هێرش و پەلاماری داگیرکەری ئێرانی بۆ سەر کوردستان، تازە نییە، نە یەکەم جارە و نە دوایین جاریشی دەبێ

جەماڵ پوورکەریم، سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان:

هێرش و پەلاماری داگیرکەری ئێرانی بۆ سەر کوردستان، تازە نییە، نە یەکەم جارە و نە دوایین جاریشی دەبێ، ئێرانیەکان لە مێژوو دا بە هەر شێوەیەک بۆیان لوابێ هێرشیان کردۆتە سەر خاک و زمان و کلتوور و فەرهەنگی نەتەوەی کورد.

نزیکەی سەد ساڵ بە سەر داگیرکردن و دابەش بوونی کوردستان و دامەزرانی وڵاتانێکی جەعلی بە ناوەکانی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە کە لە سەر خاک و خوێنی ئێمەی کورد بینات نراوە ، تێپەڕ بووە .
خاکی کوردستان لە یەکەم ڕۆژەکانی داگیرکرانەوە کەوتۆتە بەر هێرش و فتوای داگیرکەران، هێرشەکان هەر جارەو لە شێوازێک دا خۆیان نیشان داوە، جارێک بە هێرشی نەرم و جارێک بە هێرشی رەق.

ئەو جۆرەی پێویست بووە هەستمان بە هێرشە نەرمەکانی داگیرکەران نەکردووە ((ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوە، ژینۆسید و قەتلوعام )) کە لە چوارچێوەی هێرشی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی ، فەرهەنگی،زمانی، کلتووری و مێژوویی و … دا بەڕێوەیان بردووە.

لە بەرانبەر بە بەشێک لە کردەوە رەقەکانی داگیرکەران بە خێرایی دژکردوەمان هەبووە ، واتە ئەکشێنی ئەوان ڕێئەکشێنی کاتیی ئێمەی لێکەوتۆتەوە. (( پێویستە بە کردەوە ئەو هێرشانە مەحکووم بکەین نە بە دژکردەوەی کاتی و ئیحساسی))

نەبوونی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان گرینگترین هۆکارە بۆ ڕێگە خۆشکردنی دەستدرێژیی ئێران، تورکیە ، عێراق و سووریە بۆ سەر خاکی کوردستان.
گەلی کورد لە هەلومەرجی هەستیاری ئەمڕۆیی دا پێویستی بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە، تەبایی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و هێز و لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتیە.

کورد بوون و کوردستانی بوون بکەینە بنەمای یەکڕیزی و خەباتی هاوبەش.

ئەگەر خاوەنی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بایەین، هێرشی وڵاتێکی بێگانە بۆ سەر خاک و سەروەریمان لە ئاستی جیهانیدا مەحکووم دەکرا و پشتگیریی جیهانیمان لە پشت دەبوو.

لە کۆتاییدا :
ئەگەر ئەو هێرش نەکا داگیرکەر نییە، داگیرکەر دوژمنە و ناوەکەی بە خۆوەیەتی، بەڵام بەشێک لە هەڵەکەی ئێمە لەوە دایە کە هیچکات هێرشمان نەکردووە و بە پێی توانا بەردەوام لە خانەی دیفاع و بەرگری لە خۆمان دابووین.

وەڵامی بەیاننامە، بەیاننامەیە، وەڵامی هێرش، هێرشە، بۆیە وەڵامی ئێمە دەبێ بە هەمان زمان و تەنانەت توندتریش بێ.