گرنگترین ڕۆژی مێژووی هاوچەرخی کورد

نووسەر:

مەسعود پەژووهی

٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٥ی کوردی بەرانبەر بە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە. دیارە تەمەنی کۆماری کوردستان کەم بوو بەڵام لێکەوتەی زۆری هەبوو. دەستەو و تاقمەکانی حکومەتە داگیرکەرەکان ئەو کۆمارە بە شێوازێک باس ئەکەن کە گوایە تەنیا هۆکاری ساز بوونی ئەو کۆمارە لاوازی دەوڵەتی ناوەندی ئێران بووە لە حاڵێکدا کە خەڵکی کوردستان پێش ئەو کۆمارە زۆر جار شەڕیان کردوە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان و زۆر جاریش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیان داوە و ئەو شەڕانە بە ڕوونی لە مێژووی کوردستاندا دیارە بۆیە به پێچەوانەوە دەتوانین بێژین ئەو کۆمارە خواستی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بووە.
ڕەنگە دەوڵەت بە سەروەری سیاسی خەڵکێک کە لە یەکەیەکی سیاسیدا ببن بوترێت بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ناکرێت مانایەکی پڕ بێت بۆ ئەوەی بمانەوێت دەوڵەت مەعنا بکەینەوە و هەروەها لەوێوە کە کاتێک باس لە دەوڵەت ئەکەین ڕاستەوخۆ باس لە کردەی سیاسی ئەکەین ناکرێت بەو مەعنا لە وشەی دەوڵەت قەناعەت بکەین بۆیە گرنگە کە زۆرتر دەوڵەت بناسین و بزانین ئایا دەوڵەت بوونەوەرێکە یا کەسێکە یا بنکەیەکە و یا بۆنگای ئابووری و یا ڕەنگە وەکو نیچە ئێژێت ” چۆن وەکو داڵێک خەڵک شکڵ دەدات بە پەنجە تیژەکانی.” بە بڕوای من دەوڵەت دەرکەوتەی مێژوویی لە بوونی نەتەوەیەکە کە بوونی خۆی لە دونیای نوێدا نیشان دەدات. دیارە نەتەوە وشەیەکی نوێیە و لە ڕاستیدا ئاماژە بە حکومەتی خەڵک بەسەر خۆیدا دەکات و لێرەدا چیتر حکومەت تاکە کەسی نیە بەڵکوو حکوومەت بریتیە لە کۆمەڵگایەک کە دەوڵەت پێک دەهێنن.
لە سەردەمی نوێبوونەوەی جیهاندا کاتێک کە حکومەتەکان خەڵکی بوونەوە و سیاسەتیش چیتر وەکو ئەمرێکی بەڕێوە بەری لە دەست کەسێکدا نەما کەسانیک هەوڵیان دا کە فرمووڵێک بنووسن و بەو شێوازە بتوانن سیاسەت و ڕووداوەکان پێشبینی بکەن و لەو ڕێگەیەدا کەسێک وەکو مارکس بە یارمەتی وەرگرتن لە زانستی ئابووری هەوڵی ئەوەی بوو کە پێشبینی بکات کە چی ڕوو دەدات و ئەو پێشبینی ئەوەی کرد کە جیهانی سەرمایەداری دەڕووخێت و ئەبێت حکوومەتەکان بکەونە دەست چینی پڕۆلێتار بەڵام مارکس ئەوەی لەبیر کردبوو کە خەڵک فرمووڵی ئاسایی بیرکاری و فیزیا و ئابووری نین بەڵکوو خەڵک هەندێک باوەڕ و هەستی تایبەتیان هەیە کە دەتوانن تەواو فرمووڵەکان بشێوێنن بۆیە مرۆڤ و خەڵک و بە گشتیتر نەتەوەکان ناتوانین وەکو کاتژمێر کۆک بکەین و بێژین لە کەیدا زڕەی دێت بەڵکوو ئەبێت وەکو یەک جەستە سەیری بکەین. واتە کاتێک کە ئاماژە بە نەتەوە دەکەین ئاماژە بە جەستەیەکی زیندوو دەکەین کە ئەگەر کێشەیەک بۆ بەشێک لەم جەستە پێش بێت گشت ئەو لەشە هەستی پێ دەکات. نموونەکەشی ئەتوانین ئاماژە بە شەڕی کوردستانیان لە ڕۆژئاوا بکەین کە بە بێ ئەوەی منی مەریوانی کەس لە کۆبانی بناسم کاتێک شکستی کوردم دەدی پێ ئازار و ئێشم هەبوو و کاتێک سەرکەوتنم دەدی خۆشحاڵ ئەبووم و هەروەها هەزاران منداڵی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوا شەهیدی ئەو لەشە بوون و وەکو من بە بێ ئەوەی خەڵکی کۆبانی بناسن ئەرۆشتن و لە کۆبانیدا گیانیان فیدایی خاک و نەتەوە ئەکرد.
بۆیە ئەتوانین بێژین کە دەوڵەت ڕواڵەتێکی لە حکومەتی نەتەوەیەک بەسەر خۆیدا و هاوکات بوونەوەرێکی زیندووە و ڕواڵەتێکە لە بوونی لەشێکی زیندوو کە هەوڵ دەدات کە ئەو لەشە بپارێزێت لە لەناوچوون. واتە دەوڵەت دەتوانێت دڵی نەتەوەیەک بێت کە لەشێک زیندوو ڕادەگرێت.
کۆماری کوردستان هەرچەن کە ماوەیەکی کورت کاری کرد و دواتر بە هێرشی داگیرکەری ئێرانی ڕووخاندیان و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هەوڵ دەدەن لەشی کورد بکوژن بەڵام کۆماری کوردستان هێشتا لە بیرەوەری بەکۆی ئێمەی کورد دا ماوەتەوە و ئەوە گرنگە بۆ نەتەوەی کورد. لە ڕاستیدا نەتەوەی کورد بوونی خۆی لە کۆماری کوردستان دا دەبینێت.

کۆماری کوردستان بە نیسبەت سەردەمی خۆی زۆر کاری گونجاوی کرد و لە زۆر جێگا ئاماژەیان پێ ئەکرێت کە من نامەوێت زۆر ئاماژەی وردی پێ بکەم بۆیە بە کورتی ئاماژە بە چەن خاڵی گرنگ دەکەم کە ئێستاش بەرهەمەکانی بۆ ئێمەی کورد هەر ماوە وەکو خوێندن بە زمانی کوردی و ڕۆژنامەی کوردی و دەزگای دیپلۆماسی لە کاتی خۆیدا و هەروەها هێزێکی نیزامی و هەروەها بوونێک لە نەتەوەی کورد و تۆمار کردنی بیرەوەری مێژوویی هاوبەش بۆ نەتەوەی کورد.