چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا.

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان زەروورەت و پێویستیەکی سیاسی و مێژووییە.

سەرەنجام پاش دوو مانگ کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK لە ڕێکەوتی ٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی پێک بێ.

لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بکرێ .
پێکهێنەرانی هاوپەیمانی لەو باوەڕە دان کە بەم چەشنە دەتوانن ببین بە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لە گەڵ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی بە ناو کوردستانی ئێران.

حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:
١ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
٢ یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٣ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان
٤ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

پاش پێکهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ١٧ کەس وەک ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردران .
دواتر لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا ٥ کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران کە بریتین لەو کەسانە:
ڕۆستەم ئەڵماسی
مێهران میرزایی
عەلی فەزڵی
جەماڵ پوورکەریم
سەردار وەلەدبەیگی
پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە کۆی دەنگ جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبژێردرا.

لێرەوە دەتوانن دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاپەیمانی بخوێننەوە:

دەقی ڕاگەیەندراوی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان :
میوانانی بەڕێز :
خوشک و برایانی ئازیز ، هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و بیانی و ڕۆژنامەنووس و میدیا کارانی خۆشەویست:

بە خێر بێن بۆ کۆنفڕانسی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان:

هەر وەکی ئاگادارن نزیکەی سەد ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانێک لە ژێر ناوی ساختە، جەعلی و دەستکردی ئێران،تورکیە،عێڕاق و سووریە داگیر کراوە و سەرەڕای خەباتی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد و تێچوو و قوربانییەکی زۆر، دەستکەوتەکان لە ئاستی چاوەڕوانکراو دا نەبوون.
پڕش و بڵاوی و لێکدابڕانی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و نەبوونی کۆدەنگی، یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لە نێوان لایەنەکان زۆر جار بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسییەکان.
ئێستا لە شەقام و ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ وێژمانی فیدڕالخوازی، کۆنفیدڕاڵی و سەربەخۆییخوازی لە ئارا دایە کە بە باوەڕی ئێمە وێژمانی سەربەخۆییخوازی لە پلەی یەکەمی ئەو وێژمانە دایە و زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕی بە ئێرانی بوون و مانەوە لە چوارچێوەی جوگرافیای داگیرکەری ئێران دا نییە و گوتاری وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانی لە خاک و جوگرافیای کوردستان و گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاک و نەتەوەی کورد گوتاری زاڵە.

نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناخوازن کە جارێکی دیکە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی دووبارە بێتەوە و جارێکی دیکە نەتەوەی کورد بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانی.
نەتەوەی کورد گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە نە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و نە پەهلەوی و شاهەنشاهی و بە گشتی نە ئێرانیەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان هیچ کات ئامادە نین دان بە بچووکترین مافەکانی نەتەوەی کورد دابنێن.
لە هەلومەرجێکدا کە گۆڕانکارییە سیاسیەکان لە جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی بە خێرایی ئاڵووگۆڕیان بە سەر دادێ و گۆڕانکارییەکان بە خێرایی تێپەڕ دەبن، هەوڵدان بۆ پێکهێنان و سازکردنی بەرە ، کۆنگرە یان ناوەند یان هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی هەنووکەییە.
هەلومەرجی هەستیاری ئەمڕۆیی وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە دەوری یەک پلاتفۆڕمی هاوبەش بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی کۆببنەوە و خالی هاوبەش ببێتە بنەمای پێکەوە کار کردن و کۆبوونەوە لە دەوری یەک مێز و یەک بەرە ، یا هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە سەرجەم لایەنە سەربەخۆییخوازەکانمان بانگهێشت کرد تاکوو بکەوێنە ڕێکەوتنێک بە دوور لە قازانج و بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی و لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی دا.

بێشک یەکڕیزی و پتەو کردنی ناو ماڵی کورد و سەربەخۆییخوازن ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و لەو پێوەندییە دا ئێمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە لە گەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییە سەربەخۆییخوازەکان بە هاوبەشی کۆببینەوە.

لەو هاوپەیمانییە دا کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش دەکەین.
بەم چەشنە دەتوانین ببین بە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لە گەڵ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی بە ناو کوردستانی ئێران.
خواستی کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کورد بە گشتی یەکێتی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردە و پێکهێنانی بەرە و ناوەند و هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازان لە سەر ئیرادە و ڕای گشتی خەڵکی کوردستان پێک هاتووە و لێرەوە ئەو مزگێنیەتان دەدەینێ کە :
بە مەبەستی هەوڵدان و خەبات بۆ گەیشتن و بە دەستهێنانی ئازادی و وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانی و هەروەها یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد. ئێمە وەک چەند لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێکەوە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان بدەین.

حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:
١ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
٢ یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٣ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان
٤ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هاوپەیمانییەکی سیاسی و جووڵانەوەیەکی نیشتمانییە و بریتییە لە چەندین حیزب و ڕێکخراو و لایەنی کوردستانی، کە باوەڕیان بە خەبات و تێکۆشانە لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی جۆراوجۆر دا بە ستراتیژییەکی هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی، ئابووری ، میدیایی و چەکداری خەبات و تێکۆشان دەکەن.

بۆ ئەم مەبەستە یەکەم بژاردەی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەوڵدانە بۆ ئەوەی کە لە ڕێگەی داواکاری لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانیەکان فشار بخرێتە سەر ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی تاکوو ڕێز لە مافەکانی گەلەکەمان بۆ دیاریکردنی چارەنوووسی نەتەوەیی خۆی بگرێ، واتە گەلی کورد لەهەموو بوارەکاندا بە ئیرادەی ئازادانە لەسەر خاکی خۆی، ئیدارە ی خاک و وڵاتی خۆی بکات.

ئەمە داواکارییەکی ڕەوا و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ مانەوەی گەل و وڵاتەکەمان، بەڵام ئەگەر ڕژیمی دەسەڵاتدار سەرەڕای داوای ناوەندە جیهانیەکان بە ئاشتیانە قەبووڵ نەکات و بەرەدوام بێ لە سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵیکردن لە ڕێگەی داگیرکاریەوە، ئەوە ئەوکات هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کەڵک لە هەموو جۆرە چالاکی و شێوازەکانی خەبات وەردەگرێت، بۆ نموونە ،کەڵکوەرگرتن لە شێوەی خەباتی چەکداری بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و پرەنسیپە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤی پەسەندکراو لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکات بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە مافی خۆی دەزانێ کار بۆ دروستکردن و پێکهێنانی دەوڵەتی کاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە و دوورخراوەیی دا بکا.

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەموو جوگرافیای کوردستان وەک وڵاتی نەتەوەی کورد دەبینێت و ستەم و دابەشبوونەکەی بە ڕەوا نازانێت و بە مەترسییەکی گەورە لە سەر مانی نەتەوەیی کورد پێناسەی دەکات و ئازادی و یەکپارچەیی کوردستان بە ئەرکێکی نەتەوەیی، سیاسی و مێژوویی سەرشانی خۆی دەزانێت.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لە تەبایی و یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەکات و دیالۆگی لێبوردن و ڕێز لە یەکگرتن دەکاتە بناغە بۆ چارەسەریی هەر کێشەیەکی ناوخۆیی. هاوکات شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی نێوان هێزە سیاسییەکان ڕەتدەکاتەوە و بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر یەکگرتوویی گەلی کورد و مانەوەی نەتەویی دەزانێ و وێڕای ئامادەکردنی شەڕەفنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر چەشنە شەڕێکی کورد بە دژی کورد بە هێڵی سوور دەزانێ و دەستپێکەری وەها شەڕێک بە تاوانبار لە قەڵەم دەدا و وەها شەڕێک دەچێتە خانەی خزمەت کردن بە دوژمنانی کورد و دەبێتە هۆی تێکدانی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کار بۆ پێکهێنان و دروستکردنی هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکا کە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێکدێ و لە ژێر ناوی هێزی نەتەوەیی کوردستاندا چالاکی دەکا و بریتی دەبێ لە هێزی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان و ئەو هێزە هەر کات لە لایەن سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی بڕیاری لە سەر درا و پێویست بوو کە ئەگەر شەڕێک بەرانبەر بە دوژمنانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هاتە ئاراوە، بەشداریی چالاکانە و چەکداری بکا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پابەندە بە میتۆد و پرەنسیپە دێموکراتییە هاوچەرخەکان لە ژیانی ڕامیاری و ئیداری و لە کوردستاندا بەکاریان دەهێنێت.
و هاوکات ڕێز لە ئازادیی گشتی و بیروبۆچوونە سیاسی و ئایینیە جیاوازەکان دەگرێت و مافی ڕادەربڕینیان دەپارێزێت.

هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان باوەڕی وایە کە:
دەسەڵات و بەرپرسیاریەتی ئەمانەت و ئەرکن نە ماڵ و مڵک و دەدرێت بەو کەسانەی کە بتوانن بەرژەوەندیی گشتی گەلی کورد بە باشترین شێوە بەکاربێنن و ئەنجامی ئەرێنی دەستەبەر بکەن و بێ جیاوازی خێڵەکی، بنەماڵەیی، ئایینی و ڕگەزی کار بۆ هەمووان بکات.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ڕێز لەهەموو کەمایەتییە ڕەگەزییەکانی کوردستان دەگرێت و هاوکات لە دوو ڕەگەزی ژن و پیاو وەک یەک مرۆڤی کورد دەڕوانێ و هەروەها لەو باوەڕەش دایە کە سیستمی داگیرکەر کارێکی کردووە تاکوو ژنانی کورد جارێک وەک کورد و جارێک وەک ژن مافەکانیان پێشێل بکرێ و بچەوسێندرێنەوە ، بۆیە ئێمە وەک هاوپەیمانی وێڕای ڕێز گرتن لە ژنان، سەرجەم مافەکانیان بە ڕەوا دەزانین و کار دەکەین بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە ستەمێکی ڕەگەزایەتی، چینایەتی و نەتەوایەتی، هەروەها ڕێز لە تایبەتمەندیی زمانەوانی و کولتووری و ئایینیەکانیان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەگرێت و هەر چەشنە ناوچەگەرایی و جیاوازی دانان لە نێوان شار و ناوچەکانی کوردستان ڕەد دەکاتەوە.

ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بەرزترین و پیرۆزترین نرخی نەتەوەیی و بالاترین بەرژەوەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕەوشتیە.
و ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی بەهۆی تەبایی ڕامیارییەوە مسۆگەر دەبێ.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێی وایە دەبێت سیستەمی سیاسی بۆ کوردستان سێکولار بێت و ناخوازێت دەوڵەت و ئایین پێکەوە لەگەڵ یەکتر کار بکەن بەڵام لەچوارچێوەی سیستەمی سیکولاردا ڕێزێکی تایبەتی هەیە بۆ بیروباوەڕە ئایینیە جیاوازە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە نەبنە لەمپەر لە بەدەم ویستی سەربەخۆییخوازی.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئامادەیە لە پێناو ڕێزگرتن لە گەلی کورد و بەمەبەستی گەرانتی کردنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی هەموو هاوپەیمانییەکی پێویست لە سەر ئاستی ڕامیاری، دیپلوماسی و سەربازی لە گەڵ پارت و هێزە کوردستانییەکانی دیکە بکات.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە سەر ئەساسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە گەڵ نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دیکە کە خاکەکەیان لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە هاوپەیمانی پێک بێنێ.

هێز و لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و هاوبەش لەم بوارانە دا پێکەوە بە یەکگرتوویی خەبات دەکەن:
سیاسی، مەدەنی، نیزامی و چەکداری،ماڵی و ئابووری، میدیایی وبەیاننامە و هەڵوێستی هاوبەش.
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دا و لە ڕێگەی لۆبیگەرییەوە کار بۆ گشتگیرکردنی پرسی کورد و و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان بۆ داکۆکی و پاڵپشتیکردن لە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد دەکا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جگە لە دوژمنانی کورد بەرهەڵستکاری هیچ کەس و لایەنێک نییە و هاوکات داوا لە نەتەوەکانی دیکەی وەک عەرەبی ئەحوازی، تورکی ئازەری، بەلووچ، کاسپیەن و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە دەکات تاکوو لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، دوژمنی هاوبەش و دراوسێیەتیی داهاتوو دا پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکان کار و خەبات و چالاکی بکەین.

دەرگای هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی واڵایە و داوا دەکا بۆ بڕەودانی زیاتر و یەکگرتووانەتری خەبات بێنە ناو ڕیزی هاوپەیمانیەوە.

دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی
٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی