جەژنی قەولتاس ((قولطاس)) لە ڕۆژووانانی کوردستان پیرۆز و موارەک بێ.

هو اول و آخـر یار

كردش آسانن
نكردش مشكل ، كردش آسانن
يار كاوه شريف قبله خاصانن
و عشق ياران قول طاسانن

جەژنی قەولتاس ((قولطاس)) لە ڕۆژووانانی کوردستان پیرۆز و موارەک بێ.

فەلسەفە و ئایینی یاری کوردبوون و کوردستانی بوونە و گەیشتن بە سەربەخۆیی و بنیات نانی دەوڵەتی کوردستان خەونی لە مێژینەی کۆمەڵگای یارسانە و لەو پێناوە دا خەبات و تێکۆشان دەکا.
ئایینی کوردیی یارسان کە یەکێکە لە باوەڕە دێرین و ڕەسەنەکانی کوردەواری خاوەنی کۆمەڵێک بۆنە و ڕێوڕەسمی تایبەتییە کە یەکێک لەو بۆنە و جەژنانە، جەژنی قەولتاس ((قولطاس)) ـە .
پێرەوان و باوەڕدارانی ئەم ئایینە کوردیە لەو باوەڕەدان کە بە نیشانەی خۆشەویستی و ئەوینیان بۆ یارانی قەولتاس ((قولطاس)) سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن و دواتر جەژن بگرن.

سەرچاوەی مێژوویی جەژنی قەولتاس ((قولطاس)) :
قەولتاس ((قولطاس)) لە دوو وشەی قەول بە مانای شەرت و پەیمان و طاس بە مانای سەقف و میچ پێکهاتووە و ئاماژەیە بۆ ئەم بەسەرهاتە:
حەوت یاری قەولتاس ((قولطاس)) بە هۆی بارینی بەفری قورس و ڕێگەبەندان، سێ شەو و ڕۆژ بە بێ خواردن لە ژێر تاق و سەقفی بەفر دا گیر دەخۆن و دەمێننەوە ، پێکەوە پەیمان دەبەستن کە لە دەرگای حەق بپاڕێنەوە و ڕاز و نیاز بکەن تاکوو گەرمای دیداری پیری حەقیقەت، ڕاستی و ئەوین لە گەڵ رووحیان تێکەڵ بێ و پێش بە سەرمای ڕواڵەت و زاهیر بگرێ.
ئەم ڕووداوە سێ شەو و ڕۆژ دەخایەنێ و پاش نەمانی گرفتەکە، بەرەو زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە و لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو دەبن.
بۆیە هەموو ساڵێ لەو کاتانە دا ، پێڕەوانی فەلسەفەی یاری بەڕۆژوو دەبن و بە هۆی بەرەکەتی مانەوەی حەوت یاری قەولتاس ((قولطاس)) ناویان لێناوە ڕۆژووی قەولتاسی ((قولطاسی))

باوەڕدارانی ئەم ئایینە لە دۆخێک دا بۆنە و ڕێوڕەسمەکانیان بەڕێوە دەبەن کە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن داگیرکەری ئێرانیەوە ، داگیر کراوە و پێڕەوانی ئەم ئایینە تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و بۆنەکانیان بەردەوام لە ژێڕ هەڕەشە و گوشاری دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەکانی ڕژیم دان.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی جەژنی قەولتاسەوە ((قولطاسەوە)) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی باوەڕدارانی ئایین و فەلسەفە و کۆمەڵگای یارسانی لە گشت کوردستان دەکا و هیواخوازە بە خەبات و تێکۆشانی گشتگیر و هەمەلایەنەمان، پێکەوە بتوانین دۆخێکی ئارام و بە دوور لە زەبر و زەنگی داگیرکەر بۆ کۆمەڵگای یارسان بخوڵقێنین .

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی
٢٧ی دێی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٧ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی