ئازادی ! ئێی ئازادی!

حەمەعەزیز وەیسی
ئازادی !
ئێی ئازادی!

لە مێژ ساڵە شاعیران، ئەدیبان ، فەیلەسووفان ، زانایان و شۆڕشگێڕان، بۆ تۆ و بە دیار پەیکەری تۆوە شەو نخوونیان کێشاوە و تۆیان لاواندووەتەوە و بە بەژن و باڵاتا هەڵیانداوە و بۆ تۆ گیانی خۆیانیان کردۆتە قوربانی.

بە میلیۆنان مرۆڤی ئاسایی-ش لە هەر چوار لای دنیاوە لە پێناو لە دایک بوونی تۆ و لە ئامێزگرتنت، خوێنی خۆیانیان بەخشیوە!

ئەرێ بە راست تۆ چیت ئەی ئازادی؟
ئەو چەمکانەی کە مرۆڤ خۆی دایهێناون و درووستی کردوون و وا دازنێ کە بە راستی بوونیان هەیە، وەکوو : ئازادی ،هەقیقەت، خودا، دادپەروەری، مافی مرۆڤ، یەکسانی، دێموکراسی و… هتد ، هەر هەموویان بوونێکی رەها و کۆنکرێتیان نییەو چەمکگەلێکی رێژەیین!

بە رای من نابێ و نەشیاویشە بۆ ئەم چەمکانە و بە بۆنەی ئەوان و لە پێناویاندا، بە رەهایی بڕیار بدەین و لە بارەیانەوە بنووسین و بدوێین ،چوونکە خودی ئەو چەمکانەش بە رەهایی بەدی نایەن و مسۆگەر نابن.

تەنیا ئەوە نەبێ لە پاڵ پەیکەری ئەفسانەیی و گەردوونی و ئەفسووناوی ئەو چەمکانەدا ، کەمێک لە ئاواتە دەروونی و ژیارییەکانی بەشێک لە مرۆڤایەتی دەستەبەر دەبێ.

ئەوانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان ، لە سەر میکانیزم و ناوەرۆکەکانیان گومانم هەیە و هەمیشەش جێگای پرسیار و مشت و مڕی دەروونی و فیکری و هونەری منن.

سا دەپرسم :ئەرێ بە راست لەم دنیایەدا و لەم سەردەمە پڕ لە کێشە و جەور و ستەمەدا کە گوایا رەوڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنی زۆری لە زۆر بواردا بە دەست هێناوە، ئازادی راستەقینە بە مانای تەواوی وشەکە هەیە و بەرقەرارە!؟

ئایا هیچ کەسێک هەیە لەم دنیا بەرینەدا ئەو هەمووە خۆزگە و ئاوات و پرسیارانەی کە لە ناخیدایە بە تەواوی و بە بێترس و لەرز بتوانێ بیانووسێ یان بیاندرکێنێ!؟

کێ هەیە بە جورئەتەوە پرسیار لە ناوەرۆکی هێندێک لەو چەمکانە بکا و بیانخاتە بەر تیشکی رەخنە، کە داهێنانی خودی مرۆڤیشن !؟

لە تەواوی ئەم دنیایەدا بە پێشکەتوو و پاشکەتوویەوە، بە دیکتاتۆر و دێمۆکراتیەوە، کێ دەتوانێ تەنانەت رەخنەیەکی بابەتیانەش لە سەرۆک یان رێبەرێکی زماندرێژ و گەمژە و خوێنڕێژ و هەزار رووی سیاسی یان ئاینی بگرێ ، پاشان یاسا چەپەڵەکانی دنیا دەست و پێی لە زنجیر نەئاڵێنن!؟

ئەو یاسا و رێسایانەی کە لە بەرژەوەندی ستەمکاران و بەرژەوەندی خوازان و دوو روویان داڕێژراوە کە فەرمانڕەوای ناڕەوای ئەم دنیایەن.

ماوەیەکی زۆرە بیر لە ناوەرۆک و پێکهاتەی ئەو چەمکانە دەکەمەوە ، بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا بە تەواوی بۆم روون و ئاشکرا نەبووەتەوە کە بە راستی ئازادی چییە، هەقیقەت چییە، دادپەروەری و…هتد راستەقینە چییە !؟

ئاگاداریشم بە درێژایی ئەو هەزاران ساڵە، شاعیری گەورەو مرۆڤی مەزن و بیرمەند و زانا و شۆڕشگێڕی راستەقینە، لە سەر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و رەخنە لێگرتنیان بۆ روون بوونەوە و وەگەڕ خستن و چەسپاندنیان لە سەر ئەرزی واقیع، لە بارەی ئەم چەمکانە نووسیویانە و لێکۆڵینەوەیان کردووە و گیانی خۆیانیان فیدای بیر و ئەندێشەکانیان کردووە، بەڵام بە داخەوە تینوویەتی منیان بۆ هەڵهێنجان و تێگەیشتنی قووڵ لە مەڕ ئەو بابەتانە نەشکاندووە!

هەر وەها نەگەیشتوومەتە ئەنجامێکی کۆنکرێتی و پتەو کە گومانەکانم لە سەر ئەو چەمکانە بڕەوێنێتەوە و ببێتە هۆی وڵامێکی دڵنیا کەرەوەی پرسیارەکانی من.
مرۆڤ هەیە گوایا لە ناخەوە ئازادە، بەڵام لە دەرەوە کۆیلەی دام و دەزگای سیاسی ، ئاینی ،کۆمەڵایەتی و داب و نەریتی خێڵەکیانە و چەقبەستووە!

مرۆڤیش هەیە لە ناخەوە کۆیلەیە، لە دەرەوەش وەها خۆی نمایش دەکا کە ئازادە!

مرۆڤیش هەیە بە راستی لە ناخەوە ئازادە ، لە دەرەوەش تا رادەیەک شێت و ئازادە، بەڵام ژیانی پڕ لە ئێش و ئازار و دەربەدەری و تەنیاییە !

من وەهای دەبینم کە بە داخەوە لە سەر گۆی ئەم زەوییە، ئازادییەک نییە کە نەختێک تینوێتی مرۆڤ بشکێنێ، تەنیا چەند ترووسکاییەکی کز نەبێ لە چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی بە دیدەکرێ، ئەوەش بەرگەی رەشەبایەکی چەتەکانی یەقین ناگرێ و توانای رۆشنکردنەوەی ئەو تاریکاییە بەرینە و هەڵدڕینی هەناوی ئەو هەورە رەشەیان نییە، کە ئاسمانی ژیانی داپۆشیوە.

ئەمە سەرەڕای ئەو هەمووە تێکۆشان و گیانفیداییە هەزاران ساڵەی کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدیب و هونەرمەند، بەرەو کوژانەوە هەنگاو دەنێ!
هیوادارم سەردەمانێک دابێ، وڵامێکی راست و درووستمان لە بارەی ناوەرۆکی ئەو چەمکانە بە دەست کەوێ و ئازادی راستەقینەش لە دنیادا بێتە ئاراوە و ئامێزی گەرمی بۆ هەمووان بکاتەوە.
بەڵام…

Oct/8/2021