کوردستانی کلۆنیزە کراو

گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی چل ملیۆنی نزیکەی سەد ساڵە بە سەر چوار وڵاتی دەستکرد و جەعلی بە ناوەکانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق دا دابەش کراوە.
ئەو چوار وڵاتە لە راستیدا خاکی کوردستانیان داگیر کردووە و کوردستان کلۆنیزە کراوە.
جوغرافیای ئەو چوار وڵاتە لە سەر خاک و خوێن و زمان و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی وەک عەڕەبی ئەحوازی، بەلووچ، تورکی ئازەری، تورکمان، کاسپیەن و چەندین نەتەوەی تر دروست کراوە.
ئەوەی من لێرە دا دەمهەوێ باسی لێوە بکەم ، مەسەلەی داگیرکاریی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە لە لایەن وڵاتێکی دەستکرد و ساختەگی بە ناوی ئێرانەوە.
ئێمەی کورد کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نزیکەی ١٣ ملیۆن حەشیمەتمان هەیە و خاک و زمان و مێژوومان داگیرکراوە و هەوڵی توانەوە و لەناوبردنمان دەدەن.
زمان و جلوبەرگی کوردستان لە قوتابخانە و زانکۆکان قەدەغەیە و خوێندن و پەروەردە بەو زمانە لە ئێراندا نایاساییە.
کورد ئێزنی پێ نادرێ لە دەسەڵاتی سیاسی دا بەشدار بێ و بۆ وێنە ئوستاندار و بەرپرسانی سەرەکیی شارەکانی کوردستان لە دەست نەتەوەی فارس دایە و هیچ کوردێک ناتوانێ بۆ وێنە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بەربژێر بکا و تەنانەت ئەوانەی وەک نوێنەری خەڵکی شرەکانی کوردستان ڕەوانەی پارلمان دەکرێن، تەنیا لە ژێر چاوەدێری خۆی دایە و نوێنەرانی سەر بە رژیم بە ناوی نوێنەری خەڵک دەباتە پارلمان.
لە بواری ئابووریەوە هیچ کارخانە و کارگایەک لە کوردستان ئیزن و مۆڵەتی دامەزراندنی پێ نادرێ و بێکاری و گرانی لەو پەڕی خۆی دایە،
رژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی داوە تاکوو کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری، سیاسی و … لە لاوازی دا بێڵێتەوە.
جیا لە هەموو ئەوانەش کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامەبۆ داڕێژراو هەمیشە میلیتاریزە کراوە و ڕەوش و دۆخی کوردستان ئەمنیەتی و نیزامیە و فەزای نیزامی بە سەر هەموو شارەکان دا زاڵە و زۆربەی بەرپرسانی ئیدارات لە کوردستان کەسانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسداران و لە نیزامیەکانی ڕژیمن.
ژینگە پارێز، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و چالاکی سیاسی، ژنان، و چالاکانی مەدەنی و … لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە سەرجەمیان وەک دژی ئینقلابی ئیسلامی چاویان لێدەکرێ و سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ١٧ لە سەدی حەشیمەتی ئێران کوردەکان پێکی دێنن، بەڵام زیاتر لە ٧٠ لە سەدی زیندانیە سیاسیەکان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بوارە جۆربەجۆرەکان لە زیندانیانی کورد پێک هاتووە کە زۆربەی هەرە زۆریان یان حوکمی لە سێدارەدان و یان زیندانی درێژ ماوەیان بە سەر دا دەسەپێندرێ.
بە باوەڕی ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، باسکردن لە ئیسلاحات و چاکسازی لەو ڕژیمە و بە گشتی هەر ڕژیمێکی دیکە لە ژێر ناوی ڕژیمی ئێرانی دا خەیاڵات و تەوەهوماتە .

ئێمەی کورد بۆ خۆمان دەبێ بە دەستی خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و ئەو مافەمان هەبێ کە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاد و دێموکرات دا بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆمان بدەین.
ئێمەی کورد بە زۆر ناسنامەی ئێرانیمان بە سەر دا سەپاوە و ئەگینا هۆیەت و ناسنامە و پێناسەی ئێمە کورد و کوردستانییە و ئێرانی بوون بۆ ئێمە بە واتا و مانای سەلبی هۆویەت و شوناسی کوردستانی بوونە و ناکرێ ئێمە هەم ناوی نەتەوەیەکی جەعلی بە ناوی ئێرانمان لە سەر بێ و هەم کورد بین، بێگومان ئێمە نەتەوەی کوردین و نە ئێرانی.
هەموو بەڵگە مێژوویەکان دەیسەلمێنن کە مێژوو و زمان و فەرهەنگ و جوغڕافیای ئێمە کوردستانیە نەک ئێرانی، عێڕاقی، سووری یا تورکیەیی.
ئەو چوار وڵاتەی کوردستانیان داگیرکردووە لە ڕاستیدا کەمتر لە سەد ساڵە دروست کراون و وڵات و ناسنامەی خۆیان لە سەر خاک و خوێنی ئێمە دامەزراندووە،
بە باوەڕی ئێمە باشترین چارەسەر بۆ نەتەوەی کورد بە تایبەتی لەو جوغرافیا جەعلیەی ناوی ئێرانیان لە سەر داناوە، هەوڵدان و گەیشتنە بە سەربەخۆیی و ئیستقلال لە ڕێگەی ڕێفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووس.
گەلی کورد بۆ خۆی دەبێ وەک باوی نەتەوەکانی دیکە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدا، نەک نەتەوە یا گەلێکی دیکەی بالاذەستی وەک فارس .

ئامانجی ئێمە لە خەبات بە دژی ڕژیمی ئێرانی بە گشتی، دەرکردنی داگیرکەری ئێرانیە لە سەر خاک و نیشتمانی کوردستان و بە دەستەوە گرتنی سەروەریی سیاسی لە لایەن نەتەوەی کوردەوە.
وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە داین کە ئێمە لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی وەک عەڕەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، بەلووچ، کاسپیەن و تورکمان و باقی نەتەوەکانی دیکە کە لە لایەن ئێرانەوە خاکیان داگیرکراوە،دەبێ یەکگرتووانە و یەکدەنگ لە بەرانبەر سیاسەتە داگیرکارییەکانی ئێرانی ، چ شاهەنشاهی و تەواویەتخواز و چ موجاهیدینی و کۆماری ئیسلامی بوەستینەوە و هاوپەیمانییەکی بە هێز دروست بکەین، بۆ ئەوەی ببین بە هێز و ئادرەس و ئەڵتێرناتیڤێکی بە هێز لە بەرانبەر بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا.
نە فیدراڵی و کۆنفدراڵی و نە خودموختاری هیچ کامیان ناتوانن مافی ئێمەی نەتەوەی غەیرە فارس دەستەبەر بکەن.
چونکە هیچ فارسێک ئامادە نییە دان بە بچووکترین مافی نەتەوەکانی دیکە دابنێ و بەشی زۆرینەیان وا تێگەیشتوون و تێگەیەندراون کە وەک ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ و برا گەورە و ئێمە کڕی گرتە و برا بچووک بین و هەر کات پێیان باش بوو مافێکی شارۆمەندیی دەرجە سێ و چوارمان بدەنێ.
بۆیە پێکەوە ژیان لە جوغڕافیایەک بە ناوی ئێراندا مەحاڵە و تەنیا دەتوانین ببین بە حەوت وڵاتی باشی دراوسێ و جیرانی یەکتر بە ناوەکانی کوردستان، ئەلئەحواز، ئازەربایجانی جنوبی، بەلووچستان، کاسپیەن و تورکەمەنستان.
لە کۆتاییدا تا ئەو کاتەی مافی گەلانی غەیرە فارس دەستەبەر نەبێ و رژیمی ئێرانی لە تەواویەتی خۆی دا تێک نەڕووخێندرێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی ئاشتی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ.
چونکە سەرچاوەی هەموو تیرۆر و ئاژاوە و ترس و تۆقاندن و شەڕ و شەڕئەنگێزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە پلەی یەکەم رژیمی ئێرانیە و لە گەڵ هاتنە سەر کاریەوە بە تیرۆر وهەناردەکردنی ئەو تیرۆرانە و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و پەرە پێدان و ڕێبەری کردنی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی فرچکی گرت و خۆی سەپاند،
بۆ لە ناوبردنی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی سەرەتا دەبێ سەری مارەکە واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران پان بکرێتەوە.