٣٤ ساڵ بە سەر کارەساتی شیمیایی بارانکردنی ئاوایی زەردەی سەر بە داڵاهۆی کرماشان دا تێپەڕبوو،((لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئێران ئەو ناوچانەی بوردومان کردووە))

زۆرترین پڕیشکەکانی ئاگری شەڕی ماڵوێرانکەری دوو ڕژیمی داگیرکەری ئێران و عێڕاق کە نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، وەبەر کورد و بەشێک لە نەتەوە غەیرە فارسەکان کەوت و نەتەوەی کورد هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵات بووە سووتەمەنی و قوربانیی ئاگری ئەم شەڕە.

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی خومەینی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ وەستانی شەڕ قەبووڵکرد و بە قەولی خۆیان جامی ژاریان هەڵقووڕاند، ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی هەمان ساڵ و پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، چەند ئاواییەکی سەر بە ناوچەکانی پارێزگای کرماشان کەوتنە بەر هێرشی چەکی شیمیایی و بوردمان کران.
دوو ڕۆژ پاش ئاگربەست و لە ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ، ئاوایی و گوندەکانی زەردە، دیرە و سەرمیلی سەر بە داڵاهۆ و گێڵانیغەرب و سەرپێڵی زەهاو درانە بەر ڕهێڵەی چەکی شیمیایی و بوردمان کران کە تەنیا لە ئاوایی زەردە زیاتر لە ٢٧٥ کەس شەهیدو ١١٤٦ کەس بریندار بوون.

پاش تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بە سەر ئەم کارەساتە دا و بێدەنگیی ناوچەیی و جیهانی لە ئاست ئەم جینایەتەدا ، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هۆکاری بێدەنگی نواندن و هەوڵدان بۆ کپکردنی هەواڵی کارەساتی زەردە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو چەکە شیمیایەی لە زەردە بە کار هێنراوە، دەستکردی ڕژیمی ئێران بووە و لە ڕاستیدا، دەسەڵاتدارانی تاران بەم چەشنە قینی خۆیان دەرحەق بە گەلی کورد بە گشتی و پێڕەوانی ئایینی یارسانی بە تایبەتی، ڕشتووە.

پاش لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوونێکی زانستیانەی ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد لە ڕێگەی کەسانی شارەزای بواری چەکە قەدەغەکراوەکان و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەو ناوچەیە ئەم ڕاستیە دەرکەوتووە :
پاش ئەوەی ڕژیمی ئێران لەوە ئاگادار دەبێ کە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە و پێڕەوانی ئایینی یارسانی بە مەبەستی جەژن و ڕاز و نیاز لە سەر مەزراگەی بابایادگار و هاوکات بەشێک لە خەڵکەکەش لە ناو ئاوایی لە سەر مەزراگەی حەزرەتی داود کۆبوونەتەوە، دەستی دایە ئەم جینایەتە و لە ڕێگەی پێنج فڕۆکەی شەڕکەری ئێرانیەوە چوار بۆمبی شیمیاییان بە سەر ئاوایی زەردە دا داباراند.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەم ڕۆژە دا وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە و هیوای چاک بوونەوە بۆ برینداران و قوربانیانی ئەم جینایەتە دژە مرۆییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایدەگەیەنێ کە ڕژیمی ئێران بۆ زەربەلێدان و لە ناو بردنی نەتەوەی کورد لە هیچ چەشنە جینایەت و فتوایەک خۆی نەپاراستووە و سیاسەتی تواندنەوە و لە ناو بردنی گەلی کورد لە ڕیزی یەکەمی بەرنامەکانی دایە، هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگای جیهانی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکەین کە ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن و بە ناردنی تیمی لێکۆڵینەوەی بێ لایەنی جیهانی، ئەو ڕاستیە ئاشکرا بکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چ شێوەیەک چەکی قەدەغەکراوی شیمیایی بەکار هێناوە .

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٢ی جولای ٢٠٢٢ی زایینی