ڕێکخراوە سیاسییەکانی باکووری کوردستان

باکووری کوردستان :

شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری

  • شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری  کە وەکوو یەکەم سەکردەی نەتەوەخواز ناوی ھاتووە بۆ دامەزراندنی ویلایەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد، لە ساڵانی ١٨٨٠ زایینی شۆڕشێکی بە دژی داگیرکەرانی کوردستان ڕێکخست و هاوکات لە گەڵ هەر دوو سوپای عوسمانی و قاجاڕ شەڕی کرد و پانتایی شۆڕشەکەی شەمزینان و هەکاری واتە باکووری کوردستان بوو ، هاوکات بە هۆی پشتیوانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم لە شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا، پانتایی شۆڕشەکە بەشێک لە باشووری کوردستانی گرتەوە و هەر لەو سەردەمە دا ھەمزاغای مەنگوڕ یارمەتی شۆڕشەکەی دا و هەر بۆیە پانتایی شۆڕشەکە شاری مەهاباد و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
  • ساڵی ١٩٠٨ ی زایینی شەریف پاشا لە گەڵ بەدرخانیەکان  لە باکووری کوردستان کۆمەڵەی تەعالی و تەڕەقیی کورد دادەمەزرێنێ.
  • ساڵی ١٩١٠ بۆ ١٩١٣ مەلا سەلیمی بدلیسی لە باکووری کوردستان ڕاپەڕینێکی مەزنی چێ کرد.
  • شێخ سەعیدی پیران  لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینیدا شۆڕشێکی گەورەی دەستپێکرد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەمارۆی شاری ئامەدیان دا، بەڵام ھێزەکەیان تێکشکا و پاشان شێخ سەعید لە سێدارە درا، لەو شۆڕشەش دا پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون، لە باشووری کوردستانەوە شێخ مەحموودی حەفید و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سمکۆی شکاک تا ڕادەیەکی باش یارمەتیدەری ئەم شۆڕشە بوون.
  • لە ساڵی ١٩٢٧ ئیحسان نووری پاشا  شۆڕشی ئاگری بەرپا کرد و  بە دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆییبوونەوە یەکەم کۆماری کوردیان لە ژێر ناوی کۆماری ئاراڕات دامەزراند کە تا ساڵی ١٩٣٠ بەردەوام بوو کە پارچەکانی دیکەش وەک ڕۆژاوا و باشوور و ڕۆژهەڵات تێیدا بەشداریان کرد، بۆ نموونە لە باشووری کوردستان شێخ ئەحمەدی بارزانی یارمەتیدەری کۆماری ئارارات بوو و هەروەها بروی حسکی تلی یا حسکیزادە لە جەلالیەکانی چاڵدۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یارمەتێکی زۆری نیزامی خۆییبون و کۆماری ئاراراتی دا.

خۆیبوون

Xoybûn, Khoybun, Xoybun

خۆیبوون (بە کوردی: جواتا سەرخوەبوونا کورد، Ciwata Serxwebûna Kurd) ڕێکخراوەیەکی ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) بوون کە پاڵپشتییان لە سەرھەڵدانی ئارارات دەکرد، ئەم کۆمەڵەیە بە سەرکردایەتی ئیحسان نووری پاشا لە وڵاتی لوبنان لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧ دامەزرا.

  • چەند ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٣٦ سەید ڕەزای دێرسیم سەرهەڵدانی “قوچگیری” یان ڕاگەیاند و سەرئەنجام ساڵی ١٩٣٧ سەید ڕەزا لە لایەن تورکەکانەوە لە سێدراە درا و لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٩ زیاتر لە ١٣ هەزار کەس لە خەڵکی دێرسیم لە لایەن ڕژیمی تورکیەوە کۆمەڵکوژ کران

پارت و لایەنەکانی ئێستای باکووری کوردستان

  1. پارتی دیموکراتی کوردستان – باکوور
  2. پارتی دیموکراتی گەلان
  3. پارتی سۆسیالیستی کوردستان
  4. پارتی شۆڕشی کوردستان
  5. پارتی کرێکارانی کوردستان
  6. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (تورکیا)
  7. پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان
  8. کۆنگرەی گەلی کوردستان
  • ١. پارتی دیموکراتی کوردستان – باکوور Partiya Demokrat a Kurdistanê – Bakur

بە دروشمی ڕێبازی بارزانی (“لە ڕێگەی بارزانی”) لە ئەیلوولی ١٩٩٢ دامەزراوە.

پێگە سەرەکییەکان: قەندیل

ئایدۆلۆجیا:کوردایەتی ، سەربەخۆیی

جێگای سیاسی: خێوەتی گەورە

ماڵپەڕ

پارتی دیموکراتی کوردستان – باکوور ( Partiya Demokrat a Kurdistanê – Bakur، بە تورکی: Kürdistan Demokrat Partisi/Kuzey) پارتێکی نایاسایی چالاک لە تورکیا و باکووری کوردستانە. مەبەستی ئەم پارتە سەربەخۆیی بۆ خەڵکی کوردە.

٢. پارتی دیموکراتی گەلان

 

Partiya Demokratîk a Gelan
سەرکردە پەروین بولدان :مەدحەت سەنجەر
دامەزران: ١٢ی ئابی ٢٠١٢
ئایدۆلۆجیا: قازانجی کورد، سۆسیالدیموکراسی، دژی سەرمایەداری ، ژینگەخوازی ، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ ،دیموکراسیی کۆمەڵایەتی، مافی کەمینە، فێمینیزم، دژی ناسیۆنالیزم

ماڵپەڕ 

پارتی دیموکراتی گەلان (بەکورتی: هەدەپە، HDP) پارتێکی سیاسییە لە تورکیا لە ژێر کاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمن، پارتەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە ئەنقەرە دامەزراوە، سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو هاوسەرۆکەکانی پارتەکەن، ئامانجی پارتەکە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتییە لە تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە کپکردن بێنن، پارتەکە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر، هاوکات هەدەپە و بەدەپە پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ هەیە تاڕەدەیەک هاوبەشانە کار دەکەن.

ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە کە پابەندە بە دژایەتیکردن لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و ئاوەتەخوازی کۆتاییھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ئەم پارتە لە کاتی ناساندنی کاندیدەکانی، ٥٠ لەسەدی تایبەت کردووە بۆ ژنان و ١٠ لەسەدی بۆ کۆمەڵگای ھاوڕەگەزخوازەکان.ئەم پارتە ھەروەھا ژینگەپارێزە و دژی دەستپێکردن و چالاکیی وزەی ناوەکییە لە تورکیا. ھەدەپە خوازیارە کە سیاسەتەکانی ئەم پارتە سەرترە لە سیستمی دوانەیی تورک و کورد، لەکاتێکدا لە دانۆستانەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەشداریان کرد. دەوڵەتی تورکیا ئەم پارتە تۆمەتبار دەکا بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆما جڤاکێن کوردستان.

ھەدەپە یەکەمین جار لە ھەڵبژاردنە ناوچەییەکانی ساڵی ٢٠١٤ بەشداری کرد. لەم ھەڵبژاردنەدا ھەدەپە لە ناوچەکانی ڕۆژاوای تورکیا بەشداری کرد لەکاتێکدا دەبەپە لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژھەڵات چالاکی و بەشداری کرد کە لە ئاکامدا ھەردوو پارتەکە بە تێکڕایی ٦.٢ لەسەدی گشت دەنگەکانیان بەدەستھێنا. سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ئێستای ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی ٢٠١٤ وەک کاندیدی ئەم پارتە بەشداری کرد و توانی ٩.٧٦ لەسەدی دەنگەکان بەدەست بێنێ. ٢١ پارڵەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراسی، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٤ چوونە ناو ڕیزی پارتی دیموکراتی گەلان.

ئایدیۆلۆژی

یاڤوز ئۆنەن و فاتما گۆک لە ئەندامانی سەرەکی ھەدەپە، جەخت لەمە دەکەنەوە کە بنەمای سەرەکی پارتی دیموکراتی گەلان قبووڵ نەکردنی سیستمی سەرمایەداری و چەوساندنەوەی چینی کرێکارە بۆ بەرژەوەندییەکانی سەرجەم شارۆمەندانی تورکیا و بە چاوپۆشین لە نەژاد، رەگەز (ژن یان پیاو) یان ئایین. بەو پێیە ھەدەپە پارتێکی سێکۆلارە.

ئایین

گەرچی ھەدەپە پارتێکی سێکۆلارە بەڵام سیاسەتێکی نەرمتری سەبارەت بە ئایین لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە وەشوێن کەسایەتییە ھەڵکەوتەکانی ئایینی کەوتووە بۆ ھاتنە ناو ڕێزی حیزب، لە ئامەد پشتیوانی لە گرووپەکانی کومەڵگای مەدنی ئیسلامی کردووە و کارگەی فێرکاری سەبارەت بە ئیسلام و نادادپەروەری و ژانی کوردانی بەڕێوەبردووە. ئەم پارتە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتێکە بە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی، تۆمەتبار دەکرێ بە دژایەتیکرن لەگەڵ ئیسلام، بەڵام ئەم تۆمەتە لەلایەن ھەدەپە ڕەتدەکرێتەوە.بەڕای ئاڵتان تان نوێنەری پەرلەمانی تورکیا لە شاری ئامەد و ئەندامی ئیسلامخوازی ھەدەپە، ئەم پارتە ئایدیۆلۆژیایەکی عەلەمانی و لائیتسەیە، واتە جێگرکردنی ماف و ئازادییەکانی ھەموو نەتەوە و ئیتنیک و ئایینەکان. لە نێوان لایەنگرانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و پارتی داوای ئازاد (ھوداپار) کە پارتێکی کوردیی ئیسلامییە چەندین پێکدادان ڕووی داوە.

کۆنگەرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وەک ڕێکخراوێک بۆ پشتیوانی لە گرووپە سیاسی و مەدەنییەکان دەستی بەکار کردووە. ئەم ڕێکخراوە لە ھەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٥ تێکۆشانی کردووە و حەولی داوە تاکوو عەشیرەتە کوردییەکان و دەنگە بایکۆتەکانیان بۆ لای ھەدەپە ڕابکێشێ. لە ئاکامدا زۆر یەک لەم عەشیرەتانە کە پێشتر دەنگیان دەدا بە ئاکپارتی ڕوویان لە ھەدەپە کرد. بەو پێیە:

لە باتمان: عەشیرەتی ڕامان لە باتمان کە توانی نزیکەی ٢٠ ھەزار دەنگ خڕ بکاتەوە پشتیوانی لە ھەدەپە کرد.ھەروەھا ٣٠٠ کەس لە تایفەی ئالپاھان کە پێشتر سەر بە ئاکپارتی بوون پەیوەست بە پارتی دیموکراتی گەلان بوون. ھەر بەم شێوەیە تایفەی باراوی کە نزیکەی ٢ ھەزار دەنگدەری ھەبوو وە عەشیرەتی ئالیقا کە بەدوای خۆپیشاندانێک لە دژی سیاسەتەکانی ئاکپارتی لەبابەت بە مەسەلەی کوردەکان چوونە ڕیزی ھەدەپە.

لە وان: لە باشکالەی پارێزگای وان، سەرجەم بەڕێوبەرە ناوچەییەکان لە پارتی داد و گەشەپێدان دەستیان لەکار کێشایەوە و پەیوەست بە ھەدەپە بوون.

لە ئورفا: لە سووروچ سەر بە پارێزگای ئۆرفا، عەشیرەتەکانی ئەردۆغان، کیلیچاسان، کالکان، شاھین و بویدان ڕێپێوانێکی گەورەیان بۆ پشتیوانی لە ھەدەپە بەڕێوەبرد.

 

لە ئادیامان: لە کاھتا سەر بە پارێزگای ئادیامان، ١٢ ھەزار کەس لە عەشیرەتی تورانلی کە یەکێک لەوان کچی سەرۆک ھۆزێک بوو کە باوکی دەستە ڕاستی ئاتاتۆرک لە شەڕەکانی ئازادی بوو، یەکجێ پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی گەلان.

عەلەوییەکان

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگەرەسی ئەمریکا، لە نێوان ١٠ تا ٢٠ میلیۆن عەلەوی لە تورکیا بوونی ھەیە کە زۆربەیان لە شارەکانی ئەستەمبوڵ، ئادانا، بورسا، تونجەلی و بالیک عەسیر دەژین. کۆمەڵگای عەلەوی لەم وڵاتە وەک یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی پشتیوانانی پارتی کۆماری گەل دەناسرێن. ھەدەپە لە ھەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٥ حەولی بۆ بەدەستھێنانی پشتیوانی ئەم کەمایەتییە ئایینییە دا. لەو چوارچێوەیەدا ھەدەپە ھاوبەندییەکی لەگەڵ عەلەوییەکان پێکھێنا و چەند کاندیدی لە ناو عەلەوییەکان بۆ ھەڵبژاردن دەستنیشان کرد. ھەروەھا کۆنفڕانسێکی لەسەر ناوی “عەلەوییەکان: مێژوو، گیروگرفتەکان و بیرۆکەکان” پێکھێنا کە لەم کۆنفڕانسەدا سەلاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ھەدەپە لێدوانی دا. پاشان ھەندێک لە ڕێبەرانی عەلەوی پشتیوانی خۆیان لە ھەدەپە ڕاگەیاند.

مافی ژنان

یەکێک لە خواستەکانی پارتی دیموکراتی گەلان کارکردنە بۆ جیبەجێکردنی مافی کەمایەتییەکان بە تایبەت مافی ژنان. لە ھەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥، ئەم پارتە ٢٦٨ کاندیدی ژنی دەستنیشان کرد، واتە ٥٠ لەسەدی کاندیدەکانی کە بە ئەندازەی کۆی سێ حیزبی سەرەکی ئەم وڵاتە (ئاکپارتی، جەھەپە و مەھەپە) بوو.

پرۆسەی ئاشتی

لە ٢١ی ئاداری ساڵی ٢٠١٣ دوای بانگەوازێک و پەیامێک لەلایەن عەبدولڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد.ئەم پرۆسەیە کە لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی ئەم وڵاتە و پارتی دەسەڵاتدار واتە پارتی داد و گەشەپێدان، بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی ٣٠ ساڵەی پەکەکە و ئەڕتەشی ئەم وڵاتە ئەنجام دراوە.

مانگرتن لە گرتووخانەکانی تورکیا ٢٠١٢

سالی ٢٠١٢ لە گرتوخانەکانی تورکیا مانگرتنێک لە لایەن زیندانیانی کورد دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بە چالاکی مانگرتن تا مردن. چالاکی ٦٨ رۆژەی گیراوان بە بانگەوازی ئۆجالان کۆتایی ھات، پرۆسەی دیدارەکان لەو کاتەوە لەگەڵ ئۆجەلان دەستی پێکرد و دیداری یەکەم لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ بوو. شاندی ھەدەپە بۆ جاری یەکەم چوونە گرتووخانەی ئیمرالی.

خۆپیشاندانەکانی گەمارۆدانی کۆبانی ٢٠١٤

دوای ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، کاربەدەستانی ئاکەپە لە دژی نوێنەرانی بزوتنەوەی ئازادی و نوێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان دەستیان بە ھەڕەشە و گوڕەشە کرد. دوایین جار لە ٢١ مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ شاندی ھەدەپە چوونە ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجالان کەوت. لەوێش ئۆجالان لەسەر سیاسەتی حکومەت زانیاری دابوو و سوربونی خۆشی لەسەر بەرێوەبردنی پرۆسەکە نیشاندا و لە سەر ھەڵوێستی حکومەتیش وتبووی:

«ھەر کەسێک دەخوازێت دۆخی ڕۆژئاوا و کۆبانێ ڕاست تێبگات، دەبێت ئەو ڕاستییەش باش بزانێت. بانگەوازی لە ھەموو کەسێک دەکەم لە تورکیا کە ناخوازن پرۆسەکە و فەرمییەتی دیموکراسی تێکبچێت، پێویستە بە بەرپرسیاری و جدییەوە خاوەنداری لەکۆبانێ بکەن.»

«کۆبانێ و پرۆسەی چارەسەری پەیوەستن بەیەکەوە و لەیەکتر جیاناکرێنەوە»

ڕێبەرانی مێژووی حیزب

ھەدەپە سیستمی ھاوسەرۆکایەتی بەکار دەھێنێ. بەوپێیە پارتەکە سەرۆکێکی پیاو و سەرۆکێکی ژنی ھەیە کە لە کاتی بەستنی کۆنگەرە ھەڵدەبژێردرێن. لە کاتی دامەزراندی ئەم پارتە تا ئێستا شەش ڕێبەری ھەبووە، سێ پیاو و سێ ژن.

ھەڵبژاردنی سەرکۆماری ساڵی ٢٠١٤

ھەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیا کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی تورکیای نوێ لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدرا، سێ کەس خۆیان کاندید کرد. یەکێک لەم سێ کەسە سەلاحەددین دەمیرتاش کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان بوو.لەم ھەڵبژارنەدا دەمیرتاش توانی دەنگەکانی ھەدەپە لە ئەستەمبوڵ و ئیزمیر دوو بەرابەر، لە ئەنقەرە سێ بەرابەر زیاد بکە و لە گشت تورکیا ٩.٧ لەسەدی دەنگەکان مسۆگەر بکات

 

 

 

٣. پارتی سۆسیالیستی کوردستان

پارتی سۆسیالیستی کوردستان Partiya Sosyalîst a Kurdistan (PSK)

سەرۆک:مەسعوود تەک

دامەزرێنەر : کەماڵ بورکای

دامەزراندن: ١٩٧٤

ئەندامێتی:  ٢٤٠

شوێنی سیاسی : چەپ

ماڵپەر

پارتی سۆسیالیستی کوردستان یان پەسەکە (بە تورکی: Kürdistan Sosyalist Partisi) پارتێکی سیاسیی کوردە کە لە ساڵی ١٩٧٤ لە باکووری کوردستاندا دامەزراوەتەوە.

پارتی سۆسیالیستی کوردستان وەرزێرەکانی چینی بندەست و ناوێن، چینی کرێکار، مەغازەداران و پێشەوەران، ڕۆشنبیران و کرێکارانای دیکە بەردەنگی خۆی دەزانێت.ھەروەھا سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی کورد لە سیستەمێکی فیدراسیۆنی بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشە پشتگیری دەکات. پارتی سۆسیالیستی کوردستان بە دەستی کەماڵ بورکای دامەزراو. کەماڵ بورکای بە شێوەی خۆبەخش لە کۆنگرەی ھەفتەم لە ساڵی ٢٠٠٣ حیزبەکەی بەجێ ھیشت.

ئامانجی سەرەکیی حیزبەکە گەیشتن بە دیموکراسییەکی نەتەوەیی، بۆ دڵنیابوون لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و سۆسیالیستی کوردییە.

ئێستاکە مەسعوود تەک سکرێتێری گشتیی حیزبەکەیە.

پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) وەکوو ڕێکخراوەیەکی نایاسایی دامەزراو و ھەر لە سەرەتای دامەزراندنەوە بە ماوەی ٤٢ ساڵ بە شێوەیەکی نایاسایی چالاکی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٦دا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئیزنیان بە بەڕێوەبەرانی پەسەکە دا کە بە شێوەیەکی ئاسایی چالاکی بکەن. بەڵام پارێزەری گشتیی دادگای باڵای کۆمارێتی بەڕێوەبەرانی حیزبی ھۆشیار کردەوە کە دەبێت وشەی کوردستان لە پاشگری ناوی حیزبەکە بسڕنەوە. سەرەڕای ئەم ھۆشیارکردنەوە بەڕێوەبەرانی حیزبەکە وشەی کوردستانیان نەسڕیوە. لە شوباتی ٢٠١٩دا پارێزەری گشتیی دادگای باڵای کۆمارێتی بەھۆی بەکارھێنانی وشەی کوردستان لە ناوی حیزبەکەیان لە دادگای دەستووری تورکیا خوازیاری داخستنی حیزبەکە بوون.

ژمارەی ئەندامەکان

بەپێی ئاماری فەرمی لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەندامەکانی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان ٢٤٠ کەس بووە.

 

٤.پارتی شۆڕشی کوردستان

Partiya Şoreşa Kurdistan (PŞK)

بەشدار لە: ناکۆکیی تورکیا و کورد

ساڵانی چالاکیی: ١٩٦٠-ئێستا

ئایدۆلۆژیا: ناسیۆنالیزمی کوردی ، مارکسیزم-لێنیزم

شوێنگەسەرەکییەکان:باکووری کوردستان

ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان: باکوور و باشووری کوردستان

دوژمنان :تورکیا

شەڕەکان:ناکۆکیی تورکیا و کورد

پارتی شۆڕشی کوردستان (بە کوردیی باکووری: Partiya Şoreşa Kurdistan (PŞK)، بە تورکی: Kürdistan Devrim Partisi) پارتێکی نایاسایی چالاک لە تورکیا و باکووری کوردستانە. مەبەستی ئەم پارتە سەربەخۆیی بۆ خەڵکی کورد، بەپێی بنەماکانی مارکسیزم-لێنیزمە.

 

 

٤.پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە

Partiya Karkerên Kurdistan (PKK)

ناوی ئینگلیزی:Kurdistan Workers’ Party

سەرکردە    موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، بەسێ ھۆزات و ھەروەھا عەبدولڵا ئۆجەلان کە ھەتا ئێستاش لە ژوورەکەی خۆی لە زیندانەوە ڕێنمایی پارتەکە دەکات.

وتەبێژ:ئەحمەد دێنیز

دامەزرێنەر عەبدولڵا ئۆجەلان و چوار کەسی دیکە

دروشم : ئازادی بۆ ئۆجەلان، ئاشتی بۆ کوردستان

دامەزراندن:  ٢٧ی سەرماوەرزی ١٩٧٨

شوێنگەی سەرەکی:  چیای قەندیل، ھەرێمی کوردستان

باڵی سەربازی:ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە)، یەکەکانی ژنانی ئازاد (یژا)

ئایدۆلۆژیا:کوردایەتی، سۆشیالیزمی دیموکراتی، کۆنفیدراڵیزم، کۆمۆنیزم، مارکسیزم-لینینیزم(پێشتر)، ماویزم(پێشتر)، دژە سەرمایەداری

شوێنی سیاسی:  ئەوپەڕی چەپ

ئایین  سێکۆلاریزم

ئینتیمای نێودەوڵەتی:کۆما جڤاکێن کوردستان

ماڵپەر

پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەکورتە پەکەکە دەخوێنرێتەوە، پارتێکی کوردیی باکوری کوردستانە لە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٦٧٨ی کوردی (١٩٧٨) وەک پارتێکی مارکسی-لینینی دامەزرا. بە بەشداربوونی ٢٣ ئەندام کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە پێکھێنرا. ناوی پەکەکە لە لایەن فەرھاد کورتاییەوە پێشنیار کرا. لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری، لەبەر ئەو ھەموو ئێش و ئازار و چەوساندنەوەیەی دەوڵەتی تورکیا دەرحەق بە گەلی کوردستانی لە باکووری کوردستان ئەنجامداوە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا. ئایدیۆلۆژیایی پەکەکە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم – لینینیزم و نەتەوەخوازیی کوردی دامەزرێنرا. ئامانجی پەکەکە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی سۆشیالیستی بوو لە کوردستان، ئەو ناوچەیەی کەوتۆتە باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا، باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق، باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، کە تێیدا کوردەکان ڕێژەی سەرەکی دانیشتوان پێک دەھێنن. ئەم ئامانجە ئێستا نوێ کراوەتەوە بەوەی داوای مافی کلتوری و سیاسی بۆ کوردەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا دەکەن. پەکەکە پشتیوانییەکی بەربڵاوی ھەیە لە نێوان کوردەکانی تورکیا و لایەنگرییەکی سنووردار لەلایەن کوردەکانی پارچەکانی تر. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەن چەند دەوڵەت و ڕێکخراوێکەوە بە تیرۆریست ناسێنرا، لەوانە ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا بەڵام دوایی ھاتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا یەکێتیی ئەوڕووپا ناوی پەکەکەی گۆڕی لە لایەنێکی تیرۆریست بۆ چالاکوانان بەڵام ئەمریکا و ناتۆ ھەڵوێستی خۆیان نەگۆڕیوە. لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە یەکێک لە ١٢ ڕێکخراویە تیرۆریستییە چالاکەکان ناسێنرا بەپێی بەشی دژە تیرۆر و چالاکییەکانی سەر بە فەرمانگەی گشتی ئاسایش (پۆلیسی تورکیا). سەرچاوە تورکییەکان پەکەکە بە ڕێکخراوێکی جوداییخوازی قەومی ناودەبەن کە تیرۆریزم دژی خەڵکی شارستانی و ئامانجە سەربازییەکان بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکان. ھێزە چەکدارەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠٠٠ دێی کوردستانیان خاپوور کرد و بەمەش نزیکەی ٣–٤ میلیۆن کورد ئاوارەبوون. لە ١٩٨٤ەوە کە پەکەکە خەباتی چەکداری دەست پێکردووە، زیاد لە ٣٧٠٠٠ کەس کوژراون.

دامەزرێنەران

دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی پارتەکە ٢٢ کەس بوون کە بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەکینە جانسز، کەسیرە یڵدرم، عەلی حەیدەر قەیتان، ھاکی کارەر، جەمیل بایک، دووران کاڵکان، مەزڵوم دۆغان، محەممەد خەیری دورموش، فارووق ئۆزدەمیر، فەرزەندە تاغاچ، عەبدوڵڵا کومرال، شاھین دۆنمەز، عەلی چەتینەر، حوسەین تۆکگوولەر، عەلی گوربوز، ڕەسوول ئالتیۆک، سەیفەددین زوغورلو، سوبحی کاراکۆش، محەممەد جاھید شەنەر، محەممەد دوران، عەبباس گۆکتاش.

درووست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵی ۱۹۷٨ لە گوندێکی باکووری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و بوونی خۆی بە شێوەی ئاشکرا و فەرمی ڕاگەیاند. پەکەکە لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی ٢٣ کەس بەست و سەرھەڵدانی خۆی ڕاگەیاند. دانانی ناوی پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرەی یەکەمی پەکەکە بە ناوی فەرھاد کورتای پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا. پێش دامەزراندنی پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانی ئەو حزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە کارو چالاکییان بەڕێوە دەبرد. یەکەم دەستەی ئەو کەسانەی پێیان دەوترا ئاپۆچی لە ساڵی ١٩٧٤ دا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وەک گروپێکی فیکری و ئایدۆلۆژی بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیان بەکار کرد. لە ساڵی ١٩٧٧دا ئەو گروپە سەرەتاییەی پەکەکە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەکارو چالاکییەکانی بگەڕێتەوە بۆ باکووری کوردستان. ساڵێک لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکوروی کوردستان بە بەشداریی ٢٣ کەس یەکەم کۆنگرەیان بەست، لەو کۆنگرەیەدا حەوت کەس بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ھەڵبژێردران. دەرکەوتنی ئاپۆچییەکان و پەکەکە لە باکووری کوردستان لەلایەن بەشێک لەو عەشیرەتە چەکدارانەوە، کە حکومەتی تورکیا پشتیوانیی لێدەکردن دژایەتی دەکرا. ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی یەکەم پێکدادانە سەربازییەکانی پەکەکە لەناوچەی حیلوان – سیڤەرەک لە پارێزگای ڕحا (ئورفا) لە نێوان ئاپۆچییەکان و چەکدارە عەشیرەییەکاندا ڕووبدات. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تاوەکو کودەتای سەربازیی ١٢ ئەیلولی ١٩٨٠ بەسەرۆکایەتیی کەنعان ئەڤرەن، لەلایەن جەنەڕاڵەکانی سوپای تورکیاوە بەڕێوەچوو. لە دوای ئەو کودەتایە ئەندامانی پەکەکە وەک زۆربەی گروپ و دەستەکانی دیکە لە باکوری کوردستان و تورکیا کەوتنەبەر شاڵای ڕاونان و گرتن و کوشتن. ھەڵمەتی ڕاوەدونان و کوشتنی ئەندامانی پەکەکە بووە ھۆی ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١دا بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە بەرەو لوبنان بڕۆن. لوبنان لەو کاتەدا ناوەندێک بوو بۆ کۆبوونەوەی گروپە شۆڕشگێڕەکانی سەرتاسەری جیھان. ئەندامانی پەکەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە لوبنان پەیوەندییان بە گروپە شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمەوە کرد و لەلایەن کەسانی وەک نایف حەواتمە، جۆرج حەبەش و بەگشتی بزووتنەوەی ڕزگاریی فەلەستینەوەوە ھاوکاری کران.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٢ دا دووەمین کۆنگرەی خۆی لە لوبنان بەڕێوەبرد و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەی گروپە ڕاھێنراوەکانی پەکەکە بۆ باکوری کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی درا. ئەو گروپە ڕاھێنراوانەی پەکەکە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکوری کوردستان پردی پەیوەندییان لە نێوان باکور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانی خۆیان دەنارد بۆ ڕاھێنان بۆ لوبنان. بەھۆی گەورەبوونەوەی ئەو کار و چالاکییەکانی پەکەکە سوپای تورکیا ھەڵمەتێکی لە دژی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە دەستپێکرد. لەو ھەڵمەتانەی سوپای تورکیادا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادێرە پێشکەوتووەکانی پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران. ئەو سەرکردە و کادیرە دیارانەی پەکەکە لەلایەن سوپای تورکیا و دەستگیرکران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، حەقی قەرار، محەممەد خەیری دورمش، کەمال پیر و عەلی چیچەک. مەزڵوم دۆغان لە دوای دەستگیرکردنی لە زینداندا بە بۆنەی نەورۆزەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و نەریتی یادکردنەوەی نەورۆزی لە دۆخە سەخت و ئەستەمەکاندا چەسپاند. ھەر یەک لەو ئەندامانی دیکەی پەکەکە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەھۆی مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا. باردۆخی خۆڕاگریی ئەندامان و کادیرانی پەکەکە کاردانەوەی بەرچاوی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا دروستکرد. ئەوەش بووە ھۆی ئەوە لە دەرەوەی زیندانیش کاروچالاکییەکانی پەکەکە ڕوو لە زیادبوون بکات و سەرباری ئەوەی زۆربەی کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە دەستیگرکرابوون، ژمارەی ئەندامانی ئەو حزبە ڕووی لە زیادبوون کرد. لە دوای ئەو پێشھاتانە پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ ھێزی ڕزگاریی کوردستان (ھەرەکە) ی دامەزراند و لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا شەڕی چەکداری بەشێوەی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژی سوپا و حکومەتی تورکیا لە ناوچەکانی ئەڕوح شەمزینان دەستپێکرد. لە ساڵی ١٩٨٦ و لە ڕۆژی ٢٨ی ئازاری ئەو ساڵەدا و لە دوای چەند پێکدادانی قورس دامەزرێنەی ھێزی ڕزگاریی کوردستان، عەگید لە چیای گابار گیانی لە دەستدا. عەگید خەڵکی فارقینی ئامەد بوو و لە دایکبووی ١٩٥٦ بوو.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا ھێزی ڕزگاریی کوردستان بکات بە ئارتەشی ڕزگاریی گەلی کوردستان (ئەرگەکە). ھەروەھا ئەکادیمیای سەربازیی مەعسوم کورکوماز (عەگید) ی دامەزراند. لە ساڵانی ١٩٩٠ی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتیی پەکەکە زۆربەی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی باکوری کوردستانی گرتووە و ئەوەش بووە ھۆی ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا ھێزی خۆی لە ناو خەڵکدا نیشان بدات.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٠ جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکی لە ناوچەکانی شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامی سەردانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکرد. لە دوای ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژی ١٩ی ئازاری ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بوقاعی لوبنان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بەپێی گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکی کورد بە شێوەی ئاشتییانە بەھێزترین پێشنیاز، پێشنیازی دامەزراندنی تورکیای فیدراتیڤ بوو. تورگوت ئۆزال ھەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا لە چەند لێدوانێکدا باسی فیدراسیۆنی نێوان کورد و تورکی کردبوو. لە دوای ئەوەی بەشێوەی گوماناوی تورگوت ئۆزال لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ کوژرا. ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیاش کۆتایی پێھات. لە دوای ئەوەی جەنگ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەستیان پێکردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٥ دا ئاگربەست و لە ڕۆژی ئاشتیی جیھانی لە ساڵی ١٩٩٦ ئاگربەستێکی دیکەی ڕاگەیاند، بەڵام بەھۆی ھەوڵی «تیرۆرکردنی» عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە، ئاگربەستەکەی ١٩٩٦ کۆتایی پێھات. بەھۆی گوشارەکانی تورکیاوە حکومەتی سووریا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد خاکی ئەو وڵاتە بەجێبھێڵێت و لە نۆی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا ئۆجەلان سووریای بەجێھێشت.

ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووی لە ڕووسیا کرد و سەرباری ئەوەی دۆمای ئەو وڵاتە بە کۆی دەنگ مافی پەنابەریی سیاسیی بە ئۆجەلان بەخشی، بەڵام حکومەتی ڕووسیا مانەوەی ئۆجەلانی لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد. ڕووسیا لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگری لە مانەوەی ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە قەرزێکی ١٠ میلیارد دۆلاریی پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانی خۆی بۆ چەکدارەکانی چیچان بڕی، کە ئەو کات چەکدارەکانی چیچان بەسەرۆکایەتیی جەوھەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە کردبووە. لە دوای ئەوە ئۆجەلان سەردانی ھەر یەک لە وڵاتانی یۆنان و ئیتالیای کرد. ھەروەھا ھەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ڕیگری لێکرا. ھەوڵێکی دیکەی ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ ھۆڵەندا تاوەکو لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆز لە بارەی کێشەی کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتیی کۆتایی پێبھێنرێت. بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە ئەڵمانیەکانی ئۆجەلان، کە ھاوکات ئەندامی دەستەی تیمێکی پارێزەری نێودەوڵەتی بوو لە کتێی «گەشتە بێ ئاکامەکانی سەرکردەیەکدا» نووسیویەتی، کاتێک ئۆجەلان ھەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ھۆڵەندا حکومەتی ئەمێستردام ئامادە باشی ڕاگەیاند و ڕێگای لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانی ئەو وڵاتەدا. لەسەر داوای یۆنان و بۆ ھێوربونەوەی دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەجێبھێڵێت بەرەو وڵاتی کینیا لە ئەفریقا بەڕێبکەوێت . لەو کاتەدا پلانی ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقای باشوور بۆلای ماندێلا بەھۆی ڕەزامەندی نیشان نەدانی حکومەتی ئەفریقای باشوورەوە شکستی ھێنا.

کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا بوو، بڕیاری ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەورووپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بینای باڵیۆزخانەی یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەی نایرۆبی بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی تایبەتەوە ھێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەی ئۆجەلان و دەستگیریان کردووە و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا. بەپێی بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکی ئەو کاتی کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنی پێنج میلیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەی ئۆجەلان بدرێت. ھەروەھا بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژی کۆشکی سپی بەناوی سێندی برگرەوە سەرپەرشتیی ئۆپراسیۆنی چاودێرکردن و دەستگیرکردنی ئۆجەلانی بەڕێوە بردووە. ئەو زانیارییە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی شەشەمین کۆنگرەی خۆی بوو. لە دوای ڕفاندنی ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەشێوەی نائاسایی بەڕێوە برد. پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەی بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە. پەکەکە سێ جار لۆگۆی خۆی گۆڕیوە. پەکەکە لە دوای عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانی وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیی کراوە. سووپای تورکیا لە ماوەی جەنگ لە دژی پەکەکەدا زیاتر لە چوار ھەزار گوندی باکووری کوردستانی تێکدا. بەھۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ ھەزار ئەندام و لایەنگری پەکەکە و ھاووڵاتیی کورد شەھید کراون و زیاتر لە. ٢٠ ھەزار ھێزی سەربازی و ئەندامانی میتی تورکییە کوژراون.

لە ماوەی جەنگی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ١٧ ھەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنیش، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان فڕیندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەگەری زۆر ئەوەیە ئەو کەسانە لەلایەن ھێزەکانی سوپای تورکیاوە لە دەستەی چەند کەسیدا و بە کۆمەڵ کوژرابن و لە گۆڕی کۆمەڵادا شاردرابنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (ئیھاد) لە تورکیا، زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا ھەیە و جگە لەچەند دانەیەکیان نەبێت تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا ڕێگای نەداوە گۆڕەکان ھەڵبدرێنەوە و دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە. پەکەکە ئێستا لە ژێر چەتری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کار دەکات. شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی ھاوسەرۆکایەتییە. ستراتیژیی ئێستای پەکەکە کۆنفدڕاڵیزمی دیموکراتیکە. بەپێی ئەو ستراتیژییە ھەموو گروپ، پێکھاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەکانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەکیی ئێستای سەرکردایەتی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ ھەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت. ئەو ناوچانە ناوچەی شاخاوی و سەختن لە سنوورە ھاوبەشەکانی نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندان.

ھەرچەند ھێزی سەربازی پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ ھەزار گەریلای لە شاخدا ھەبێت، کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) دا ڕێکخراون. ھەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنی ھێزی تایبەت بە خۆیان و ھێزەکانیان بەناوی (یەژە ئا ستار) ە. ھەروەھا ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان ھەیە بەناوەی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانی پەکەکە بە تەواوەتی ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیی سەرەکیی داراییەکانی پەکەکە ھاووڵاتییانی کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانی کوردستان و ئەورووپا.

تۆڕێکی گەورەی میدیایی وەک ستێرک تیڤی، ئاژانسی ھەواڵی فورات، نوچە تیڤی، ئاژانسی ھەواڵی دیجلە، کەناڵی ئای ئێم سی، ڕۆژنامەی ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانی پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانی ئەوانە ئاژانسی ھەواڵی ھاوار، ڕووناھی تیڤی، نەورۆز تیڤی و چرا تیڤی گرنگی بە بڵاوکردنەوەی کارو چالاکییەکانی پەکەک دەدەن.

ئەو حزبانەش کە بە دۆست و ھاوپەیمان و ھاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پەژاک، کۆدار و ھەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەی گەل، دەتەکە و کەژەئا. ھەروەھا ھێزە سەربازییەکانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو ھێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە ھاوستراتیژ و ھاوتاکتیکی پەکەکەن.

سەرچاوە دارایییەکان

بودجەی ساڵانەی پەکەکە بە ١٥٦ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. سەرچاوەی داھاتەکە بە کورتی خۆی لە کۆمەکە داراییەکانی دەوڵەمەندە کوردەکانی باکووری کوردستان دەبینێتەوە ھەروەھا یارمەتی کوردی پارچەکانی تر، ھەروەھا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و بازرگانی ڕێپێدراوەوە کە پەکەکە. ھەروەھا، پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ناوخۆی تورکیاو لە وڵاتانی ئەورووپا چەندین سەرچاوەی داھاتییان ھەیە وەک کۆمپانیای بچووک و گەورە کە لەلایەن ئەندامان ولایەنگرانی ئەو پارتەوە بەڕێوە دەچێ وداھاتەکانیان بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

 

٥.پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (تورکیا)

پارتی کۆمۆنیستی کوردستان Partiya Komunistê Kurdistan (KKP)

سەرۆک:محەممەد باران

دامەزراندن: ١٩٨٢

ئایدۆلۆژیا: کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزمی کوردی

شوێنی سیاسی: چەپی ڕادیکال

ماڵپەر

پارتی کۆمۆنیستی کوردستان یان کەکەپە (بە کوردیی باکووری: Partiya Komunistê Kurdistan، بە تورکی: Kürdistan Komünist Partisi) پارتێکی سیاسیی کۆمۆنیستی کوردەکانی باکووری کوردستانە. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان ئێستاکە بە دەستی محەممەد باران ڕێبەری دەکرێت.

مێژوو

ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٨٢دا وەکوو لقی کوردستانی حیزبی کاری کۆمۆنیستییی تورکیا دامەزراوە. لە ساڵەکانی ناوێنی ١٩٨٠ ھەتا ١٩٨٢ لقی کوردستانی ئەم حیزبە لەژێر ناوی ڕێکخراوەی کوردستانی سەربەخۆ (بە تورکی: Kürdistan Özerk Örgütü; KÖÖ) چالاک بوو. لە ساڵی ١٩٩٠دا پارتی کۆمۆنیتی کوردستان بوو بە حیزبێکی سەربەخۆ.

بەپێی بەرنامەی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، ئامانجی ئەم پارتە دامەزراندنی کۆماری سۆسیالیستیی گەلی کوردستانە. ئەندامەکانی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان وەکوو سینان چیفتیوورەک لە ساڵی ٢٠١١ لە دامەزراندنی پارتی ئازادی و سۆسیالیزم بەشدار بوونەتەوە.

ڕۆژنامەی سەرەکیی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان دەنگێ کوردستانە. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان ھەروەھا خاوەنی کۆمیتەیەک لە وڵاتی ئەڵمانیایە.

 

٦.پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان

سەرکردە:ئامینە ئاینا ، کامێران یوکسەک

دامەزران:٣ی ئایاری ٢٠٠٨

ئایدۆلۆجیا:سۆسیالدیموکراسی ، کوردایەتی

پەیوەندی نێودەوڵەتی:ئەندام لە سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال

رەنگی فەرمی:زەرد

ماڵپەڕ 

پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان یان دەبەپە (بە کورمانجی: Partiya Herêman a Demokratîk، بە تورکی: Demokratik Bölgeler Partisi) کە لە پێشوودا بە ناوی پارتی ئاشتی و دیموکراسی یان بەدەپەیش دەناسرا٬ پارتێکی سیاسی لە باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا کە ھاوکات لەگەڵ داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی دامەزرا. دەبەپە لەسەر ئەگەری داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی لە ٣ی ئایاری ٢٠٠٨ دامەزرا. لە یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی دەبەپە (کە ئەوکاتە ناوی بەدەپە بوو)، کە لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ لە ئامەد بەڕیوە چوو، شارەداری پێشووی گمگم، دەمیر چەلیک وەکوو سەرۆکی گشتی دەبەپە ھاتە ھەڵبژاردن.

ھێمای پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان

ھێمای ئەم پارتە بریتییە لە دارێکی بەڕوو لە سەر زەمینەیەکی زەرد. بەڕوو لە فەرھەنگی کوردەواریدا نیشانەی خۆراگری و سووربوون و سەربەرزییە.

بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا

لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١ کوردەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دیموکراسی (بەدەپە) کە لە ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ پێکھاتبوون، توانیان بە ڕێژەی ٦%ی دەنگەکانی ھەڵبژاردن، ٣٦ کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن.

ڕێبەرەکان

پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوڵتان کشاناک بەشێوازی ھاوبەش سەرۆکی ئەم پارتی بوون. لە سێیەمین کۆنگرەی دەبەپە لە ڕێکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠١٤ ھاوکات بە گۆڕاندنی ناوی پارتیەکە بە «پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان» یان «دەبەپە»٬ ھاوسەرۆکانی پارتیەکەش گۆڕاندران و ئەمینە ئاینا و کامێران یوکسەک بوون بە ھاوسەرۆکانی تازە.

 

٧.کۆنگرەی گەلی کوردستان

کۆنگرەی گەلی کوردستان یان بەکورتی کۆنگرا-گەل (بە کوردیی باکووری: Kongreya Gelê Kurdistanê, Kongra-Gel) لە سەرماوەزی ٢٠٠٣ لە چیای قەندیل دامەزرا و کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەڕێوەبرد. کۆنگرا-گەل بەدوای ھەڵوەشاندنەوەی کادەک دامەزرا. کۆنگرا-گەل ڕێکخستنێک لە ڕێبەرانی پارتی کرێکارانی کوردستانە و وەکوو پەرلەمانی کەجەکە چالاکی دەکات. زوبەیر ئایدار وەکوو سەرۆکی کۆنگرەی گەلی کوردستان ھەڵبژێردراوە.

لە پێنجەمین لێژنەی گشتیی کۆنگرەی گەلی کوردستان کە لە ١٦ و ٢٢ی گوڵان لە قەندیل بەسترا، ناوی کۆما کۆمەڵێن کوردستانێ (کەکەکە) گۆڕا و بوو بە کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە).

بەرنامەی کۆنگرەی گەلی کوردستان

بەرنامەی کۆنگرەی گەلی کوردستان (کۆنگرا-گەل) لە لێژنەی گشتیی یەکەمی بۆ دامەزراندنی ئەم کۆنگرە لە ساڵی ٢٠٠٣دا پەسەند کرا.

 

٨.کۆنگرەی نەتەوەییی کوردستان

کەنەکە یان کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان لە٢٤ى گوڵانى ساڵى ١٩٩٩ لە ووتوێژێكى گشتى بە ئامادەبوونى ٧٠٠ نێونەر و ميوانى كورد و بياني لە شارىئەمستەردامى پایتەختى ھۆلەندا وەکو دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسییه‌ که‌ له‌ سه‌ر ده‌سپێشخه‌ریی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەيێندرا. ئەم دامەزراوەيە لە شێوەى په‌رله‌مان دايە بۆ پەكەكە ،خاوه‌نی دوو سه‌رۆکه‌ واتا به‌ شێوه‌ی هاوسه‌رۆکی ئیداره‌ ده‌کرێت؛ یه‌کیان ژن و یه‌کیان پیاو. کەنەکە باوەڕى وايە هەموو خەڵكى كوردستان بەسەرجەم ئايين و جڤاكى وى وەكو هەموو گەلانى تر جيهان مافى خۆيەتى مافى چارەىخۆنووسينى خۆى ديارى بكات، هەروەها باوەڕى وايە بەڕێگا دیموکراسی ھەروەک لە بەرنامەى ئەو دامەزراوە دیاریکراوە،پاراستنى ستراتیژى بە رێ ئاشتى و هاوكارى و رێكخستنى كورد بە ڕێگاى دیموکراسی بخنە نێو بەرنامەكانى خۆيان لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا.

ماڵپەڕ

 

تێبینی:

ئەم بابەتە وەرگیراوە لە : بەشێک لە کتێبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناسیۆنالیزمی کورد لە نووسینی جەماڵ پوورکەریم