داگیرکەر دا قەتیس هێشتۆتەوە و حەز بە کۆیلایەتی و کۆیلە مانەوە دەکەن.

فیدڕاڵی ، کۆنفێدراڵی و خودموختاری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا وەڵامدەر نییە و ئەوانەی پێیان وایە ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە وەک سوئیس و ئاڵمانن ئەوە لە تەوەهوم و خەیاڵات دا دەژین و خەون بە سەرۆککۆماریی ئێران و … وە دەبینن.

ئایا بە ڕاستی کە  ئەوان عەقڵیەتی پان ئێرانیی پان فارسیزمی فاشیزمییان نەناسیوە یان خەریکن خەباتی گەلی کورد بە قازانجی دوژمن و داگیرکەران کاناڵیزە دەکەن؟

سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپ و لەمپەرانەش ، ئێمە لە گەڵ هەموو حیزب و لایەنەکانی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان خاڵی هاوبەشمان زۆرە و گرینگترینیان کوردبوون و کوردستانی بوونمانە کە دەتوانێ هەموومان پێکەوە لێک گرێ بداتەوە.

۵- بەڕێزتان بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی کە نیشانەکان ئەوەمان پێ پیشان دەدەن کە ڕەنگە جارێکتر ئێران و ئەمریکا ڕێکەوتن بکەن، چ ڕێگا حەلێک بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە پێشنیار دەکەن؟

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ دەسەڵات و حکوومەتێکی دیکتاتۆر و تۆتالیتێر نەیتوانیوە بگاتە پەنجا ساڵ حکوومەتکردن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو قاعیدەیە موستەسنا نییە.

ئەمریکای سەردەمی بایدن نابێتەوە ئەمریکای سەردەمی ئۆباما و ئێرانی ئێستاش بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری، سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی تووشی قەیرانێکی ڕووخێنەر هاتووە و ڕێککەوتنی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی کە ئەستەم و چاوەڕواننەکراوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایە .

ئامانج لەو شێوە دانوستانەی کە لە گەڵ ئێران لە ئارا دایە،لاواز کردنیەتی لە تەوایەتی خۆیدا و ئەوەش ئەرکی ئێمە حیزب و لایەنە کوردستانیەکانە کە دەرفەتەکان وەک هەل بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و قازانجی گەلەکەمان بقۆزینەوە و لە لاوازیی ڕژیم کەڵکی دروست وەربگرین و هاوکات بە دروستکردنی لۆبی و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان بۆ پشتیوانی لە پرسی کورد  خێرایی بە ڕەوتی خەباتەکەمان ببەخشین.

هەروەها گەلی کورد بەر لە هەموو شتێک دەبێ خۆی لە بیری ئێرانی بوون کە ئێرانیەکان بە هاوکاریی حیزبە کوردییە ئێرانیەکان  ساڵانێکە کاری بۆ دەکەن دەرباز بکا.

دربازبوون لە چوارچیوەی جوغڕافیای جەعلیی ئێران بۆ ئێمە ئەولەویەتی یەکەمە و دەسەڵاتی ئێرانی چ کۆماری ئیسلامی، شاهەنشاهی و موجاهیدینی بێ بۆ ئێمە جیاوازییەکی نییە و خەباتەکەمان بۆ وەدرەنانی بیر و هزری ئێرانی داگیرکەر و دامەزراندنی دەوڵەت و سیستمێکی کوردستانییە.

٦- وەکوو پرسیاری کۆتایی، لە ساڵی ۲۷۲۱ بۆ ڕۆژهەڵات چ بەرنامەیکتان هەیە؟

هەموو شێوەکانی خەبات بۆ وەدرەنانی داگیرکەری ئێرانی بە ڕەوا و مەشڕووع دەزانین و لە هەموو بوارەکان دا ڕێکخستنمان کردووە و خەریکی ئامادەسازین بۆ ڕاپەڕینێکی بەرینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە کارمان کردووە بۆ:

–         دامەزراندنی ئەرتەشێکی نەتەوەیی بۆ کوردستان کە هەڵقوڵاوی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە و تەیارکراوە بە چەکی پێشکەوتوو و ئەوڕۆیی .

–         هەوڵدان بۆ پێکهێنان و دروستکردنی ناوەندێک بۆ سەرجەم سەربەخۆییخوازانی کوردستان.

–         دروستکردنی هاوپەیمانی لە گەڵ نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک عەڕەبی ئەحوزای،بەلووچ،تورکی ئازەری،کاسپیەن، تورکمان و …

–         دروستکردن و بەشداری لە هاوپەیمانییەکی جیهانی بە بەشداری هەموو ئەو وڵاتانەی لە تیرۆریسمی ئێرانی زەرەرمەند بوون.

–         دروستکردنی لۆبی و پێوەندیی سیاسی و دیپلۆماتیک لە گەڵ وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا، ئیسرائیل و عەڕەبستانی سەعوودی.

–         هەنگاونان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لە تەبعید و دوورخراوەیی دا بە بەشداری حیزب و لایەن و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

–         و…

بە گشتی بە هۆی ئەوەی ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان خەبات دەکەین بۆ سڕینەوەی ئەو بیر و هزر و زیهنیەتەی نزیکەی نیو سەدەیە ئەحزابی کلاسیکی کورد بە پاڵپشتیی پان فارسیسمی ئێرانیی فاشیست تاکی کوردیان لە چوارچیوەی ئێران و ئێرانی بوون دا پێناسە کردووە،ڕێگەیەکی سەخت و دژوارمان لە پێشە بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە و پڕۆژەکانمان و گەیاندنیان بە ئامانج و سەرەنجام، ئێمە بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەی پەروەردەیی تۆکمەی سیاسیمان لە بەر دەستە و خەریکین بە کردەوە کاری بۆ دەکەین.

لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی،پەروەردەیی و تەندروستی خەریکی بەڕێوەبردنی گەلێک پڕۆژەی گرینگین لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لێرە دا بە هۆی دۆخ و ڕەوشی داگیرکراوی کوردستان بۆ ئاماژە پێدان نابێ و لە داهاتووی ئازاد دا بە بەڵگەوە دەیانخەینە بەر دەم خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان.