تورکیا و ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ڤێرسای و سیڤەر و لۆزان

سەد ساڵی رابردوو سەدەی گۆڕانکاریە گەورەکانی مێژووە. سەدەی ھەدوو جەنگی جیھانی دووەم و سەدەی رێکەوتنامە پڕ غەدرەکانی مێژووی گەلان. سەدەی بیستەم لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا بەسەدەی شەپۆلانی مەزن دادەنرێت. با لەجەنگی سەرەتای سەدەوە دەست پێ بکەم.

جیھان لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەخۆیەوە بینی.

جەنگی جیھانی یەکەم ١٩١٤/٧/٢٨ دەستی پێکرد و لە ١٩١٨/١١/١١ دانوسان دەستی پێ کردو جەنگ کۆتایی ھات.
لەم جەنگەدا ٤٠ وڵات بەژداربوون شەڕەکە بووە ھۆی ماڵوێرانیەکی زۆر بۆ مرۆڤایەتی و کوژرانی ١٧ ملیۆن مرۆڤ.
لە دوای کۆتای ھاتنی جەنگ ئیمپراتۆریەکان روخان و زۆرێک لە شانشینەکان بوون بە کۆماری و چەندھا وڵاتی تازە دروست بوون.

نەخشەی بەشێک لە جیھان ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە بینی.

بێگومان دروست بوون و لەناوچوونی ئەم وڵاتانە دەرئەنجامی چەندەھا پێشھاتەی ئاڵۆزن.
لە دەرئەنجامی ئەم پێشھاتانە چەند ھاوپەیمانیەک دروست بوون کە دیسانەوە بوونە ھۆی واژووکردنی چەند پەیماننامەیەک و ھەڵوەشانەوەی ھەندێکی تر.
لەدوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم، دانوسان دەستی پێ کردو لە ١٩١٩/٦/٢٨ پەیماننامەی ڤێرسای لە نێوان وڵاتانی براوەو دۆڕاوی جەنگ واژوو کرا.
لەم پەیماننامەیەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی یەکەمی جەنگی گرتە ئەستۆو دەوڵەتی عوسمانی واژووی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکەی کرد. ئەمەش نارەزایەتیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوەو دواتر بووە ھۆی سەرھەڵدانی نازیەکان لە ئەڵمانیاو نەتەوە پەرستەکانی تورکیا بە سەرۆکایەتی کەمال ئاتاتورک.
تورکیا بۆ رزگاربوون لە پەیماننامەی ڤێرسای خۆی دایە پاڵ ھاوپەیمانی سیانی براوەی جەنگ.
ھاوپەیمانی سیانی (Triple Entente) بریتیبوون لە ھاوپەیمانی نێوان ئمپراتۆریەتی روسیا و بەریتانیا و وڵاتی فەرەنسا وشانشینی بەریتانیا.
وشەی (Entente) وشەیەکی فەرەنسیە و بە واتای دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن دێت.
تورکیا توانی بە نزیکبوونەوەی لەم وڵاتانە خۆی لە پەیماننامەی ڤێرسای رزگاربکات و بچێتە ناو پەیماننامەیەکی ترەوە بە ناوی پەیماننامەی سیڤەر.
پەیماننامەی سیڤەر بۆ تورکیای دۆڕاوی جەنگ باشتر بوو لە پەیماننامەی ڤێرسای.
پەیماننامەی سیڤەر (Sèvres)لەلایەن چەند وڵاتێکەوە نوسرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو نەتەوەو ئاینزادانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئمپراتۆریەتی عوسمانی دا دەژیان ودروستکردنی سنوری نوێ و ئەتۆنۆمی و پاراستنی مافەکانیان.

پەیماننامەی سیڤەر پەیمانی ئاشتی بوو لە نێوان وڵاتانی براوەو ئمپراتۆریتی عوسمانی.

وڵاتە براوەکان بریتی بوون لە دەوڵەتانی فڕەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، شاھنشینی بەریتانیا، ئەرمێنای، بەلجیکا، یونان، پۆلۆنیا، پۆرتۆگال، رۆمانیا، چکسلۆڤاکای و ولاتانی یۆغوزلاڤیا، مملەکەی حیجازی ھاشمی.
لە ١٩٢٠/٨/٢٠پەیماننامەی سیڤەر واژوو کرا. کورد لە لایەن شەریف پاشاوە نوێنەرایەتی دەکرا.
بە گوێرەی بەندی ٦٢ی ئەو پەیماننامەیە، سنورێکی خۆبەڕێوەبردن بۆ ناوچە کوردیەکان دادەنرێت، ھەروەھا ئەندامێتی لە کۆمەڵەی نەتەوەکان.
کۆمەڵەی گەلان (عصبة الأمم، League of Nations) ڕێکخراوەێکی نێودەوڵەتی بوو لە ساڵی ١٩٢٠ و لە ئاکامی پەسەندکرانی پەیماننامەی ڤێرسای دامەزرا، بە ئەندامێتی ٤٢ وڵات. ئەم رێکخراوە لە ساڵی ١٩٤٦ دوای جەنگی جیھانی دووەم و دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ھەڵوەشایەوە.
لە بەندی ٦٢ی پەیماننامەی سیڤەردا ھاتوە کوردەکان ناوچەی ئەوتۆنۆمی خۆیان دەبێ و لە بەندی ٦٤ دا باس لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات بەو مەرجەی دوای ساڵێک لە ئەندامبوونی کورد لە کۆمەڵەی گەلان بیسەلمێنن کە زۆرینەی کوردەکان داوای سەربەخۆیی و دروست بوونی دەوڵەت دەکەن. لە ئەگەری دروست بوونی دەوڵەتی کوردی ویلایەتی موسل دەبووە بەشێک لەو دەوڵەتە.
لێرەدا نامەوێ باسی ئەو ھۆکارانە بکەم کە بوونە ھۆی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی و لەناوبردی ئەو ھەلە زێرینەی گەلەکەمان، بەڵکو دەمەوێت باس لە راستکردنەوەی رێرەوی مێژوو بکەم و ئەو بەرپرسیارێتیە قورسەی کەوتۆتە سەر شانی سیاسەتمەدارانی ئێستای گەلەکەمان.
دوای ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و پارچەپارچەبوونی گروپێک سەریھەڵدا کەدژی داگیرکاری شانشینی بەریتانیاو فەرەنسا و ئیتالیا بوو کە خۆیان بە شۆڕشی ئیستقلالیەت ناوزەند دەکرد. ئەم گروپە دەستی دایە چەک و پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو کە سیاسیەکانی وڵات ئەنجامیان دابوو.
جەنگیان لەگەڵ یونان بەرپاکردو توانیان لەو جەنگە سەرکەوتن بەدەست بھێنن.
ئەم جەنگە ساڵی ١٩١٩-١٩٢٢ی خایاند، زیاتر لە چل ھەزار یونانی لەو شەڕەدا کوژران و نزیکەی پەنجاھەزار بێسەروشوێن بوون.
ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەریتانیا نێوانگیری لەنێو یونان وتورکیادا بکات.
بردنەوەی جەنگەکە لەلایەن تورکیاوە بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەرو بیرۆکەو نوسینەوەی پەیماننامەی لۆزان.

پەیماننامەی لۆزان لە ١٩٢٣/٧/٢٤دا لە شاری لۆزانی سویسرا و لە پەلەیس دێ رۆمین ( Palais de Rumine) واژوو کرا.
ئەم پەیماننامەیە بووە ھۆی سەرلەنوێ دارشتنەوەی سنوری تورکیا. بە پێی ئەم پەیماننامەیە ھەرێمی ئاناتۆلیای باشووری ڕۆژھەڵات کە پێشتر درابوو بە ئەرمێنیا خرایەوە چوارچێوەی سنوری تورکیا، تراقیای رۆژھەڵات و ئەزمیر کە پێشتر بەشێک بوو لە یونان بەھەمان شێوە خرانە سەر وڵاتی تورکیا.
لە پەیماننامەی لۆزان بە پێی بەندی ١٤٢ ھەردوو وڵاتی یونان و تورکیا کۆچی زۆرەملێ بە ھاوڵاتیان دەکەن. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کۆچکردن بە ١،٢٥ ملیون یونانی لەو ناوچانەی خرانە چوارچێوەی تورکیاوە وەھەروەھا ٥٠٠،٠٠٠ تورکی نیشتەجێی یونان.
لەبەرانبەر واژوکردنی پەیماننامەی لۆزان تورکیا دەستبەرداری باڵادەستی بوو لە میسرو سودان بۆ شانشینی بەریتانیا و دوديكانيسيا و لیبیاش بۆ ئیتالیا و لبنان و سوریا بۆ فەرەنسا.
شاراوە نیە کە بەھۆی پەرتەوازەیی کورد و یاریکردن بە سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان لەلایەن تورکیاوە کورد ئەو ھەلە زێرینەی لە دەستدا.
لۆزان نەخشەی وڵاتانی داڕشتەوە لەسەر بنگەی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە. عیراق و سوریاو تورکیاو تەنانەت ئێرانیش. کورد لەم میانەیەدا نەک ھەر ئەو مافەی لێ سەندرایەوە بەڵکو وەکو کۆڵۆنیەکیش ئەو مافەی نەدرایە. مێژوو ئەوە ئەسەلمێنێ کە کورد بەم دابەشبونە نەک ەازی نەبوە بەشکو بەرگریشی لەخۆی کردوەو شەڕی بەرگریش رووی داوە.
ئەم دابەشکردنە نا عادلانە بوە بنەمای چەند تاوانێکی گەورەی سڕینەوەی نەتەوەی کورد لەناو بۆتەی دەوڵەت نەتەوەکانی کوردستانی بەسەردا دابەشکرا.
بەرژەوەندیە ئابوریەکان وای لە وڵاتانی زلھێز کرد کە چاوپۆشی بکەم لەو ھەموو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر بەگەلی کورد ئەنجام دران.

دوای سەد ساڵ
ئێستا دوای تێپەربوونی نزیکی ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامەیدا تورکیا ناڕەزایەتی خۆی دەردەبرێت و لەو بڕوایەدایە سیاسەتمەدارەکانی ئەوکاتی لاواز بوون و زۆرێک لەو ناوچانەی ئێستا لە چوارچێوەی سنوری وڵاتانی تردان دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر وڵاتی تورکیا.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنقەرە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە پەیمانی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ی خستە ژێر پرسیارەوە. باسی لە “ڕێسای نادادپەروەرانە” و “شکستێک بۆ تورکیا” کرد.
وەک نموونەیەک دوورگەکانی ئیجەی هێنایەوە کە بە بۆچونی ئەو سەر بە تورکیان.
سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، هێشتا “ململانێیه‌كی زۆر له‌سه‌ر سنووری وشكانی و ئاسمانی و دەریایی هه‌یه‌”.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ کاروباری دەریایی و سیاسەتی دوورگەکان نێکتاریۆس سانتۆرینۆس لە نامەیەکدا کە پێشکەشی پەرلەمان کردبوو، نیشتەجێکردنی 28 دوورگەی بچووکی لە دەریای ئیجە ڕاگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا بە یۆنانیەکان.
ئەم ئاڵۆزیەی نێوان یونان و تورکیا ھەروەھا بە کۆمەڵکوژی ناساندنی ئەرمەنیەکان کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراون و سیاسەتی نوێی جیۆپۆلەتیک بەشێوەیەکی زۆر لەبارە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان.
ھەروەھا لە ساڵی 2008 لە میانی سەردانێكی عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری ئەوکاتی توركیا بۆ سویسرا، پاسكال كوشێپین سەرۆكی فیدراڵی سویسرا ئەو مێزەی پێشكەشی توركیا كرد كە پەیمانی لۆزانی لەسەر واژۆ كرا بوو.
دوای سەد ساڵ لە لۆزان ئەگەرەکانی شەڕی گەردونی زیندوون و ئەو ناوچەیەی کوردستانی بەسەردا بەش بەش کراوە دەبێتە چەقی رووداوە چاوەڕوان کراوەکان. بێشک دابەشبونی تازە دروست دەبن. تورکیای سەردەمی ئەردۆغان تەماحی لە فراوانخوازی ھەیە بەڵام کوردی ئێستا ھەمان کوردی سەردەمی لۆزان نیە. دەتوانێ رۆڵ ببینێ و لە پێگەی ئێستای زیاتر دەستەبەر بکات. بەڵام وەکو چۆن داگیرکەر پیلانی داناوە لەبەرامبەر ئەمەدا کورد دەیەوێت پلانی خۆی ھەبێت.
بۆ ئەم پرسە چارەنوسازەی کورد ئەبێ پرسیار بکەین و نەخشەکەی ئەوسا بھێنینەوە بەرچاومان و بڵێین
کاتی ئەوە ھاتوە کورد لە گۆرەپانی سیاسی جیھاندا رۆڵ ببینێت.
بەستنی کۆنگرەی ئامادەسازی بۆ ١٠٠ ساڵەی لۆزان کە لە شاری لۆزان و لەھەمان شوێنی واژوکردنی پەیماننامەی تێدا ئەنجام درا ھەنگاوێکی گرنگە.
ئەو ھەڵەمێژوییانەی ئەنجامدراون دەبێت راست بکرێنەوە. گەلی کورد توانی شانبەشانی وڵاتانی زلھێز بەژداربێت لە شەڕی دژ بە مرۆڤایەتی داعش و ئازایەتی بێوێنەی نیشانی جیھان دا.
ھەموو وڵاتانی جیھان قەرزاری پێشمەرگەو شەرڤانن. ئێمە دەبێت بە ستراتیجیەتێکی بەھێزەوە بچین و لە دەرگای وڵاتانی ناو نەتەوەیەکگرتوەکان بدەین بۆ دووبارە پێداچونەوە بە پەیماننامەی لۆزان دا.
لەم سەد ساڵەی رابوردوودا چەندەھا وڵاتی نوێ دروست بوون و یەکێتی سۆڤیەت ھەڵوەشایەوە.
کاتی بەرقەرابوونی مافی چارەنوسی کورد ھاتوە گەر لە دەستپێکش دا تەنھا بە ئەوتۆنۆمی بۆ ھەر یەک لەبەشەکانی کوردستان دەستپێبکات.
بە شێوازی گونجاوی پێدانی مافی خۆ بەڕێوەبردن یان بەشداری کردن لە حوکمڕانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بە ئارەزوومەندانەی کورد خۆی.
ئەو پێشەکیە مێژووییەم بۆیە باس کرد چونکە گرنگە کورد بگەڕێتەوە سەر خاڵی سەرەتاو بزانێ تورکیا دوای سەد ساڵ بەنیازە چی بکات، بە بۆچوونی من رازی نیە بە لۆزان و دەیەوێت داگیرکردن بەرفراوان بکات.
لەبەرامبەر ئەوەشدا کورد خۆی ئامادە کردوە بۆ رەتکردنەوەی ئەو غەدرەی لێی کراوەو لە دەرفەت دەگەڕێت راڕەوی مێژوو راست بکاتەوە بەپێی یاسای نەتەوە یەگرتوەکان لە پێدانی مافی گەلان.
چونکە کاتێ بەلۆزان کوردستان دابەش کرا ھیچ پرسێک بە خودی کورد نەکرا. ئێستا قۆناغێکی نوێیەو کورد بەرەو ئامادەکاری ئەو قۆناغە نوێیە ڕێگای جیاواز دەگرێتە بەر یەکێک لە دەستپێکە گرنگەکان کۆنفرانسی لۆزان بوو بە ئامادەبوونی کوردی ھەرچواربەشی کوردستان و نوێنەری ھەرە زۆرینەی پارت و حزبە نیشتمانیەکانی کوردستان. یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەک ھێزێکی کوردستانی نیشتمانی بەشدارێکی کارای کۆنفرانس بوو.
بەبۆچونی ئێمە سەرەتایەکی نوێ دەستی پێکردوە بۆ گۆڕانکاری بەتایبەتی گۆڕانکاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. کورد کوتلەیەکی دیارەو ناتوانرێ نادیدە بگیرێت. بۆ سەد ساڵەی لۆزان کورد ھەوڵەکانی دەستپێکردوە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سیڤەرو راستکردنەوەی ھەڵەی مێژوویی بەرامبەر بە گەلانی ناو خاکی کوردستان.
بۆ ئەم نەخشە رێگایە تێگەیشتن لە مەرامەکان و مەبەستەکانی پشت ئەو رێکەوتنامانە گرنگن، بەبێ تێگەیشتن و شیکردنەوەیان ناتوانرێت نەخشە رێیەکی نوێ و بنەمایەکی پتەوی کارکردنی نیشتمانی دابڕێژرێت. لەکۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان ئەو نەخشەیە ئەچەسپێنرێت بە بەشداریکردن و ئامادەبوونی ھێزو گروپە نیشتمانیەکانی کوردستان.

١٠٢ ساڵ بە سەر پەیماننامەی سێڤر دا تێپەڕ بوو
پەیمانی سێڤر (Sèvres) پەیمانێکی ئاشتی بوو لە نێوان دەوڵەتانی فەڕانسە، بریتانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و ھاوپەیمانان لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیھانی لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ بەسترا. نوێنەری کورد شەریف پاشا بوو و بە گوێرەی ئەو پەیمانە بریتانیا دەیویست بەشی باکووری کوردستان لە تورکیە جیابکاتەوە و ویلایەتی موسڵیشی بخاتە سەر و دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بۆ کورد لەژێر سەرپەرشتیکردنی خۆیدا دابمەزرێنێت.