• کورتە مێژوویەک:

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەر دەست دان، مێژوو نیشانی داوە کە نەتەوەی کورد نزیکەی پێنج هەزار ساڵ بەر لە پەیدابوونی حەزرەتی عیسا لە داوێنی چیاکانی زاگرۆسدا بە ناوەکانی (( گووتی، لۆلۆ، کاسی، میتانی، سۆباری، نایری، مانایی، کوردۆک و خالیدی)) زۆرتر بە ڕەوشتی کۆچەرایەتی ژیاون.
مێژووی خەت و نووسینیش نازاندرێ، بەڵام وادایارە کە یەکەمین خەت و نووسینی مرۆڤ زۆر سادە و ساکار بووە و بەم چەشنە خەتەش وتراوە خەتی وێنەیی.
هەندێ سەرچاوەی مێژوویی شارستانیەت و فەرهەنگ و نووسینە سەرەتاییەکان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان کە بەڵگەکان ئاماژە بە کورد بوونی سۆمەریەکان دەدەن.


سۆمەریەکان خەتێکیان بە ناوی خەتی بزماری داهێناوە و کۆنترین و مێژوویی ترین چیرۆک و داستان کە بە کۆنترین کاری ئەدەبیی جیهانیش ناسراوە، داستانی گلگامشی سەردەمی سۆمەریەکانە کە لە وڵاتی نێوان دوو ئاوە (میزۆپۆتامیا)،یا هەمان کوردستان سەریهەڵداوە. ئەم داستانە لەسەر تاشەقوڕینە نوسراوە .
بەو پێیە مێژووی شارستانیەتی نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی ٥٥٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین و تەنانەت بەر لە سەردەمی سۆمەریەکان.

  • سوومەر

  • سوومەر یان سوومێر (بە ئینگلیسی: Sumer) نەتەوەیەکن کە لە بەشی باشووری مێزۆپۆتامیای ھاوچەرخ لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زاینەوە لە مەیدانی سیاسی و ژیاریدا دەرکەوتن، ئەمان لە باکوری کوردستان وئانادۆڵ هاتونەتە باشوور. خۆری گەلی سۆمەری لە سەروبەندی ساڵی ١٩٠٠ ب.ز. دا بەرەو ئاوابوون دەچێت و ئەم گەلە بەرەو تەفروتونا بوون دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەیان وەک زمانی زانست و ئاین و گەردونناسی هەتا وەکوو کۆتایی لەناوچوونی نوسسینی مێخی لەناو زمانەکانی دیکەدا خۆی ڕاگرت
    زمانی سومەری زۆر لە کوردی ئەمڕۆنزیکە و زمانێکە هێندوئورووپایی.

  • جلی گودا پاشای سوومەری بەتەواوی شێوەی جلی ڕێبەری ئێزەدیە کوردەکان دەدا.
  • زاگرۆس: 

وشەیەکی لێکدراوی کۆنی کوردییە لە (زاگ+ڕۆژ) پێکھاتووە بەمانای زێد یان شوێنی لەدایکبوونی ڕۆژ ، گەورەترین زنجیرەچیای کوردستانە، کە بەدرێژایی خاکی کوردستان  لە ناوچەی وان لە باکووری کوردستانەوە دەست پێدەکا و تا ناوچەی کرمان و بە گشتی ١٦٠٠ کیلۆمەتر درێژەی ھەیە. بەرزترین شوێن لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس زەردکێوە (٤٥٤٨ میتر) لە ناوچەی لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

مێژووی ژیان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس کە بە پێی هەموو سەرچاوە مێژوویەکان، کورد تێیدا نیشتەجێ بووە دەگەڕێتەوە لانی کەم بۆ سەدان هەزار ساڵ لەمەوبەر.

بەڵام داگیرکەرانی خاکی کوردستان بەرە بەرە پاشەکشەیان بە کورد کردووە و بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەیان داگیرکردووە و بە تایبەتی لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانیەکان بەم لاوە تا دەگاتە ڕژیمی ئیسلامیی ئێستای ئێران، بەردەوام سیاسەتی تواندنەوە و قەڵاچۆکردن و لە ناوبردنی گەلی کوردیان داڕشتووە.

مێژوونووس محەمەدی تەبەری لە سەدەی هەشتم و نۆیەمی زایینی دا ئاماژەی بەوە داوە کە پێش هاتنی ئیسلام حکوومەتی ساسانیەکان کە کورد بوون، بەشی زۆرینەیان لە شارەکانی کرمان و شیراز و چەند ناوچەیەکی تر کە ئێستا ئاسەواری کوردستانی بوونی پێوە نەماوە، ژیاون و دەسەڵاتیان هەبووە.

هاوکات مێژوونووسان محەممەد ئەمین زەکی بەگ و حەمدوڵڵا مستۆفی باسیان لە دەسەڵات و ئیمارەتی شوانکارە لە کۆتاییەکانی سەدەی دەیەم تا چواردەیەمی زایینی کردووە کە لە سەرجەم ناوچەکانی زاگرۆس خاوەن دەسەڵات بوون و دواتریش تا دەگاتە سەدەی پازدەیەم دەسەلات بە دەست کوردانی حەسنەویەوە بووە  و لە شاری سنەوە تا دەگاتە بەهاری هەمەدان و کرماشان و بووشێهر لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دابووە.

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا بە سەر جوگڕافیای کوردستان لە  کتێبی مێژوویی شەڕەفنامەی ، شەڕەفخانی بدلیسی دا بدەینەوە کە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٥ی زایینی نوسراوە، بە ڕوونی ئاماژە بە جوگرافیای کوردستان کراوە کە لە ئێستا دا بەشێکی زۆری بە تەواوی داگیرکراوە و ناسنامەی کوردستانی بوونیان لێ سەندۆتەوە.

بەرە بەرە داگیرکەرانی زاگرۆس و تۆرۆس ، هەنگاو بە هەنگاو هاتوونەتە پێشێ و هەر جارەو کوتێکیان لە کوردستان دادڕیوە و داگیریان کردووە و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی دابەشکردنی نەتەوەی کوردیان داوە.

عوسمانیەکان بە ناوی ئیسلامی سونی و سەفەویەکان بە ناوی ئیسلامی شیعە ،تەنانەت بۆ شەڕی ئایینی و مەزهەبیی نێوانیان و بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان کەڵکیان لە گەلی کورد وەرگرتووە و لەو ڕێگەیەشەوە جارێکی دیکە، کوردیان دابەش کردووە.

لە سەدەی حەڤدەیەم دا سەفەوی و ئەفشاریەکان دەسەڵاتی بەشێک لە ناوچەکانی زاگرۆسیان گرتە دەست و دواتر بۆ ماوەیەک دەسەڵات کەوتەوە دەست سەرداری کورد کەریم خانی زەند و حکوومەتی زەند بۆ ماوەی نزیکەی ٤٤ ساڵ حکوومەتی کرد.

لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم واتە لە ساڵی ١٧٩٦ی زایینی تاکوو سەدەی نۆزدەیەم واتە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی نەوە تورکەکانی تەیمووری لەنگ و چەنگیزخانی مەغول کە لە چین و مەغۆلستانەوە هاتبوون لە ژێر ناوی قاجاڕ حکوومەتێکیان دامەزراند.

ساڵی ١٩٢٥ی زایینی ڕەزا پەهلەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و لە گەڵ محەممەد ڕەزای کوڕی تا ساڵی ١٩٧٩ی زایینی حکوومەتیان کرد و دواتر دەسەڵات کەوتە دەست خومەینی و ڕژیمی ئیسلامیان دامەزراند و تا ئێستاش بەردەوامە.

دیارە ئەوەی جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، ئەوەیە کە تا سەردەمی دەسەڵاتی محەممەد ڕەزای پەهلەوی، گەلی کورد لە چەندین ناوچە خاوەنی حکوومەت و دەسەڵاتی خۆی بووە .

  • لە سەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا ھۆزەکانی گۆتی، حووری، مانناکان و مادەکان ژیاون.
  • ژینگەی سەرەکی ھۆزی مانناکان باشوور و ڕۆژھەڵاتی زەریاچەی ورمێ بووە، و دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی لە دەوارندەوری ئێستای شاری بۆکان.
  • پاشایەتی کاردۆخ (کاردۆکان) لە باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی وان کە دەکەوێتە نێوان پارسەکان و مێزۆپۆتامیا، کاتی لاوازبوونی ئیمپراتۆری ساسانی سەربەخۆ بوو و لە ١٨٩ی پێش زایین تا ٣٨٤ی پاش زایین حوکمڕانی دەکرد بەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاناتۆلی. ڕۆمییەکان لەکاتی زۆرداری لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، بە سەر بەشێکی گەورەی ژینگەی کوردەکان، بەتایبەت بەشی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان حوکمڕانیان ئەکرد. کاردۆخ بووە ناوچەیەکی باجدەری ڕۆم لە ساڵی ٦٦ی پێش زایین ھەتا ٣٨٤ی دوای زایین. کاردۆخ کەوتبووە ڕۆژھەڵاتی «سیلوان» کە شارێکە لە ڕۆژھەڵات و باشووری دیاربەکری ئەمڕۆکە. ھێندێ لە مێژووناسەکان نێوان کاردۆخ و ناوە ئەمڕۆیییەکانی کورد و کوردستان پێوەندی دەزانن.ھەڵبەت ھێندێکیش دژی ئەوەن؛ بەڵام لە زانستنامەی کۆلۆمبیادا ئەوە سەلمێندراوە.

یەکێک لە کۆنترین بەڵگە دۆزراوەکان لە بەکارھێنانی وڵاتی کوردەکان، بەڵگەیەکی ئایینی مەسیحی سریانییە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی عەتیق، کە گێڕانەوەی گەڕانی قەشەیەکی خەڵکی ئاشوور، بە ناوی “ئابدیشۆ” دەکات بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین. کاتێ بەرەو ساسانیان دێت، لەسەر سنوور لێی دەپرسن کە لە کوێوە ھاتووی، وەڵام دەداتەوە کە دایک و بابم لە ھەزا بوون؛ کە ھەزا گوندێک بووە لە ئاشووردا. لە درێژەدا دەڵێت کە لەلایەن بێ دینەکانەوە لەو شوێنە دەرکراون و لە تامانۆن جێگیر بوون؛ کە وەک ئابادیشۆ دەڵێت، لە وڵاتی کوردەکاندا بووە. “تامانۆن” دەکەوێتە ڕاست سەر سنووری تورکیا و عێراقی ئێستا و ھەزا لە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شاری ھەولێری ئێستایە. لە جێگەیەکی دیکە ھەر لەم بەڵگەیەدا، لە ناوچەی خابوور، بە وڵاتی کوردەکان ناوبراوە.

  • مادەکان
    مادەکان بە شکست پێھێنانی ئاشووریەکان لە ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح، بوونە گەورترین پاشایەتی و ئیمپڕاتۆریی ڕۆژئاوای ئاسیا. پاشایەتی ماد لە سەردەمی ھەڤەخشترە حۆکمڕانی گەورەترین پاشایەتی ڕۆژئاوای ئاسیای دەکرد.

بە سەر ناوچەکانی ئێرانی ئێستا، تورکیای ئەمڕۆ و ئەفغانستان حوکمڕانی دەکرد و گەورەترین حۆکمڕانی بوو کە ھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەی خستە ژێر ئالایەک.
کۆمەڵە ھێرشەکانی ئاشوورییەکان بۆ سەر ھەرێمی ماد لە ٨٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح، ئەو نەتەوەیەی تووشی کێشە کردبوو. ھێرودوت دەنووسێ: ئاشوورییەکان زیاتر لە ٥٠٠ سال حۆکمڕانیان کرد لە ئاسیادا. یەکەم خەڵکانێک وا بەرامبەری دەسەڵات ڕاوەستان، مادەکان بوون. ئەوان بۆ ئازادی شەریان کرد، تێ‌کۆشان و لە بەندەیی ڕزگار بوون.

وشەی ماد یان میدی لە ناوی مازای یان مادای (کە بە زمانی ئینگلیزی بە میدۆس ناوی ھاتووە) لە ناوی کوڕی یافیز یان جافێزی کوڕی نووح ھاتووە، کە یەکێکە لە شازدە نەوەکانی نووح لە دوای لافاوە گەورەکە کە ڕزگار بووی کارەساتەکە بوون و کشتیەکەی نووح لە سەر کێوی جوودی لە باکووری کوردستان گیرسایەوە.


  • وڵاتی ماد
    وڵاتی ماد، مه‌دیا یان مادیا ناوی وڵاتێکە کە ئەو خەڵکەی بە ماد ئەناسرێن لەوێ گیرسانەوە. وڵاتی ماد دوو بەش بوو. کوردستانی ئێستا وئازەربایجانی ئێستای ئێران و بەشێک لە تورکیەی ئێستا مادی بچووک و بەشێک لە عێراق و پارێزگاکانی سنە و ھەمەدان و کرماشان و لوڕستانی ئێستا مادی گەورە بوون. پایتەختی ماد لە ڕابردوودا ھیگمەتانە‌ بووە دوایی بە ئەکباتان ناوی گۆڕدرا و ئێستا ناوی هەمەدانە.
    مادەکان لە کوێستانەکان گیرسانەوە و لە بەرد مس، ئاسن، نۆقرە و زێڕ و مەڕمەڕیان بەدەست دەھێنا.
    لە تەختاییەکانیشدا کشت‌وکاڵیان دەکرد.
  • سنووری خاکی ماد
    سنووری خاکی ماد لە باکوورەوە ڕووباری “ئاراس”و لوتکەکانی چیای ئەلبورز لە خوارووی دەریای خەزەر ، لەڕۆژھەڵاتەوە دەشت شۆرەکاتەکانی دەشتی “کەویر”و لە ڕۆژئاواو خواروەوە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە و لە کەناری خوارووی دەریاچەی ورمێ و دەوروبەری چەمی “جەخەتوو” و ئەو ڕووبارانەی کە شانبەشانی ئەو دەڕۆن ،ئەم ناوچەیە لە سەدەی نۆیەمی پێش زاییندا ناوی “زاموای”ناوخۆ بووە.
  • تیرەکانی ماد
    وەک زانیارییە مێژوویەکان پێمان دەڵێن ٣ تیرە لە ٦ تیرەکەی یەکیەتی ماد واتە بوسیەکان، ستروخاتیەکان و بودیەکان، بەشی کوردەکان بووە و ٣ تیرەکەی تر بریتی بوون لە ئاریزانتیەکان (پیاو ماقووڵەکان) کە لە نزیکی کاشانی ئێستای ئێران ئەژیان و مۆغەکان کە لە نێوان شاری مەراغە و ڕەی ئێستای تاران‌دا دەژیان و لە کۆتاییدا پارتاکانیەکان ئەو خەڵکە بوون و لە ئیسفەھانی ئێستادا ژیانیان ئەبردە سەر. وەک نووسراوە یۆنانیەکان دەڵێن تیرەی ستروخاتیەکان کە بە ساگارتی ناویان دەبردرێ لە کرماشانی ئێستادا بوون کە ناوی یۆنانی کراوەکەی یانی زاگرۆس بۆ زنجیرە کوێستان ئەو ناوچە داندرا.
  • پێکھاتنی پاشایەتی ماد
    وەک یۆنانیەکان باسی دەکەن دوای ھێرشە پڕھێز و دڕندانەکانی ئاشووریەکان بۆ سەر خەڵکی ماد، دەوروبەری ساڵی ٧٠٨ پێش زایین، ڕابەرێک لە تیرەکانی ماد کە ناوی دیاکۆ دەبێ، لە لایەن نوێنەرانی یەکیەتی تیرەکان ، بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ناوەندی ھەڵدەبژێردرێت. بە یەکگرتنەوەی تیرە بەربڵاوەکان و ڕێکەوتن لە سەر یاساکانی ناودەوڵەتی ، حکوومەت پەرە ئەسێنێت و ھەگمەتانە بە پایەتەختی خۆیان دائەنێن.
  • پاشاکانی ماد
    دیاکۆ (٧٠٨ تا ٦٥٥ی پێش‌ زایین) ٥٣ساڵ درێژەی ھەبووە.
    فرەڤەرتیش (٦٥٥ تا ٦٣٣ی پ.ز.) ٢٢ساڵ درێژەی ھەبووە.
    ھەڤەخشترە (سیاگزار) یان (کەیخەسرەو بە کوردی) (٦٣٣ تا ٥٨٤ی پ. ز.) ٤٩ساڵ درێژەی ھەبووە.
    ئەژیدەھاک (ئاستیاگ) (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز.) ٣٤ساڵ درێژەی ھەبووە.

 


  • سەدەی ناوەڕاست
    لە نیوەی سەدەی ١٠ی زایینیدا، ناوچەکە لە نێوان پێنج دەسەڵاتداریدا بەش کرا: لە باکووردا شەدادییەکان (٩٧٥ تا ١١٧٤ی زایینی، دەکەوێتە ئەرمەنیای ئێستا)، ڕەوادیدەکان (٩٥٥ تا ١٢٢١ی زایینی لە تەبرێز و مەراغەدا)، لە ڕۆژھەڵاتدا حەسنەوییەکان (٩٥٩ تا ١٠١٥ی زایینی) و ئانازییەکان یا عەیاران (٩٩٠ تا ١١١٦ی زایینی لە کرماشان و خانەقین) و لە ڕۆژاوادا مەروانییەکان (٩٩٠ تا ١٠٩٦ی زایینی لە دیاربەکر). لە سەدەی ١١دا ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی سەلجوقە تورکەکانەوە و لە سەدەی ١٣ بۆ ١٥ بە دەستی مەگۆلەکانەوە دوای ئەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تاکو جەنگی جیھانی یەکەم.

  • لە چەرخی نێوانیدا، کوردستان کومەڵێک بوو لە ناوچە نیوە سەربەخۆکان کە بە ناوی «میرنشین» دەناسرێت، کە بە ڕوالەت لەژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی پاشا یان خەلیفەدا بوون. شیکراوەی مێژووی ئەم میرنشینانە و پێوەندیان لەگەڵ ھاوسێکانیان لە کتێبی «شەرەفنامە» لە نووسینی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) ھاتووە.
    میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و گەرمیان لە باشووری کوردستان و عێراقی ئەمڕۆکە دا ، بۆتان و بدلیس لە باکووری کوردستان و تورکیای ئەمڕۆ دا و موکریان و ئەردەڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی ئەمڕۆکە دا دروست بوون.

یەکێک لەو بەلگە کۆنانەی بەکارھێنانی ناوی کوردستان تێیدا دەسەلمێت، دەقێکی مێژوویی ئەرمەنیایە، کەسێک بە ناوی matteos urhayci نووسیوە. ئەو باسی شەڕێک دەکات و دەڵێ کە لە شوێنێک نزیکی ئامەد لە ١٠٦٢ لە کوردستان ڕوو دەدات.
بەڵگەی دووھەم پەراوێزێکە لە ئینجیلێکی دەستنووسراوەی ئەرمەنی کە لە ١٢٠٠ی زایینیدا نووسراوە.
سێیەم بەڵگەی بەکارھێنانی وشەی کوردستان، لە نوزھات ئەل قلوب حەمدوڵڵا موستەوفی (١٣٤٠ی زایینی) بینراوە


  • سەدەی نوێ

لە سەدەی ١٦ی زایینی، دوای شەڕە خاچپەرستییەکان، کوردستان، لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بەشکرا. زۆربەی پرۆسەی دابەشکردنی کوردستان، دوابەدوای شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ی زایینیدا ڕوویدا کە دواتر تەنھا بە ڕواڵەت، لە گرێبەستی زوھاب (زەھاب، قەسرشیرین) لە ساڵی ١٦٣٩دا بە فەرمی کرا.

لەکاتی شەڕی جیھانی یەکەم، زۆربەی کوردەکان لە پارێزگای کوردستان و لەسەر سنووری عوسمانییەکان بوون. دوای لەیەکبوونەوەی ئیمپراتوری عوسمانییەکان، ھێزە یەکگرتووکان (واتە وڵاتانی: فەڕانسە، بریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا و ژاپۆن)، بڕیاریاندا لەسەر سنووری پێشووی عوسمانی، چەند وڵاتێکی نوێ دامەزرێنن.

بەپێی پەیمانی سێڤر، کوردستان و ئەرمەنیاش یەکێک بوون لەم وڵاتانە. بەھەر شێوە، دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھێزەکانی ئاتاتورک، ھێزە یەکگرتووکان لەگەڵ پەیمانی لۆزان ڕێککەوتن و سنوورە نوێکانی کۆماری تورکیا دیاریکرا و کوردەکان بێ ناوچەیەکی سەربەخۆ مانەوە. بەشێکی لە ناوچە کوردنشینەکان کەوتە ناو سنووری نوێی تورکیاوە و بەشێکی دیکەی لکێندرا بە سووریا و عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی فەڕانسە و بریتانیا بوون.

لە کۆتایی شەڕی کەنداودا، ھێزە یەکگرتووەکان ناوچەیەکی قەدەغەیان بۆ فڕۆکەکان دامەزراند. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەشی باشووری کوردستان کە دەکەوێتەوە باکووری عێراق بتوانێ لە ساڵی ١٩٩٢دا ناوچەیەکی سەربەخۆ دامەزرێنێت کە دەسەڵاتی ناوخۆ و پاڕلەمانی ھەیە.

  • شارستانیەت و حکوومەتی کۆنی کورد و ناوچەکە
  1. شارستانیەتی ئیلام نزیکەی ٢٧٠٠ تا ٦٧٨ی پێش زایین.
  2. دواتر حکوومەتی مادەکان لە ٧٢٦ تا ٥٥٠ی پێش زایین
  3. هەخامەنەشیەکان لە ٥٥٠ تا ٣٢٩ی پێش زایین
  4. مەقدوونیەکان لە ٣٣٤ تا ١٣٨ی پێش زایین
  5. پارسەکان (( فرترکه‌کان)) لە ١٣٢ی پێش زایین تا ٢٢٤ ی دوای زایینی
  6. ئەشکانیەکان ٢٤٧ی پێش زایین تا ٢٢٨ی زایینی
  7. ساسانیەکان لە ٢٢٤ی زایین تا ٦٥٢ی زایینی

دواتر بە هۆی هێرشی ئیسلام ، دەسەڵاتی ساسانیەکان تێکڕووخا و پاشای کورد واتە یەزگوردی سێهەم لە ساڵی ٦٥٢ی زایینی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات بەڵام لە هەندێک ناوچە دەسەڵاتی ساسانیەکان تا ساڵانی ٧٣١ی زایینی درێژەی هەبوو.

  • خەلیفەکانی ئیسلام لە ٦٤١ تا ٩٤٦ی زایینی لە ژێر ئەو ناوانە حوکمڕانیان کردووە:
  1. خەلیەفەکان لە ۶۴۱ تا ۶۶۱ زایینیی
  2. سەفیانیەکان لە۶۶۱ تا ۶۸۳ زایینیی
  3. زوبەیریەکان لە ۶۸۳ تا ۶۹۲ زایینیی
  4. مەڕوانیەکان لە ۶۸۳ تا ۷۵۰ زایینیی
  5. عەبباسیەکان لە ۷۵۰ تا ۹۴۶ زایینیی
  6. هەروەها گاوبارییەکان لە ۶۴۲ تا ۷۶۰ زایینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە کە بریتی بوون لە چەندین حکوومەت و عەشیرەی تر کە بریتین لە :
  7. باوەندیان، کیوسیە، ئەسپەهبودیە، کینخواریە
  8. تاهیریەکان لە ۸۲۱ تا ۸۷۳ زایینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە
  9. سەففاریەکان لە ۸۶۱ تا ۱۰۰۲ زایینی
  10. عەلەویەکان تەبەرستان، سامانیەکان و زیاریەکان تا ١٠٩٠ی زایینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە
  11. بووییەکان لە ٩٣٣ی زایینی تا ۱۰۵۵ زایینی
  12. غەزنەویەکان لە ۹۷۵ تا ۱۱۸۷ زایینی
  13. سەلجووقیەکان لە ۱۰۳۷–۱۱۹۴ زایینی
  14. خارەزمشاهیەکان لە ۱۱۵۳تا ۱۲۳۱ زایینی
  15. ئیلخانیەکان لە ۱۲۵۶ تا ۱۳۵۷ زایینی
                  هاوکات ئەم حکوومەتانەش لە ناوچە جۆربەجۆرەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە:
  16. جەلایریەکان، موزەفەریەکان، چووپانیەکان ، ئالی ئینجۆ، کیاییەکان
  17. تەیمووریەکان لە ١٣٧٠ی زایینەوە تاکوو تا مارسی ١٤٦٩ دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە.
  18. ئاق قوویۆنلوو و قەرەقوویوونلووەکان لە ۱۹ی ئاوریلی ۱۴۳۸ زایینیەوە تاکوو ۱ی ژانویه ۱۵۱۴ی زایینی دەسەڵاتیان بەڕیوە بردووە.

بەشی زۆری ئەو دەسەڵاتانە لە دەست کورد دابوون و بە تایبەتی حکوومەت و دەسەڵاتی ساسانیەکان هەر هەمووی بە دەست کوردەوە بووە.

  • کوردستان چۆن دابەش کرا؟

زیکەی ٥٠٠ ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر و چوار ئیستعمارگەری ، ئێران، سووریە،عێراق، تورکیە وە داگیر و دابەش کراوە.
یەکەم جار لە ساڵی ١٥١٤ی زایینیدا و لە کاتی شەڕی چاڵدێران کە لە نێوان دوو دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی دا ڕوویدا، کوردستان دابەش کرا و ئەو دابەشکردنەش ساڵی ١٦٣٩ی زایینی لە پەیماننامەیەک دا بە ناوی زەهاو بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی ١٧ی مەی ١٦٣٩ی زایینی دوو ئیمپراتوری سەفەوی و عوسمانی، بە دابەشکردنی وڵاتی کوردستان لە نێوانیان، کۆتاییان بە شەڕێکی ١٥٠ ساڵە هێنا و پەیمانی “قەسری شیرین”ـیان نووسی.
شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی بە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ گەیشتە لوتکە و لە ١٦٢٩ بە شەڕەکانی گورجستان و ئەرمەنستان گەرم بۆوە و لە ساڵی ١٦٣٩ بە پەیمانێک بەناوی “قەسری شیرین” یان “زەهاو” و دابەشکردنی کوردستان کۆتاییهات.
دوای ململانێ و شەڕێکی ١٥٠ ساڵە لەنێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی (فارس) و ئیمپراتوریەتی عوسمانی (تورک)، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ لە قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەو دوو دەوڵەتە پەیمانێکیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەو پەیمانە بەشێک لە کوردستان و هەموو عێراقی ئەو کات لە دەسەڵاتی سەفەوی و فارس جیا کرایەوە و درایە عوسمانی، بە مەرجێک ئیرەڤان بگەڕێتەوە سەر ئیمپراتۆری فارس.
جارێکی تر و پاش شەڕی یەکەمی جیهانی خاک و نەتەوەی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە، ئێران، عێڕاق و سووریە دا دابەش کرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا کوردستان بۆتە موستەعمەرە و بە بەردەوامی هەوڵ بۆ سڕینەوە و لە ناو بردنی دراوە.
لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی یەكەمی جیهانییەوە دەوڵەتە زلهێزەكان لەپێناوی ئەوەی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ناوچەكانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عوسمانی داگیر بکەن، دەستیان بە دانیشتن و دانوستان کرد.

بەو هۆیەوە ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ کە بە ڕێکەوتننامەی ناوەندی ئاسیا دەزانرێ لە ١٦ی مەی ١٩١٦ لە نێوان بریتانیا و فەڕانسە و بە ڕازیبوونی ئیمپڕاتۆریی ڕووسیە ئیمزاکرا و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر ڕووسیە و بریتانیا و فەڕانسە دا دابەشکران.

لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکەدا ناوچەكانی باكووری كوردستان لەگەڵ ئیستانبووڵ، درا بە ڕووسیە. ڕۆژئاوای کوردستان و سووریەش دران بە فەڕانسە. باشووری کوردستانیش کە سەرەتا بۆ فەڕانسە بوو، بەڵام کەوتە ژێر دەستی بریتانیا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی فارس دا مایەوە.

نوێنەری بریتانیا مارک سایکس و نوێنەری فەڕانسەش جۆرج پیکۆ بوون و ڕێکەوتننامەکەش بە ناوی ئەوانەوە ناونرا.

دابەشکاریی ئەم پەیماننامەیە بەم چەشنە بوو:

ناوچەكانی باكووری كوردستان لەگەڵ ئیستانبووڵ و دەربەندەكانی ڕۆَژهەڵات درا بە ڕووسیە.
ناوچەكانی باشووری كوردستان و هەندێك ناوچەی باكووری درا بە فەڕانسە.
بەشی سێهەم، ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە وەك پێشتر دابەشکرابوو، هەر وا خرایەوە ژێر دەستی دەسەڵاتی فارس.
ئەم ڕێككەوتننامەیە سەرەتا بەنهێنی بوو بەڵام لە بەر ئەوەی ڕووسیە تووشی شەڕی ناوخۆیی و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ هات ناچار لە شەڕی جیهانی پاشەکشەی کرد و ناوەرۆکی ڕێككەوتننامەکەش ئاشکرا بوو و پاش کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیە، سەرجەم هێزەکانی دیکەش لەو ناوچانە پاشەکشەیان کرد، کە لە ئەنجام دا بووە هۆی رادەستکردنی ناوچەکان و کوردستان بۆ چوار پارچە دابەش کرا و چەند دەوڵەتێکی نوێ وەک عێڕاق و تورکیە دروستبوون.

لەکاتی شەڕی یەکەمی جیھانی، زۆرینەی کورد لە سەر سنووری عوسمانییەکان بوون. پاش هەڵوەشانەوە و لێکترازانی ئیمپراتوریی عوسمانی، ھێزە یەکگرتووکان (واتە وڵاتانی: فەڕانسە، بریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا و ژاپۆن)، بڕیاریاندا لەسەر سنووری پێشووی عوسمانی، چەند وڵاتێکی نوێ دامەزرێنن.
بە پێی پەیمانی سێڤر، دامەزراندن و دروستکردنی وڵات و دەوڵەتی کوردستان و ئەرمەنستانیش یەکێک بوون لەم وڵاتانە.

لە ڕۆژی 10ی ئاگۆستی ساڵی 1920 پەیماننامەی سێڤر واژۆ کرا، کە تێیدا هەیئەتێکی کورد بە سەرۆکایەتیی شەریف پاشا بەشدار بوو و تێیدا باس لە دانی مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد کرا، کە بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی ئەو مافە بۆ کورد بە ڕەوا دەبیندرا و بڕیار لە سەر بە دوەڵەتبوونی کوردستان درابوو.

بەڵام تورکیەی ئەو کات بۆ لەبار بردنی پەیمانی سێڤر کەوتە خۆ و ئەو هەوڵەی لەبار برد.


لە 24ی جولای 1923 ، كۆنفرانسێك لە لایەن وڵاتانی (بریتانیا، فەڕانسە، ژاپۆن، یوونان، ڕۆمانی، سێربستان، كڕۆواسی، سلوانی و توركیە) لە شاری “لۆزان لە سویس” بەسترا، کە مەبەست لە بەستنی كۆنفرانسەكە كە بە (پەیمانی لۆزان) ناوی دەركرد، داڕشتنەوەی سەر لە نوێی قەوارەی سیاسی و جوغرافیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و لە ئەنجامدا مستەفا كەمال ئەتا تورك، سەرۆك و دامەزرێنەری دەوڵەتی توركیە، بە هەوڵی دیپلۆماسی و پاڵپشتی یەكێتی سۆڤیەتی جاران توانی (پەیمانی سیڤەر) هەڵبوەشێنێتەوە.
لەو رۆژەدا بە بڕیارێك، خاكی كوردستان و تێكرای دانیشتوانەكەی لە نێوان هەر چوار وڵاتی فارس، عێراق، توركیە و سووریە دابەشكرا. پارچەی پێنجەمی كوردستانیش كەبە كوردستانی سوور ناسراوە، كەوتە ژێر دەستی یەكێتی سۆڤێیەتی پێشوو كە ئێستا دیسانەوە بە سەر ئە‌رمەنستان ، ئازەربایجان ، گورجستان و توركمەنستان دا دابەش کراونەتەوە.

بە ھەر شێوە، دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھێزەکانی ئاتاتورک، ھێزە یەکگرتووکان لەگەڵ پەیمانی لۆزان ڕێککەوتن و سنوورە نوێیەکانی کۆماری تورکیە دیاریکرا و نەتەوەی کورد بێ ناوچەیەکی سەربەخۆ مانەوە. بەشێک لە خاکی کوردستان کەوتە ناو سنووری نوێی تورکیەوە و بەشێکی دیکەی لکێندرا بە سووریە و عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی فەڕانسە و بریتانیا دابوون.
کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە مەسەلەی کورد و پرسە ڕەواکەی داو نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سێڤر بێتە دی.
ساڵی ٢٠٢٣ سەد ساڵ بە سەر پەیمانی شوومی لۆزان دا تێپەڕ دەبێ و لە ڕاستیدا کۆتایی بەم پەیمانە دێ ، بۆیە نەتەوەی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستان، پێویستە هەوڵ بۆ دامەزراندن و درستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بدەن و پێش بە لۆزانێکی تر بگرن.

گەلی کورد بەردەوام بە شۆڕش و خەبات دژ بە داگیرکەران وەستاوەتەوە و لەو پێوەندییە دا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، سەیدڕەزای دێرسیم، سمایل ئاغای سمکۆ، شۆڕشی ئارارات ، شێخ مەحموودی بەرزنجی، کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شۆڕشی بارزان و ئەیلوول و دەیان شۆڕشی دیکە بکەین.
ئاوڕدانەوە لەو واقع و مێژووە سەلمێنەری ئەوەیە کە وزەی هەرە سەرەکیی زیندوو هێشتنەوە و بەردەوامیی شۆڕشی کورد، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان و بگرە هەڵەی زەمەنی، فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە کە زیاتر لە سەدان ساڵە هەروا شۆڕشی لە سەر پێ و زیندوو ڕاگرتووە.
لێ سەرەرای ئەو هەموو قوربانی و تێچووە و دەستکەوتی بەرچاوی بزاڤی ڕەوای کورد، نابێ لە پیلانگێڕیی داگیرکەران بە تایبەتی پیلانی شوومی چەندین ڕەهەندەی ترسناکترین داگیرکەر و دڕندەی ڕژیمی ئێران لە مەڕ سڕینەوە و ئاسیمیلە کردنی زمان، ناسنامە، فەرهەنگ، مێژوو و شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد غافڵ بین ، ئێستا زمانی کوردی هەڕەشەی لە سەرە و ڕژیمی داگیرکەر دەیهەوێ لە ڕێگەی ڕۆژنامە، تەلەفیزیۆن و دەزگاکانی پڕوپاگەندای خۆیەوە پڕش و بڵاوی و شێوان دروست بکا و وەک چۆن خەریکی گۆڕینی دێمۆگرافی و جوغڕافیای کوردستانە ، بەم شێوەیە لە هەوڵی گۆڕینی زمانی کوردی دایە، داگیرکەران لەوە تێگەیشتوون کە زمان ناسنامەی گەلە و گەلێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ، هەر بۆیە دەیانهەوێ بە لە ناو بردنی زمان و کلتووری نەتەوەی کورد، بوون و مەوجوودیەتی بسڕنەوە.
دوژمنانی دڕندە و مێژوویی گەلی کورد بە هەموو توانایانەوە لە وزەی سەرەکی و پاڵنەر و بزوێنەری فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە تێگەیشتوون و جیا لە هێرش و پیلانگێڕی دژی ئەو فەلسەفە کاریگەرە لە ژێر ناوی عێڕاقی، ئێرانی، سووریەیی، تورکیەیی، هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هۆویەتی کورد و کوردستانی بوونی تاکی کوردیان داوە و بە تێچووی بێ ئەژماری ئابووری لە هەوڵی دزین و بەتاڵان بردنی مێژوو و شارستانیەتی ئێمە دابوون و بە ناوی مێژوو و فەرهەنگ و زمان و جوغڕافیای نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە غەیرە فارسەکان مێژوو و جوغڕافیا و نەتەوەیان بۆخۆیان دروست کردووە و بەم چەشنە نەتەوە سازییان کردووە.
بە مەبەستی داگیرکاری و لە ناو بردن، کورد و باقی نەتەوەکان خراونەتە ناو جوغڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بە ناوی ئێران و بە دروستکردنی وەها جوغڕافیایەک هەوڵیان داوە کورد و هەموو نەتەوەکان بە ناوی یەک نەتەوە و لە ژێر یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک خاک لە قەڵەم بدەن .
ئەوەش سیاسەتێکی سەردەمی ڕەزا شا بووە بە دژی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەحواز، تورکی ئازەری، کاسپیەن و مازەنی،گیلەک و … تاکوو هەر هەموویان وەک ئێرانی ناودێر بکەن بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی داگیرکەر .
شۆڤێنیسمی فارس و پان ئێرانیسم، لە ڕێگەی توند و تیژی و زەبر و زەنگی بێڕەحمانە و لە ژێر ناوی ئێرانی بوون دا هەوڵی داوە، ئەو جوغڕافیایە وەک یەک وڵات و لە ژێر سێبەری یەک ئاڵا و یەک زمانی واحید پێناسە بکا و هۆویەت و ناسنامە و شوناسی باقی نەتەوەکان بسڕێتەوە و ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن لە ئاڵمانی نازیی ئەو کات کاری بۆ کراوە و ئەسڵی تەڕحەکە لەوێ وەرگیراوە، ئەگینا ناوی ئێران کەمتر لە سەد ساڵی مێژوو هەیە و ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی کەسانێکی وەک سەعید نەفیسی، محمەممەدعەلی فرووغی و سەید حەسەن نەقی زادە هاوکات لە گەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیسمی تورکی بە ڕێبەرایەتی داگیرکەر کەماڵ مستەفا ئەتاتۆرک لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و پێرشیای ئەو کات کە تەنیا نوێنەرایەتیی فارس و تورکیایان دەکرد، بکەونە بیری ئەوەی ناوی ئێران بۆ خزمەت بە فارس و توانەوەی نەتەوە و زمانەکانی دیکە لە فارسیدا ، بە ڕەزاشای پەهلەوی پێشنیار بکەن و لە ڕۆژنامەی ئەو کاتی ئیتلاعات دا بۆ یەکەم جار داوا لە وڵاتان کرا کە لەمە بەدواوە ناوی پێرشیا بە ئێران بێنن و پێیان بڵێن وڵاتی ئێران.
هەڵبەت ئەو ڕەوتە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی ئاڵووگۆڕ و ڕووداوەکانی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و زەق بوونەوەی ڕەوتی چینایەتی لە کۆتاییهێنان بە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا.
لە سووریە و عێڕاق بەردەوام هەوڵ دراوە کورد وەک عەڕەب و لە تورکیە وەک تورکی شاخستانی و لە ئێران وەک ئێرانی و فارس پێناسەی بۆ بکەن.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە پشت بەستن بە بەلگەی زانستی و مێژوویی ، شوناسی تاکی کورد نە ئێرانییە، نە عێڕاقی، نە سووری و نە تورکی، بەڵکوو هەموو تاکێکی کورد، کوردە و کوردستانیە و خاک و جوغڕافیاکەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر کراوە ناوی کوردستانە.
بە پێی هەلومەرج و گۆڕانکاریەکان و بەرز بوونەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئەمڕۆ دا تاکی کورد گەیشتووتە ئاستێک کە لەوە تێبگا ، بە ناوی ئێرانی،سووری،تورکی و عێڕاقی دەیانهەوێ پێناسەی کورد بوونی لێ زەوت بکەن.
تاکی کورد گەیشتۆتە ئەو باوەڕە کە دەبێ خاک و نیشتمانەکەی لە دەستی داگیرکەر ڕزگار بکا و خەباتەکەی بۆ ئەوە بە فیڕۆ نەدا کە لە چوارچێوەی ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە دا بمێنێتەوە.
پێویستە بڵێین هەر وەک چۆن زمانێک بە ناوی ئێران بوونی نییە ، جوغرافیا و نەتەوەیەکیش بە ناوی ئێران و ئێرانی دەستکرد و جەعلیە و بوونی نییە.
بە پێوەری زانستی و بە پێناسەی نێونەتەوەیی لە مەڕ سەلماندنی نەتەوەیەک دەبێ بگوترێ کە نەتەوە پێناسەیەکی دیاری هەیە و لە پێوانەی نەتەوە دا پێویستیت بە زمان، خاک، مێژوو و هەستی هاوبەش ، کلتوور و فەرهەنگی هاوبەش هەیە و بە گشتی نەتەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا پێوەر و پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە و کەسانێک کە خاوەنی یەک زمان، مێژوو، خاک، فەرهەنگ و کلتوور و هەستی هاوبەش بن بە نەتەوە لە قەڵەم دەردێن و بە ڕبەی زانستی و بەو پێیەی زمان، مێژوو و جوغڕافیا و فەرهەنگێکی هاوبەش بە ناوی ئێران و ئێرانی بوونی نییە و تەنیا دەستکرد و داتاشراوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامە کە ئێران و ئێرانی بوون، لە ڕەوتێکی نەتەوەسازیدا و لە سەر ئەساسی ئینکاری نەتەوەکانی دیکە، دروستکراوە.
بۆیە مانەوە لەو چوارچێوە دەستکرد و جەعلییە بە مانای مانەوەیە لە ژێر دەستەیی و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی.

 

  • سەفەویەکان

پاشان لە لایەن شا ئیسماعیلی یەکەمەوە حکوومەتی سەفەویەکان لە ژووییەی۱۵۰۱ ی زایینی دامەزرا و تا ۲۲ی ژانویەی ۱۷۳۶ زایینی درێژەی کێشا و دواتر دەسەڵات کەوتە دەست نادر شا و حکوومەتی ئەفشاریەکانی لە ۸ مارس ۱۷۳۶ ی زایینی دامەزراند و دەسەڵاتی ئەفشاریەکان تا ۱۷ی دێسامبەری ۱۷۴۹ی زایینی درێژەی کێشا و دیسان دەسەڵات تا ۲۹ ی ژووەنی ۱۷۵۰ کەوتەوە دەست سەفەویەکان.

لە ماوەی سەدەکانی ١٦ تا ١٩  و بە تایبەتی لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانیەکان دا و  لە جەنگەی شەڕی بەردەوامی نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوی دا چەندین حکوومەت و میرنشینی کوردی دامەزاون وەک:

  • میرنشینی عەیشانی
    ٣٠٠–٣٥٠ک / ٩١٢–٩٦١ز لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ھەرێمی چیاکان لە نەھاوەند و دینەوەر و ھەمەدان و سامنان ھەتا سنووری ئازربایجان. لە دیارترین میرەکانیان ونداد و غانم.

 

  • میرنشینی ڕەوادی
    (دەوروبەری ٣٣٧–٤٦٣ک/٩٤٨–١٠٧١ز) لە شارەکانی مەراغە و تەورێز و ئەردەبیل و ورمێ و خوی و سەلماس… ھتد، بەناوبانگترین میرەکانیان محەممەد کوڕی حوسێن ڕەوادی و ئەبو ھەیجای ڕەوادی و مەمەلانی ڕەوادی.

 

  • دەوڵەتی حەسنەوی

  • کورد لە سەردەمی ئایینی ئیسلامیشدا لە خاکی کوردستاندا چەند دەوڵەتێکی جیاوازی دامەزراندووە. بەپێی باری ئەو دەمە ئەوانە دەوڵەتی ھەرێمی بوون و لە ژێر سەرۆکایەتیی ھەندێک خێزاندا بوون.

بەداخەوە کورد لەو کاتەدا نەیتوانی لە سەرانسەری کوردستاندا دەوڵەتێکی مەزن و ناوەندی دامەزرێنێ. ھەر لەبەر ئەوەش بوو چەند دەوڵەتێکی ھەرێمی دامەزرا. لە باشووری کوردستاندا، لە شاری “جیبەل” خانەدانێکی کورد بە ناوی “حەسنەوی”یەوە، ھێزی خۆی ڕێک خست و لە ساڵی ٩٤١ی پاش زاییندا سەربەخۆییی خۆی ئاشکرا کرد. بەرەبەرە سوپا و دەوڵەتی پێش خست و شاری ھەمەدان ، مەھاباد ، کرماشان و شارەزوور کەوتنە ناو سنووری دەوڵەتی حەسنەوییەوە. دەوڵەتی حەسنەوی پارە و پووڵیشی ھەڵکەند و سیستێمی ئابووریی ناوەندیی پێک ھێنا. لە کوردستاندا ڕێگاوبان و ئاواییان دروست کردەوە. دەوڵەتی حەسنەوی تاکوو ساڵی ١٠١٤ دەسەڵاتی ھەبوو

  • دەوڵەتی شەدادی

  • لە ساڵی ٩٥١ی زاییندا سەرۆکی تیرەی ڕەوادی، محەمەد شەدادی دەوڵەتی شەدادیی کوردی دامەزراند و سنوورەکەیشی، لە شاری ڕەواندزەوە تاکوو شاری گەنجە ـ ئازەربایجانی سۆڤێتی ـ دەکشا لەو کاتەدا لە ڕۆژھەڵاتی کورستاندا دەوڵەتی شەدادی و لە باکووری کوردستاندا دەوڵەتی مەروانی و لە باشووریشدا دەوڵەتی حەسنەوی ھەبوون. ئەم سێ دەوڵەتەی کورد، ھەموو ھاودەمی یەکتر بوو. لە سەردەمی دەوڵەتی شەدادیدا، ژیانی کولتووری و ھونەری زۆر پێش کەوت لە ساڵی ١٠٨٨دا شای سەلجووقییەکان ھێرشێکی مەزنی بردە سەر دەوڵەتی شەدادی و دوایی پێ ھێنا
  • دەوڵەتی مەروانی

لە ساڵی ٩٨٥ی زاییندا باد دۆستەک دەوڵەتی مەروانیی دامەزراند و مەییافەرقین (سلیڤان)یشی کردە پایتەخت بۆ خۆی. سنووری دەوڵەتی مەروانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا فراوان کرا و تاکوو ھەرێمی نسێبین، جەزیرە، مەعدەن، ئامەد، ڕەحا، بەدلیس و مەلازگریی گرتەوە. ئەو پاشایانەی کورد کە دوای دۆستەک ھاتن، دەوڵەتی مەروانییان بەباشی و خۆشی ڕاگرت، بەتایبەتی لە سەردەمی پاشایەتیی ئەحمەد مەروان (ناسرلدەولە)دا، خەڵک بە ئازادی و سەرفەرازی دەژیا. لە دەوڵەتی مەروانیدا شارستانێتی و ھونەر زۆر پێش کەوتن. پەیکەری مەییافەرقین و ئامەد دیاربەکری سەرلەنوێ دروست کرایەوە. گەلێک مزگەوت و کاروانسەرا و پرد دروست کران. لە کۆشکی پاشایانی کورددا مۆسیقا، سەما و ھەڵپەڕکێ پەرەی سەند و کاری ھونەری پێش کەوت و دەوڵەمەند بوو لە کاتی بوونی دەوڵەتی مەروانیدا، دەوڵەتی تورکە سەلجووقییەکانیش ھەبوون، لە سەردەمی مەنسووری ناسرلدەولەدا، توغرولبەگ سوڵتانی سەلجووقییەکان بوو لە ساڵی ١٠٤٣دا توغرولبەگ بە سەرۆکایەتیی توغا ئاسغلی ١٠٠٠ سواری ناردە سەر مەییارفەرقین، بەڵام ھێزی سەلجووقیی تورک بەرانبەر سوارچاکیی مەروانی خۆیانیان ڕانەگرت و پیس شکان و تاڵانیش کران، ئیتر لە دوای ئەوەوە تورک خۆی دوور ڕا دەگرت لە سەردەمی ناسرلدەولەدا دەوڵەتی مەروانی بەرەو کزی چوو و نیزامولمولکی سوڵتانی سەلجووقییەکان، بە ھەلی زانی و ھێزێکی سوارەی بە سەرکردایەتیی فەخرولدەولەی ناردە سەر مەروانیەکان. فەخرولدەولە لە نزیکی ئامەد لەشکری خۆی دوو بەشەوە، بەشێکیان بە سەرۆکایەتیی کوڕەکەی خۆی، زەعمیرولڕوئەسا، ناردە سەر ئامەد و خۆیشی لەگەڵ ھێزەکەی تردا ھێرشی کردە سەر وان کە پایتەخت بوو، ناسرولدەولە ناچار بەرەو جەزیرە ھەڵات.

لە ساڵی ١٠٨٦دا و دوای مەییارفەرقین و ئامەد، ئیتر دەوڵەتی مەروانی کەوتە ژێر دەستی تورکە سەلجووقییەکانەوە. لە ساڵی ١٠٩٧دا دوایی بە دەسەڵاتی مەروانی ھات

  • میرنشینی عەننازی
    ٣٨١–٥١١ ک /٩٩١–١١١٧ز ئەم میرنشینییە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووە و لە شارەکانی ئەسەد ئاباد و داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەممەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەولە و ئەبو شوک و میر سوورخاب کوڕی بەدر.

 

  • میرنشینی ھەزبانی
    ٣٤٧ – ٥٣٤ /١٠٤٦ – ١١٣٩ز لە شاری ھەولێر دەرکەوتووە، سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێری فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەبەناوبانگترین میرەکانیان عیسا کوڕی موسای ھەزبانی و میر ئەبولحەسەنی کوڕی موسکی ھەزبانی. لە دوای ھاتنی سەلجوقییەکان زۆربەی میرنشینییە کوردییەکان پووکانەوە و بەرەو نەمان چوون، بەڵام ڕۆڵی کورد ھەر لەبرەودابوو لەشەڕی بەناوبانگی ملازگرددا کورد ھاوکاری سەلجوقییەکانی کردووە کە سەرکەوتن بەسەر ڕۆمەکاندا.
  • لە سەروبەندی ھاتنی مەغۆلەکاندا کوردستان ڕووبەرووی وێرانکاری و زیانی زۆر بۆوە، چونکە ھەم ھەرێمە کوردییەکان بۆ مەغۆلییەکان گرنگ بوون، ھەم دەکەوتە سەر ڕێیان بۆ بەغداو شام، بۆیە کوردستان لەسەدەی ٧ک / ١٣ز زۆرترین زیانی بەرکەوت. لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی ھێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندا وێڕای زەبر و زەنگی زۆر بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتەواوەتی لەناونەچوو، چەندان میرنشین و دەسەڵاتدارییەتی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا فەرمانڕەواییان دەکرد و ھێزەکانی جەلائیری و تەیموری و قەرەئۆینلو… ھتد. کوردستانیان کردبووە مەیدانی شەڕو ململانێ، تا دەرکەوتنی عوسمانییەکان و شەڕی چاڵدێران ١٥١٤ز، کە میر شەرەفخانی بەدلیسی لە پەرتووکی شەرەفنامەدا زانیاری گرینگی لەسەر ئەو دەسەڵاتدارییەتییەی کوردان تۆمارکردووە.

 

  • ئیمپراتۆریی ئەیووبی

ئەیووبییەکان تیرەیەکی کوردن و لە ڕۆژەڵاتی کوردستاندا ژیاون. نوورەدین مەحموود، لە سەدەی دوانزەیەمدا دەوڵەتی زەنگیی لە ناوچەی کەرکووک، مووسڵ، حەلەب دامەزراند. لەو دەمەدا خاچپەرستانی ئەورووپا، بە ئەنادۆڵدا ھێرشیان کردە سەر شاری قودس. نە تورکی سەلجووقی و نە دەوڵەتی فاتمیی مسر توانییان پێشی ئەو لەشکرەی خاچپەرستانی ئەورووپا بگرن، تاکوو بەرگری لە شاری قودس بکەن و بیپارێزن

سەرۆکی دەوڵەتی زەنگی، نوورەدین مەحموود بۆ پاراستنی سەرداری و سەروەریی قودس، لەگەڵ خاچپەرستاندا کەوتە شەڕ. لەبەر ئەوە ھێزێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدینی ئەیووبیی ناردە پایتەختی دەوڵەتی فاتمیی مسر

سەلاحەدینی ئەیووبی قوماندارێکی گەلێک زیرەک و قارەمان بوو. لە ساڵی ١١٧١دا ھەلی بۆ ھەڵکەوت و دەستی بە سەر دەوڵەتی فاتمیی میسردا گرت و دەسەڵاتی خۆی ئاشکرا کرد و لە جێی دەوڵەتی فاتمی، دەوڵەتی ئەیووبیی دامەزراند. سەلاحەدین لەسەر ھەڵوێستی خۆی کاروباری ڕادەپەڕاند. لە ساڵی ١١٧٤دا سنووری دەوڵەتی ئەیووبیی ئیسلامیی فراوان کرد و بوو بە خاوەن دەسەڵات. سنووری ئەم دەوڵەتە لە مسرەوە تاکوو حیجاز،یەمەن، فەلەستین، سووریا، کوردستان بوو. سەلاحەدین بۆ خۆی ھێزێکی چابووک و سوارچاکی لە کورد دروست کردبوو سەلاحەدینی ئەیووبی بە قارەمانێتیی خۆی شاری قودسی لە خاچپەرستانی ئەورووپا ڕزگار کرد و ھێزی خاچپارێزانی ڕەتاند و ناوی قوماندارێتیی کورد لە تەواوی جیھاندا بڵاو بووەوە. ئەگەرچی سەلاحەدین و ھەندێکیش لە لەشکرەکەی کورد بوون، بەڵام دەوڵەتی ئەیووبی خۆڕسک دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی نەبوو، بەڵکوو دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو، چونکوو لە سەردەمی ئەو کاتەی ئیسلامدا، ئەو دەوڵەتانەی دادەمەزران، لەسەر بنج و بناوانی نەتەوەیی دانەدەمەزراند، چونکە ھۆشیاریی نەتەوەیی لەو ئاستەدا نەبوو کە ببێتە مایەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەلاحەدینی ئەیووبی لە ساڵی ١١٩٣دا مرد و ئیتر دەوڵەتی ئەیووبی بەرەو سستبوون دەچوو، تاکوو لە ساڵی ١٢٥٠دا دەوڵەتی ئەیووبی کۆتاییی پێ ھات. ئێستاش گۆڕی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری شامە و لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە: “سەلاحەدینی کورد”

  • میرنشینی بەدلیس

  • ئەو میرنشینە لە شاری بەدلیس لە باکوری کوردستان ھەر لە سەردەمی عەباسیەکانەوە سەری ھەڵداوە مەزنە پیاوانی کۆنفدراسیۆنی ھۆزی رۆژەکی دایان مەزراندووە دەسەلاتیان بە پشتاو پشتیش سەدان سالی دۆماندووە خانەوادەی خانەدانی مێژونوسی بەناوبانگ شەرەفخانی بەدلیسی ھەمەکارەو میری ئەو میرنشینە بوون
  • میرنشینیی ئەردەڵان

  • میرنشینیی ئەردەڵان لە لایەن بابائەردەڵانەوە دامەزرێنراوە، ئەم میرنشینە نزیکەی ٦٥٠ ساڵ دەسەڵاتی ھەبوو. کاتێ مەغۆلەکان ھێرشیان کردە سەر کوردستان، بابائەردەڵان سیاسەتی بەرانبەر ئەوان بەکار ھێنا و لەگەڵیاندا نەکەوتە شەڕ، جا لەبەر ئەوە تا دەھات دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان لە ھەرێمی شارەزوور و ھەوراماندا مەزنتر و بەرفراوانتر دەبوو. بە ئامانجی ئەوەی کە دەوڵەتێکی نەتەوەیی دامەزرێنێ. ئەوە بوو لە دواییشدا تا ڕادەیەک گەیشتە ئامانجی خۆی و دەوڵەتێکی ھەرێمیی نەتەوەییی تەمەندرێژیشی دروست کرد لە سەدەی چواردەیەمدا، لە عێرقدا دەوڵەتی جەلائیری دروست بوو و توانییان بەشی ڕۆژاوا و باکووری ئەردەڵان بگرن. بەڵام لە سەدەی پانزەیەمدا سەرۆکی میرنشینی ئەردەڵان، میرحەسەن، باکوور و ڕۆژاوایشی لە ژێر دەستی جەلائیرییەکان ڕزگار کرد و زێی مەزنی کردە سنووری باکووری میرنشینی ئەردەڵان و لە ڕەواندزیشدا بنکەیەکی سەربازیی دروست کرد لەو سەردەمەدا وێژە و ھونەر و زمانی کوردی لە مزگەوتەکاندا زۆر پێش کەوتن و گەلێک بەرھەم بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٥٤٩دا ھێرشێکی گەلێک مەزنیان بردە سەر ڕەواندز و لە نێوان عوسمانییەکان و ھێزی میرنشینی ئەردەڵاندا شەڕێکی دژوار ڕووی دا، عوسمانییەکان سەر نەکەوتن و شکستیان ھێنا

میرنشینیی ئەردەڵان تاکوو ساڵی ١٨٦٤ لەسەر دەسەڵاتی خۆی مایەوە دوا میری ئەم میرنشینە ئەمانوڵڵا بوو کە ھەر لەو ساڵەدا بە دەستی عوسمانییەکان لە ناو برا و ئەم میرنشینە کۆتایی پێ ھات

  • میرنشینیی بادینان

  • سەرەتای دامەزراندنی میرنشینی بادینان دەگەریتەوە سەر شێخ بەهائەدین شێخ شەمسەدین کە لە ناوچەی شەمزینانی هەکاری هاتونە ئامێدی لە ساڵی ۱۲٦۲ دامەزرا. میرنشینیی بادینان لە نێوان شاری مووسڵ و چەمی دیجلە و زێی مەزندا دامەزرێنرا بوو. سنووری میرنشینیی بادینان، لە ڕۆژئاواوە میرنشینیی بۆتان و لە باکوورەوە میرنشینیی ھەکاری و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە میرنشینیی سۆران بوو. شاری ئامێدی پایتەختی میرنشینیی بادینان بوو. سنووری ئەم میرنشینییە ئەم شارانەی دەگرتەوە: زاخۆ، ئاکرێ و دھۆک و تەواوی پاریزگای دهوکی ئێستا دەگرتەوە. ۲٥ میر دەستهەلاتی لێکردوە.

دەوڵەتە ھەرێمی و مەزن و ناوەندییەکانیش ھەردەم دووبەرەکییان دەخستە ناو میرە کوردەکانەوە و نەیاندەویست میرە کوردەکان یەک بگرن و میرنشینە کوردییەکان ببی بە یەک

لە سەردەمی میر مرادخان دا پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان میرنشینی سوران و بادیناندا هەبوو کە خوشکی میری سوران هاوژینی میری بادینان بووە.

دوای مردنی میرئیسماعیلی بادینان، میر محەمەدی سۆران میرنشینیی بادینانی خستە ژێر دەستی خۆیەوە و ھەردوو میرنشینەکە بوون بە یەک. میرنشینیی سۆرانیش لە ھەرێمی خۆیدا زۆر مەزن و بەھێز بوو.

  • میرنشینی سۆران

  • دامەزراندنی میرنشینی سۆران لە لایەن کوردێکەوە بوو ناوی کەڵۆس بەگ بوو. کەڵۆس کوردێکی گەلێک ناودار بووە. لە سەردەمی مەر مستەفادا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەکات و خۆش دەبێت. میر مستەفا لە ساڵی ١٨١٣دا دەسەڵاتی میرێتی دەداتە دەستی کوڕەکەی خۆیەوە کە ناوی میر محەمەد بووە، میرمحەمەد پیاوێکی ھۆشیار و زیرەک بووە، زۆر بەناوبانگ بووە، ئەم میر محەمەدە زیاتر بە پاشا کوێرە بەناوبانگ بووە

میر محەمەد کاروباری میرێتی دەکاتە دوو بەشەوە:

چارەسەرکردنی شەڕ و گێرەوکێشەی ناوخۆی
خەبات لە پێناوی بەرفراوانکردنی میرنشینی سۆراندا.
میرمحەمەد ـ پاشا کۆرە ـ پاش تێپەڕ بوونی سێ ساڵ بەسەر میرێتییەکەیدا، واتە لە ساڵی ١٨١٦دا کارخانەیەکی چەکی لە کاولان کە نزیکی ڕەواندزە دروست کرد لەو کارخانەیەدا، شمشێر تفەنگ و گوللە و تۆپ و چەرخی تۆپ و … ھتد درووست دەکران

پاش ئەوەی میر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و دەستی دایە خەباتی بەرفراوانکردنی سنووری میرنشینیی خۆی و ئۆردووگایەکی سەربازیی لە ٣٠٠٠٠ (سی ھەزار) سەرباز درووست کرد، لەوانە ١٠٠٠٠ (دە ھەزار)ی سوارە و ٢٠٠٠٠ (بیست ھەزار)یشی پیادە بوون

لە ساڵی ١٨٣٣دا سنووری میرنشینیی سۆران گەلێک بەرفراوان بوو. لە باکوورەوە دەگەیشتە جزیرە و لە باشووریشەوە تاکوو زێی بچووک و لە لایەکی تریشەوە دەگەیشتە سنووری میرنشینی بۆتان

میرمحەمەد بۆ بەڕێوەبردنی میرنشینیی خۆی، سیستێمێکی دانا لە سیستێمەکەیدا خەزێنەیەکی سێ بەشیی پێک ھێنا:

بەشی ماڵ و مڵکی تایبەتیی میر.
بەشی داھات و باج.
بەشی دارایی و فەرمانڕەوایی و شارەکان و … ھتد.
میرمحەمەد لە ساڵی ١٨٣٠دا لەشکرێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی ئیبراھیم پاشا، دژی سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی ناردە سەر سووریا و لە لایەکی تریشەوە لەشکرێکی تری بە سەرۆکایەتیی میرموراد ناردە ئێران و ئەو ناوچانەی کوردیان تیا دەژیا میر لە ساڵی ١٨٣٤دا پەیمانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئێراندا مۆر کرد دەوڵەتی عوسمانیش ھەردەم خەریکی پلانی ھێرش بردنە سەر میرنشینی سۆران بوو، بەڵام ھەر سەر نەدەکەوت لە ساڵی ١٨٣٦دا عوسمانییەکان بە سەرۆکایەتیی ڕەشید پاشا، ھێزێکی گەورە و گرانیان ناردە سەر میرنشینی سۆران و شەڕێک قورس بەرپا بوو. لە دواییدا ھێزی عوسمانی توانیی دەوروبەری میرنشینیی سۆران بگرێ دوایی میرمحەمد خۆی چوو بۆ ئەستەمووڵ. سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی میری ئازاد کرد، بەڵام لە گەڕانەوەدا بۆسەیەکیان بۆ دا نا و بە نامەردی میرمحەمەد ـ پاشا کۆرە ـ یان کوشت و میرنشینیی سۆرانیان ھەڵوەشاندەوە.

  • شەڕی دمدم

  • شەڕی دمدم لە مێژووی سەفەویدا جێگایەکی گرنگی ھەیە، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی (میر عومەر)ی میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری (میرنشینی برادۆست) بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شا عەباسی یەکەم (١٥٨٧-١٦٢٩ز) بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە خانی لەپ زێڕین بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای (قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ)، (قەڵای ورمێی) پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی (میر پیربداغ بەگ) بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شا عەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. قەڵای دمدم پێکھاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە ھەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ھێرشی دوژمنان دروست کرابوون. ھەروەھا چەندین گەنجینەی گەورە بۆ ئازووقە و چەک و جبەخانەی سەربازی. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی (١٠ ھەزار) کەسیان لەگەڵ (حەسەن خانی) والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتوانی میرنشینەکەی لە دژی، لە کاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە ھێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێ کردن، بەمەش دووبارە پیلانەکانی شاعەباس سەری نەگرت. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی (ئیعتمادودەولە)ی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی (٥/١٢/١٦٠٨) شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی (٤) مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی (٢١) ڕۆژ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم ھێرشی داگیرکەران بگرن. بەڵام ھێزی داگیرکەری سەفەوی، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گولە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا (ئیعتمادودەولەی) وەزیر کۆچی دوایی کرد و (محەمەد بەگی بێگدلی) لە شوێنی بووە سەرکردە کە (میر پیربداغ بەگی) والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمیش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە بووە میوانی، ھاوکات محەمەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر ھەستی پێ کرد شوێنەکەی بەجێ ھێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کردەوە، تا ئەوەی میرقەرەتاج ناچار بوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بەڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێ لەوە زیاتر بەرگری بکات، ھاوکات بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شاعەباسی یەکەم. بەمەش داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. شاعەباس فەرمانیدا بە کۆمەڵکوژی لە موکریان و برادۆستدا، خێڵی تورکی ئەفشاری دووبارە لەناوچەکەدا نیشتەجێکرد و ھەندێک لە خەڵەکوردەکانی بردە خۆراسان، دوو میرنیشینی لاواز لە ناوچەکەدا مانەوە کە دووجار کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ سەفەوییەکاندا لە ناوچەکەدا.

سەرەتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ورمێ و ناوچەکە دەستی پێکرد و کوردان لە شوێنی خۆیان ھەڵکەندران. لە ساڵی (١٧٢٩ز)دا تەھماسب قولی سوپاسالاری نادر شا، توانی (یوسف پاشا)ی حکومداری عوسمانی شاری ورمێ لە دمدمدا بشکێنێت و دواتر فەرمانیدا بە ھەڵوەشاندن و وێرانکردنی تەواوی قەڵای دمدم و کە ئیتر نەبێتەوە بەقەڵا.

  • میرنشینی بابان

  • میرنشینی بابان لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی ١٦٨٦ بەدواوە بەھێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدەیەمدا میرنشینی بابان لە ڕووی سیاسییەوە و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگی بینیوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەسەڵات و ھێزی سەربازیی میرنشینی بابان. دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان

لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێھێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و فارس بەپێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی فارس

لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٢٢دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیدا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو

نزیکەی ٥٠٠ کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام لە دواییدا عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن. مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو

ئەوەی شایانی باسە، لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی شانزەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە

دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی ١٧٩٧ ـ ١٨٥٥ و ھاوڕێکانی، سالم و کوردی و مەحوی کە شەقـڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە دیالێکتی کرمانجیی خواروودا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا

  • میرنشینی ھەکاری

  • ھەکاری ناوچەیەکی شاخاوییە، میرنشینی ھەکاری دەکەوتە نێوان گۆلی وان، شاری وان و خۆشاوی. پایتەختی میرنشینی ھەکاری شاری چۆلەمێرگ بوو لەبەر ئەوەی ئەم میرنشینە لە ھەرێمێکی چیاییدا بوو، دەیتوانی خۆی لە دوژمن بپارێزێ و بژێ. بۆیەش ھەتا دەھات بەھێز دەبوو دەوڵەتی عوسمانی لەم میرنشینە دەترسا، بۆیە زۆر جار لەشکری دەناردە سەر گوندەکانی دەوروبەری میرنشینی ھەکاری و کاولی دەکردن و مووچەخۆر و ڕۆشنبیرانی کوردیان لەو ھەرێمە دەر دەکرد لەبەر ھێرش و زوڵم و زۆرداریی عوسمانییەکان، خەڵک پەنایان دەبردە بەر میرنشینی ھەکاری و ھێزی ئەم میرنشینەش ھەتا دەھات زیادی دەکرد. ھێزی چەکداری لە ٤٠٠٠٠ (چل ھەزار) زێدەتر بوو

لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی فارسیش ترسی ئەم میرنشینەی لێ نیشتبوو، بۆیە جارەناجارێک بە لەشکری زۆر مەزنەوە ھێرش دەبردە سەری، بەڵام میرنشینی ھەکاری بەردەوام سەربەخۆییی خۆی دژی عوسمان و فارس بە سەرفەرازی پاراستووە. ئەمەش بەتایبەتی لە سەردەمی مستەفا پاشای ھەکاریدا کە میرنشینەکەی زۆر بەھێز بووبوو

ھەرچەندە میرنشینی ھەکاری لەم دواییەی سەردەمی عوسمانییەکاندا ناوی نەمابوو، بەڵام دەوڵەت تاکوو ئەمڕۆش نەیتوانیوە بە تەواوی دەس بەسەر ئەو ھەرێمەدا بگرێ

  • میرنشینی بۆتان

  • پایتەختی میرنشینی بۆتان شاری جزیرە بوو. ئەم شارە دەکەوێتە تەنیشت چەمی دیجلەوە کە ئەویش ھۆیەکی گرنگ بوو بۆ ناوچەکە. ڕێگای بازرگانیی دیاربەکر ـ مووسڵ ـ بەغداد ـ ئەستەمووڵ بەوێدا تێدەپەڕی ئەم میرنشینە ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی ڕووناکبیریی کورددا بینیوە. لە میرنشینیی بۆتاندا خەباتێکی زۆر بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی کراوە. لە نێوان ساڵانی ١٤٠٠ ـ ١٥٧٠دا شاری جزیرە بووبووە سەرچاوەی زانیاری و ڕووناکبیری. لە قوتابخانەکانی جزیرەدا گەلێ مرۆڤی مەزن و ناودار ھەڵکەوتن لە ھەرێمەکانی میرنشینی بۆتان و ھەکاریدا، فەیلەسووف و نووسەر و شاعیری وەکوو مەلای جزیری، فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی دەرکەوتن. مەم و زینی خانی ئەمڕۆ لە ناو کلاسیکانی جیھاندا جێی خۆی گرتووە ھەروەھا بنەماڵەی بەدرخان لە ڕووی خزمەتکردنی زمان و وێژە و ھونەرەوە ڕۆڵێکی مەزن و گرنگیان بینیوە.لە ساڵی ١٨٩٨دا ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵانی ١٩٣٠ ـ ١٩٥٤، گۆڤاری ھاوار، ڕۆژا نوو، ڕووناھی یان دەرکردووە لە ساڵی ١٨٢١دا بنەماڵەی عەزیزان دەسەڵاتی ئەم میرنشینەیان گرتە دەست لە سەدەی نۆزدەیەمدا کوردستان لە نێوان میرنشینەکاندا بەش کرا بوو. میرنشینی بۆتان دژی دوژمن تێکەڵاوییەکەی باشی لەگەڵ خەڵکی کورددا درووست کردبوو. ھەوڵێکی زۆریش بۆ یەکبوون و سەربەخۆیی میرنشینانی سۆران، بۆتان، بادینان،بابان درا، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی زوو ھەستی بەمە کرد و بە لەشکرێکی گەورە و گرانەوە ھێرشی بردە سەر ھەموو میرنشینەکان و بەو پەلامارە ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکانی نەھێشت و دەزگای درووستکراوی داگیرکەری لە جێی میرنشینەکاندا دامەزراند کورد کە ئەوڕۆ گەورەترین نەتەوەی بێ نیشتمانی سەر گۆی زەوییە یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نێزیک و ناوەڕاستە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن کە کوردستانیش مێژینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی کەونارایەکی ھەرە کۆن و دێرین. لە چاخی بەستەڵەکدا کە نێزیکەی نیو میلیۆن ساڵ پێش لە ئێستە ڕووی دا و نزیکەی ٢٠.٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین کۆتایی ھات زۆربەی ناوچەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکووری داپۆشرابوون لە سەھۆڵ. ئەو دەمە ناوچە بیابانی و چۆڵەوانییەکانی ئەفریقا و مەڵبەندە وشکە عەرەبییەکان کەشێکی مامناوەندییان ھەبوو. کوردستانیش کەش و ئاووھەوایەکی بارانی و مامناوەندیی ھەبوو.
  • حکوومەتی زەند

  • ساڵی ١٧٥١ی زایینی سەرداری کورد کەریم خانی زەند، دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و حکوومەتی زەندییەی دامەزراند کە تا ۲۰ی مارسی ۱۷۹۴ درێژی کێشا.
  • قاجاڕ

لە ۲۲ی مارسی ۱۷۹۶ دەسەڵات کەوتە دەست ئاغا محەممەد خانی قاجاڕ (( قاجاڕیەکان ئەو تورکە مەغۆلانە بوون کە لە سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان دا بۆ ئەم ناوچانە کۆچیان کرد)) و حکوومەتی قاجاڕیەکانی دامەزراند کە تا ۱۵ی دیسامبەری ۱۹۲۵ی زایینی حکوومەتیان کرد .

قاجاریەکان لەکاتى تێکچونى دەسەلاتەکەیان:

بەشێکیان بەرەو وڵاتانی دەورووبەر ڕا دەکەن کە دیارترینیان ئێستا لە پارێزگاى هەولێر لە سنورى باڵەکایەتى نیشتەجێن و پێیان دەوترێ نەوەکانى شێخ ناوخۆش و لە سنورى قەزاى چۆمان لە گوندى دێڵزە نیشتە جێن، تا ئێستاش بە قاجاریەکان ناسراون.

  • ھەمزاغای مەنگوڕ و شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری وەکوو یەکەم سەکردەی نەتەوەخواز ناوی ھاتووە بۆ دامەزراندنی ویلایەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد، لە ساڵانی ١٨٨٠ زایینی شۆڕشێکی بە دژی داگیرکەرانی کوردستان ڕێکخست و هاوکات لە گەڵ هەر دوو سوپای عوسمانی و قاجاڕ شەڕی کرد و پانتایی شۆڕشەکەی شەمزینان و هەکاری واتە باکووری کوردستان بوو ، هەر لەو سەردەمە دا ھەمزاغای مەنگوڕ یارمەتی شۆڕشەکەی دا و هەر بۆیە پانتایی شۆڕشەکە شاری مەهاباد و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.

  • ھەمزاغای مەنگوڕ 

ڕێبەری ھۆزی مەنگۆڕ و لە یارمەتیدەران و فەرماندەکانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری بوو.

ھەمزەی باپیر ئاغای دووھەم سەرۆکی ھۆزی مەنگوڕ، ڕێکەوتی لەدایکبوونی لە دەستدا نییە، لە دەورانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ بۆ ماوەی چەند ساڵێک زیندانی کراوە ھەروەھا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێرانیش لە ژێر زەخت و زۆردا بووە. بە ھۆی شوێنی ستراتێژیکی لە نێوان سنووری دەستکردی دوو وڵاتی داگیرکەری ئێران و دەوڵەتی عوسمانی، ھۆزی مەنگوڕ ھەمیشە لە ژێر ھەرەشە و پەلامارەکانی سپاکانی دەوڵەتی عوسمانی و شای ئێران بوو. لە کاتی بەر پا بوونی شۆرشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری ڕۆلی بەرچاوی گێڕاوە و لەگەل ٥٠٠٠ شەڕوانی دلێری خۆی ھاتە ھانای شێخەوە و لەگەڵ شێخ عبدولقادر (کوری شێخ عوبەیدوڵڵا) وەک فەرماندەری ھێزی چەکداری کورد لە قۆلی موکریان دیاری کراوە. ھێزی چەکداری کورد نەیانتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بپارێزن و بوو بەھۆی تێکشکانی ئەو ڕاپەرینە و کشانەوەی ھێزەکانیان، لە ئاکامدا ھێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا بەرەرو سنورەکانی عوسمانی گەرانەوە. ھەندێک لە شەڕوانەکان خەیانەتیان کرد بە شێخ و پاڵیان دا بە ھێزەکانی دوژمنەوە. بەڵام ھەمزە ئاغا ھەتا کۆتایی لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا مایەوە. ھەمزاغاش بەھۆی فێڵی حسەن عەلی خان ناسراو بە ئەمیر نیزامی گەڕووسی لە ڕێکەوتی ٣٠-٠٧-١٨٨١ لە شاری مەھاباد شەهید کرا.

  • شۆڕشی جەجووخان

لە ساڵانی ١٩٠٦ بەولاوە جەجووخان کە یەکێک لە سەردارەکانی کوردی ناوچەی خوراسان بوو شۆڕشێکی مەزنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپا کرد

  • رەزا پەهلەوی

لە ۱۵ی دیسامبەری ۱۹۲۵ رەزا پەهلەوی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ و حکوومەتەکەی تا  ١٦ی سێپتامبەری ١٩٤١ درێژەی دەبێ و بەشی زۆری شۆڕشەکانی کورد لەو سەردەمە دا بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن.

  • سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد

((لەو سەردەمە دا پیلانی سڕینەوەی ناسنامە و شوناسی کورد و باوی نەتەوەکانی تر پەرە دەستێنێ.))

بەشێک لە مێژووی گەلی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو دا زۆر جار ڕاستەوخۆ و بە پیلان و بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستماتیک و بە ئامانجی تێکدان و چەواشەکاری ، لە لایەن داگیرکەرانی خاک و نەتەوەی کوردستانەوە نوسراوەتەوە.

داگیرکەرانی خاک و نیشتمانی کوردستان بە تەرخانکردنی تێچوو و بوودجەیەکی زۆر بە مەبەستی تێکدان و بەلاڕێدا بردنی مێژووی کورد تێکۆشاون و لە هیچ پیلانێک لە مەڕ چەواشەکردنی مێژووی کوردستان خۆیان نەبواردووە.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە سەر خاک و خوێنی گەلی کورد و هەندێک نەتەوەی تر یەکەیەکی جوگرافیاییان بۆ نەتەوەی فارس لە ژێر ناوی ئێران دا بنیات ناوە و لە ڕێگەی تێکدان و دزین و چەواشەکردنی مێژووی نەتەوەی کورد، دەستیان داوەتە نەتەوەسازی و لە نەبۆوە نەتەوەیەکیان بۆ خۆیان لە ژێر ناوی ئێران و ئێرانی دروستکردووە.

بە مەبەستی داگیرکاری و لە ناو بردن، کورد و باقی نەتەوەکان خراونەتە ناو جوغڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بە ناوی ئێران و بە دروستکردنی وەها جوغڕافیایەک هەوڵیان داوە کورد و هەموو نەتەوەکان بە ناوی یەک نەتەوە و لە ژێر یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک خاک لە قەڵەم بدەن .

ئەوەش سیاسەتێکی سەردەمی ڕەزا شا بووە بە دژی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەحواز، تورکی ئازەری، کاسپیەن و مازەنی،گیلەک و … تاکوو هەر هەموویان وەک ئێرانی ناودێر بکەن بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی داگیرکەر .

شۆڤێنیسمی فارس و پان ئێرانیسم، لە ڕێگەی توند و تیژی و زەبر و زەنگی بێڕەحمانە و لە ژێر ناوی ئێرانی بوون دا هەوڵی داوە، ئەو جوغڕافیایە وەک یەک وڵات و لە ژێر سێبەری یەک ئاڵا و یەک زمانی واحید پێناسە بکا و هۆویەت و ناسنامە و شوناسی باقی نەتەوەکان بسڕێتەوە و ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن لە ئاڵمانی نازیی ئەو کات کاری بۆ کراوە و ئەسڵی تەڕحەکە لەوێ وەرگیراوە، ئەگینا ناوی ئێران کەمتر لە سەد ساڵی مێژوو هەیە و ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی کەسانێکی وەک سەعید نەفیسی، محمەممەدعەلی فرووغی و سەید حەسەن نەقی زادە هاوکات لە گەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیسمی تورکی بە ڕێبەرایەتی داگیرکەر کەماڵ مستەفا ئەتاتۆرک لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و پێرشیای ئەو کات کە تەنیا نوێنەرایەتیی فارس و تورکیایان دەکرد، بکەونە بیری ئەوەی ناوی ئێران بۆ خزمەت بە فارس و توانەوەی نەتەوە و زمانەکانی دیکە لە فارسیدا ، بە ڕەزاشای پەهلەوی پێشنیار بکەن و لە ڕۆژنامەی ئەو کاتی ئیتلاعات دا بۆ یەکەم جار داوا لە وڵاتان کرا کە لەمە بەدواوە ناوی پێرشیا بە ئێران بێنن و پێیان بڵێن وڵاتی ئێران.

هاوکات ڕەزا پەهلەوی بۆ چەواشە کردنی مێژووی نەتەوەی کورد، بە تەرخان کردنی بوودجە و تێچوویەکی زۆر چەند مێژوونووسێک ڕادەسپێرێ تاکوو کارێک بکەن کە کورد خۆی پێ ئێرانی بێ و فەرهەنگ و کلتوور و مێژووی کورد هەر هەمووی بە ناوی ئێران و لە قازانج و بەرژەوەندیی فارس دا بنوسرێتەوە، بۆ ئەو کارەش سێ کەس ڕادەسپێرن:

  • ڤێلادمیر مینۆرسکی
  • بەشێکی زۆری مێژووی کوردی لە سەر داوای ڕەزا پەهلەوی چەواشە کردووە

ڤلادیمیر مینۆرسکی (٥ی شوباتی ١٨٧٧ – ٢٥ی مارسی ١٩٦٦)، ڕۆژھەڵاتناسێکی ڕووسی بوو و لێکۆڵینەوەکانی ئەو لەسەر کورد و فارس بوون بەتایبەت دەربارەی مێژوو و جوگرافیا و چاند و وێژەیان. پڕۆفیسۆر “مینۆرسکی” لەساڵی (١٨٩٦ تاکو١٩٠٠) لەزانکۆی مۆسکۆ خەریکی خوێندنی یاسا بوو و پاشانین لە ئەنستۆتی (لازارۆف) ختریکی فێربوونی زمانە خۆرھەڵاتیەکان بوو. ناوبراو لەساڵی (١٩٠٣) لە وەزارەتی “کاروباری دەرەوەی ڕوسیا”دا دامەزرا و لەساڵی (١٩٠٤) تاکو (١٩٠٨) لە ئێران و شاری تەورێز خزمەتی دەکرد بۆ ماوەیەک. “میۆرسکی” لەسەردەمی ڕاپەڕینی ساڵی (١٩١٧) رووسیای بەجێھێشت و لەساڵی (١٩٢٣) وردە وردە زمانی فارسی و دواتریش لە خوێندنگەی زمانە خۆرھەڵاتییەکانی پاریسدا خەریکی وتنەوەی زمانی تورکی بوو. دوای ئەوەش لەساڵی (١٩٢٣) بەدواوە خەریکی وتنەوەی زمان و ئەدەبیات و مێژووی ئێران بوو لە خوێندنگەی زمانە خۆرھەڵاتییەکان لە لەندەندا. مینۆرسکی لەساڵی (١٩٣٧) بوو بە پڕۆفیسۆری زمانی فارسی لە زانکۆی لەندەن و ساڵی (١٩٤٤) خانەنشین کرا و دوای ئەوە ھەر لە کامبریج دەژیا.

  • ڕەشید یاسەمی
  • بە نووسینی کتێبی(( کورد و پیوستگی نژادی و تاریخی او)) بەشێکی زۆری مێژووی کوردی لە سەر داوای رەزا پەهلەوی چەواشە کردووە

نووسەر و وەرگێڕی کورد غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی ڕۆژی ٢٠ی نوامبری ١٨٩٦ لە “گاوارە”ی سەر بە “داڵاھۆ”ی کرماشان لەدایک بوو.

خەڵکی گاوارە لە عەشیرەتی “گۆران” و سەر بە ڕێبازگەی”یارسان”ن، کە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستانە و کتێبە پیرۆزەکانیان بە زمانی کوردییە. “محەممەد وەلی‌خانی گۆران”ی باوکی، وێنەگەر و خۆشنووس بوو. یاسمی، خوێندنی سەرەتایی لە کرماشان و خوێندنی ناوەندی لەخوێندنگەی “سێن لوویی”ی تاران دوایی پێ‌ھێنا و ھەر لەو تەمەنەدابوو کە دەستی دایە ھۆندنەوەی شێعر. کە خوێندنەکەی تەواو کرد، “مەکۆی زانیاران”ی دامەزراند کە پاشان بە ھاوڕێیەتیی “محەممەد تەقی بەھار” ناسراو بە “ملک الشعرا” گۆڕا بە “ئەنجومەنی زانکۆ”. ھاوکات لەگەڵ نووسین و لێکۆڵینەوە، خۆی فێری زمانی “عەرەبی، ئینگلیسی و فەڕەنسی” کرد و ھەروەھا لە لای مێژووناسی بەناوبانگی ئاڵمانی “ھرتسفلد ١٨٧٩-١٩٤٨”زمانی پەھلەوی فێر بوو. ساڵی ١٩٣٣ بوو بە مامۆستای “فێرگەی باڵا” و”زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگای تاران” و بە دوای ئەوەدا بوو بە ئەندامی”کۆڕی زانیاریی ئێران”. ساڵی ١٩٤٣ سەفەری ھیندی کرد و لە ١٩٤٥ ڕۆیشتە فەڕانسە و دوو ساڵ لەوێ مایەوە.

  • مەردۆخ کوردستانی
  • بە نووسینی کتێبی(( مێژووی مەردۆخ یان مێژووی کورد و کوردستان چاپی تاران، ١٩٥٣
    )) بەشێکی زۆری مێژووی کوردی لە سەر داوای رەزا پەهلەوی چەواشە کردووە

شێخ محەممەدی مەردۆخ (١٨٨٠ – ١٩٧٥) ناسراو بە ئایەتوڵڵا مەردۆخی کوردستانی، مامۆستای ئایینی و وتارخوێنی ھەینیی شاری سنە، نووسەر، شاعیر، مێژووناس و کەسایەتیی سیاسیی ناسراوی کورد بوو.

لە بنەماڵەی شێخە مەردۆخییەکانن کە لە سەدەی ١٤ی زایینیدا لە ناوچەی مەردۆخی شامەوە ھاتوون بۆ ھەورامان. شێخ محەممەدی مەردۆخ لە ساڵی ١٨٨٠ لە شاری سنە لە دایک بووە. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، شێخ عەبدولموئمینی باوکی کە ئیمامی جومعەی سنە بووە دەمرێت و پاش باوکی، ھەر لەو تەمەنەدا دەکرێت بە ئیمامی سنە.

لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧٥ لە سنەدا مردووە و لە ئاوایی نەوەڕەی سنە نێژراوە.

ھاوکاری لەگەڵ ساواک

بەڵگەکانێکی بەرچاو لەدەستدایە کە شێخ محەممەدی مەردۆخی کوردستانی لەگەڵ ڕێکخراوەی ساواکی حکۆمەتی پەھلەوی ھاوکاریی کردووە و ئاجانی ئەو ڕێکخراوەیە بووە.

جگە لەوە، لە بەڵگەیەک ھاتووە کە ئەنجۆمەنی وەزیرانی حکۆمەتی ڕەزاخان لە ساڵی ١٩٣٧ بە بوونەی ئەوەی کە «سەبارەت بە نەژاد و نەتەوەی کوردەکان کە ئێرانیی ڕەبەقن بڕێک قسەی ناشیا پێش ھاتووە»، بۆ «بەرگری لە شێواوبوونی بیرەکان و پتەوکردنی میلیەت لە نێوانیاندا» جگە لە دامەزراوەکانی تازەی چاندی، کتێبەکان و نامیلکەکانێک سەبارەت بەم مژارە بەرھەم بھێنرێت و بڵاو بکرێت کە «کوردەکان لە پێکھاتەکانی بەڕەبەق ئێرانیی کۆنن و بەشێکی جیانەکردنی لەم وڵاتەیەن» و بۆیە ٥٠ ھەزار ڕیال بۆ نووسین و بڵاوکردنی سێ کتێب سەبارەت بە مێژوو و نەژادی کوردەکان بە شێخ محەممەدی مەردۆخی کوردستانی، غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی و ڤلادیمیر مینۆرسکی دراوە. لە باری کرداردا ھیچ جیاوازییەک لەنێوان شێوەی ھەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی پەھلەوی لەگەڵ زمانی کوردی کە وەکوو زمانێکی ئێرانی پۆلێنبەندی کراوە، لەگەڵ زمانە نائێرانییەکان وەکوو تورکی و عەرەبی لە ئارادا نەبوو. بەپێی ئە بەڵگەیە شێخ محەممەدی مەردۆخ کتێبی مێژووی مەردۆخ یان مێژووی کورد و کوردستانی لە بەرامبەری گرتنی پارە بە سپارشتی حکوومەتی پەھلەوی نووسیوەتەوە تا کورد نەتەوەیەکی ئێرانی نیشان بدات.

لە نێوان ئەو سێ سەرچاوەیە ڕەشید یاسەمی لە کتێبی “کرد و پیوستگی تاریخی و نژادی او” زیادتر ئەرکە ڕاسپێردراوەکەی جێبەجێ کردووە و مێژووی مەردووخیش لەو دوانەیتر ئێعتباری زیادترە و کەمتر هەڵەی تێدا دەبیندرێت.

  • سڕینەوەی ناسنامەی کورد بوون و بە ئێرانی کردن

لە سووریە و عێڕاق بەردەوام هەوڵ دراوە کورد وەک عەڕەب و لە تورکیە وەک تورکی شاخستانی و لە ئێران وەک ئێرانی و فارس پێناسەی بۆ بکەن.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە پشت بەستن بە بەلگەی زانستی و مێژوویی ، شوناسی تاکی کورد نە ئێرانییە، نە عێڕاقی، نە سووری و نە تورکی، بەڵکوو هەموو تاکێکی کورد، کوردە و کوردستانیە و خاک و جوغڕافیاکەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر کراوە ناوی کوردستانە.

 

  • شۆڕشی قەدەم خێری قەڵاوەند

ساڵی ١٩٢٩ لە لورستانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنە شۆڕشگێڕی کورد قەدەم خێری قەڵاوەند شۆڕشێکی بەرپا کرد و تەنانەت داوای لە شێخ مەحموود کرد کە ئامادەیە بە هەموو هێزەکەیەوە هاوکاری بکا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

  •  شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ

ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک ساڵی ١٩١٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرینگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و چەندین نامەی هاوکاری بۆ شێخ مەحموود ڕەوانە کرد ، سەرئەنجام  سمکۆی شکاک  ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ شەهید کرا و بەمەش شۆڕشەکەی کە یازدە ساڵ درێژەی هەبوو  کۆتایی پێھات.

  • شۆڕشی سەردار بی بی مریەمی بەختیاری

لە ناوچەکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری و لوڕستان سەردار بی بی مریەمی بەختیاری لە ساڵی ١٩٣٠ بەشێکی زۆری ناوچەکانی لوڕستان و بەختیاری لە دەستی داگیرکەران ڕزگار کرد و ناوی ناوەندی چوار مەحاڵ و بەختیاری نا شاری کورد و هەر ئەو کات ڕایگەیاند کە تا قەراغ کەنداو خاکی کوردستانە.

  • بروی حسکی تلی یا حسکیزادە و شۆڕشی ئاگری

لە ساڵی ١٩٢٧ ئیحسان نووری پاشا  شۆڕشی ئاگری بەرپا کرد و  بە دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆییبوونەوە یەکەم کۆماری کوردیان لە ژێر ناوی کۆماری ئاراڕات دامەزراند کە تا ساڵی ١٩٣٠ بەردەوام بوو کە پارچەکانی دیکەش وەک ڕۆژاوا و باشوور و ڕۆژهەڵات تێیدا بەشداریان کرد.

بروی حسکی تلی یا حسکیزادە لە جەلالیەکانی چاڵدۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یارمەتێکی زۆری نیزامی خۆییبون و کۆماری ئاراراتی دا.

  • شۆڕشی مەلا خەلیل گۆڕەمری 

داگیرکەرانی کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە ناوبردنی کوردیان داوە .
لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشای پەهلەوی‌دا بۆ ئەوەی هەموو نەتەوەکان بخەنە ژێر سەیتەرەی ئێرانی بوونەوە و سیاسەتی یەک وڵات و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و زمان بسەپێنن، لە ساڵانی ١٩٢٧ەوە دەستیان کرد بە سیاسەتی یەکدەست کردنی جلوبەرگ و بە یاسایەک سیپاڵ و جلوبەرگی کوردیان قەدەغە ڕاگەیاند و کەس بۆی نەبوو، لیباسی کوردی لەبەر بکا.

ساڵی ١٩٢٨ شۆڕشی مەلا خەلیل گۆڕەمری بە دژی ئەم سیاسەتە سەریهەڵدا و پانتایی شۆڕشەکە بریتی بوو لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار و مەهاباد.

کۆبوونەوەی هێز لە دەوری مەلا خەلیل ترسی وەبەر دەسەڵاتی ڕەزاشا نا کە نەکا ئەو بزووتنەوەیە کە بە دژایەتیی سیاسەتی یەکدەست‌کردنی جلوبەرگ وەڕی کەوتووە، ڕێچکەی خۆی بگۆڕێ و ببێتە جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتیی و لەو ناوچەیەوە تەشەنە بکا بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان. بۆیە ڕێژیمی پاشایەتی بە هەموو هێزی نیزامیی خۆیەوە سەرکوتی کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا کورد بەهۆی بەرگریی لە شوناسی نەتەوەیی و خۆڕاگریی ئازایانەی نەیهێشت سیاسەتی هێرشی فەرهەنگیی ڕێژیم لە کوردستان سەرکەوتوو بێ.

 

  • محەممەد ڕەزا پەهلەی   
  • دواتر کوڕەکەی ڕەزا پەهلەوی واتە محەممەد ڕەزا پەهلەی لە ١٦ی سێپتامبەری ١٩٤١  تا ۱۱ی فێوریەی ۱۹۷۹ی زایینی واتە تا کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی خاک داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە کە تاج و تەختەکەی تێک دەڕووخێندرێ، دەسەڵاتدرا دەبێ و هەر لەو سەردەمە دا کۆمەڵیک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد سەرکوت دەکرێن و پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە سێدارە دەدرێ.
  • کوردستان هەروا لە ژێر داگیرکاری دایە

لە ساڵی ١٩٧٩وە تا ئێستا (( ٢٠١٨)) دەسەڵاتەکە بە بێ جیاوازی گوازراوەتەوە بۆ خومەینی و لە ژێر ناوی ئینقلابی ئیسلامیدا درێژە بەو داگیرکاریە دەدەن.

  • کۆماری کوردستان

پاش کۆمەڵێک نسکۆ و شکست هێنانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد ، لە ساڵی ١٩٤٢ی زایینی کومەڵەی ژیانەوەی کورد یان بە کورتی ژێ کاف لە شاری مهابادی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا.

پێشەوا قازی محەممەد بە نازناوی بینایی کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ژێ کاف، ساڵی ١٩٤٥ هەر لە سەر بناغەی ژێ کاف ،وەک یەکەم حیزبی سیاسی و مۆدێرن و سەردەم ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند.

لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٤٦ی زایینی، پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆماری کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و بەم چەشنە کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد ڕاگەیەندرا.

پانتایی کۆمار کە هەندێ کەس پێیان وایە هەر بریتی بووە لە موکریان و هەندێ ناوچەی تر، بەڵام ڕێکخستنەکانی کۆمار تا ناوچەکانی زۆر خوارووی کوردستان واتە کرماشان و ئیلام و خانەقینیش پەلی هاویشتبوو و کەسانێکی وەک  ئیبراهیم خانی نادری خه‌لکی کرماشان، یه‌دوڵڵا خانی ڕه‌زایی خه‌لکی شاری گێڵان وەک بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ژێ کاف لە ناوچەکانی کەلهوڕ  و  ڕه‌شید باجەڵان خه‌ڵکی شاری خانه‌قین به‌رپرسی رێکخستنه‌کانی کۆمار له‌ کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری بوون.

هاوکات پارچەکانی دیکەی کوردستان هەر وەک چۆن پێشتریش لە شۆڕش و خەباتی پارچەکانی تر دا بەشدارییان کردبوو ، ئەمجارەش نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆمار دا بەشدار بوون کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە ژێنێراڵ مەلا مستەفای بارزانی بدەین کە لە گەڵ هێزێکی گەورەی پێشمەرگە، ڕۆڵی گرینگیان لە کۆمار دا گێڕا.

کۆماری کوردستان سەرەڕای تەمەنێکی کەم واتە یازدە مانگ، کۆمەڵێک شانازی و دەستکەوتی گەورەی مێژوویی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد:

حکوومەت و کابینەی وەزیران دامەزرا و سەربەخۆیی سیاسی و کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەندرا.

ناوی پێشمەرگە وەک هێزی تاک لە ناو سپای نەتەوەیی کوردستان دا دیاریکرا و هێز و سپای کوردستان دامەزرا.

سەدان گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب لە چاپ دران.

وانەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان کرا بە زمانی کوردی.

ژنان و لاوان و منداڵان ڕۆڵیان پێ بەخشرا و ڕێکخراەکانی ژنان و لاوان دامەزران.

دام و دەزگا و ئیدارە و ئۆرگانەکان بە ڕەسمی دامەزران و لە لایەن کوردەوە بەڕێوە دەبردران.

و …

سەرەنجام بە چەندین هۆکاری نێونەتەوەیی و ناوخۆیی وەک کشانەوە و پشتتێکردنی یەکێتی سۆڤیەت و هاوکارینەکردنی وڵاتانی زلهێزی ئەو کات بۆ کورد و هەروەها خیانەتی ناوخۆیی بەشێک لە سەرۆک عەشیرەکانی کورد، کۆماری کوردستان پاش یازدە مانگ ڕووخا و پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی وەزیری بەرگری و ئەبولقاسم سەدری قازی برای پێشەوا لە گۆڕەپانی چوار چرای شاری مهاباد و ڕێک لەو شوێنەی کۆماری لێ ڕاگەیەندرابوو لە ڕۆژی ٣١ی مارسی ١٩٤٧ واتە لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٦٤٧ی کوردی  لە سێدارە دران.

داگیرکەرانی کوردستان بیر کردنەوەیان بەم چەشنە بووە کە ئەگەر ڕێبەرانی خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە سێدارە بدەن ، ئەوە بزاڤی نەتەوەیی کورد کۆتایی پێدێ، غافڵ لەوەی ئەگەر خەباتەکە بۆ ماوەیەک تووشی نسکۆ و شکست دێ، بەڵام چۆک دانادا و ڕێبوارانی ڕێبازەکە درێژە بەو ڕەوت و ڕێگایە دەدەن.

لە ڕەوتی مێژوو دا ، خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان گرێدراوی یەکتر بوون و سەرکەوتنی پارچەیەک، دەستکەوت و سەرکەوتن بووە و کارتێکەری ئەرێنی هەبووە لە سەر هەموو پارچەکان و شکست و نسکۆی پارچەیەک کاریگەری نەرێنی لە سەرگشت پارچەکانی تر داناوە.

 

 

تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکی لە کتێبی  ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناسیۆنالیسمی کورد لە نووسینی جەماڵ پوورکەریم و بەشێکی لە ویکیپیدیا وەرگیراوە